یادداشت: ئێران تا دێت نیگەرانی زیاتر دەبێت لە هەڕەشەکان لە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەرمینیا

 وەلی کالێجی
نووسەر: وەلی کالێجی
شەممە 22 تشرینی یه‌كه‌م 2022 - 09:24
https://kurdish.iswnews.com/?p=18710

لە باشووریترین بەشی قەفقاز، ئێران سنوورێکی ٧٥٠ کیلۆمەتری هاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان و ناوچەی نەخچیڤان هەیە، کە نزیکەی ١٣٨ کیلۆمەتریان دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی قەرەباغ (١٩٩١-١٩٩٤) کەوتە دەست هێزەکانی ئەرمینیا، بەڵام دیسانەوە دوای جەنگی دووەمی قەرەباغ لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەم ناوچانە گەڕانەوە ژێر دەسەڵاتی ئازەربایجان. ئێستا هەرچەندە سنووری ئێران لەگەڵ ئەرمینیا تەنیا ٤٠ کیلۆمەترە، بەڵام ئەم سنوورە بە هێڵی ژیانی سێ ملیۆن ئەرمەنی لە وڵاتێکی گەمارۆ دراو دادەنرێت کە لە هەردوو لا لەلایەن ئازەربایجان و تورکیاوە دابڕاوە.

پێش شەڕی دووەمی قەرەباغ، تاران لە سنوورەکانی لەگەڵ ئەرمینیا نیگەرانی ئەوتۆی نەبوو. بەڵام دوای جەنگی دووەمی قەرەباغ و هیوای کۆماری ئازەربایجان بۆ بەدیهێنانی کۆریدۆری زەنگەزور بە هێزی زۆرەملێ، بە شێوەیەک کە سنووری ٤٠ کیلۆمەتری نێوان ئێران و ئەرمینیا بخاتە مەترسییەوە یان نەهێڵێت، بووەتە نیگەرانی سەرەکی ئێران. ئێران لە ڕاستیدا هیچ ناڕەزایەتییەکی نییە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی بڕگەی نۆیەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی قەرەباغ لە ساڵی ٢٠٢٠ کە ئاماژە بە دەستڕاگەیشتنی ئازەربایجان بە نەخچیڤان دەکات. لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پەیوەندی نێوان باکو و ناوچەی نەخچیڤان تەنیا لە ڕێگەی ئێرانەوە ئەنجام دەدرا. لە کاتێکدا تاران دژایەتی ئەم بڕگەیەی ڕێککەوتنەکە ناکات، بەڵام بە توندی دژی گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکانە لە قەفقاز و داخستنی سنووری نێوان ئێران و ئەرمینیا و ئەگەری دووبارەبوونەوەی ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

هەر بۆیە، مانۆڕە بەرفراوانەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەسەر سنووری باکووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەم کە لە سێ دەیەی رابردوودا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بێ وێنەیە، ئاست و قووڵی نیگەرانی ئێران لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی قەفقاز نیشان دەدات. لە ڕاستیدا ڕوودانی ناکۆکی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەڕەشەی دووبارەی باکو بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی زەنگەزور بە هێزی سەربازی، پشتیوانی بەردەوامی تورکیا بۆ ئازەربایجان، بێدەنگی و هەڵوێستی ناڕوونی ڕووسیا بەرامبەر بە ناوچەکە، نیگەرانییەکانی تارانی چڕتر کردووەتەوە. لە پەراوێزی حەوتەمین لوتکەی پرۆسەی ئاشتی ئاستانە لە تاران، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ڕوونی ڕایگەیاند کە “ئەگەر سیاسەتێک بۆ داخستنی سنووری نێوان ئێران و ئەرمینیا هەبێت، کۆماری ئیسلامی دژایەتی دەکات. چونكه‌ ئه‌م سنووره‌ هه‌زاران ساڵه‌ ڕێگه‌یه‌كی په‌یوه‌ندییه‌.”

شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆتاییەکانی هاوین و ئەم دواییە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٣٠٠ کەس و برینداربوونی دەیان کەس لە هەردوولا کە ئەمەش نیگەرانییەکانی ئێرانی زیاتر دەکات. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە تاران ٥٠ هەزار سەربازی لە سنووری ئەرمینیا جێگیر کردووە. محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) سەردانی هێزەکانی جێگیر لە سنووری ئەرمینیا، ئازەربایجان و نەخچیڤان کرد و ڕایگەیاند کە ئاستی ئامادەیییان بەرزە. هەروەها فەریق محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە میانەی نمایشی سەربازی لە ساڵیادی شەڕی ئێران و عێراق ڕایگەیاند: “هەر وەک چەندین جار ڕامانگەیاندووە، گۆڕانکاری لە سنوورەکانی وڵاتانی ناوچەکە قبوڵ ناکەین و ئامۆژگاری وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکەین، لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئێمە گۆڕینی سنوورەکان لە ڕێگەی شەڕەوە قبوڵ ناکەین و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابین.”

چەندین ھۆکار بۆ نیگەرانییەکانی ئێران لە داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ ئەرمینیا هەیە. ئه‌گه‌ر ئه‌م سنووره‌ نەمێنێت، هه‌موو ناوچه‌كانی باكووری رۆژئاوای ئێران له‌گه‌ڵ كۆماری ئازه‌ربایجان و نه‌خچیڤان هاوسنوور ده‌بن و ژماره‌ی دراوسێكانی ئێران له‌ ١٥ بۆ ١٤ وڵات كه‌م ده‌بێته‌وە. هەروەها ئێران یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی ترانزێتی خۆی بۆ قەفقاز لەدەست دەدات؛ چونکە ئەو ڕێڕەوی وشکانی کە لە ڕێگای ئێران و ئەرمینیا دەگاتە جۆرجیا، بەشێکی سەرەکی ڕێڕەوی کەنداوی فارس – دەریای ڕەشە. بڕیاری حکوومەتی ئێران بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە کاپان کە ناوەندی کارگێڕی پارێزگای سیڤنیکی ئەرمینیایە و لەبەرامبەردا بڕیاری حکوومەتی ئەرمینیا بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە شاری تەبرێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، بە ڕوونی خواستی تاران بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەم ڕێڕەوی ترانزێتە نیشان دەدات. لە ڕووی فرەچەشنی رێڕەوی ترانزێتەوە، ئێران هیواخوازە رێڕەوی ئێران-ئەرمینیا-جۆرجیا هاوتەریب لەگەڵ رێڕەوی باکوور-باشوور (ئێران-ئازەربایجان-روسیا) بپارێزێت.

جگە لەوەش لە ڕووی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکانی ڕووباری ئەرەس، تورکیا و ئەرمینیا بە وڵاتانی “سەرەوە” و ئێران و ئازەربایجان بە وڵاتانی “خوارەوە” دادەنرێت. بۆیە ئەگەر باکو بەشی باشووری پارێزگای سیڤنیک بەدرێژایی کۆریدۆری زەنگەزور بگرێتە دەست، ئازەربایجان دەبێتە وڵاتێکی “سەرەوە”، ئێرانیش دەبێتە تاکە وڵاتی “خوارەوە” کە کۆنترۆڵی سنوورداری بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا دەبێت.

هەروەها بە مانایەکی فراوانتر، ئێران نیگەرانییەکی قووڵتری لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و هاوسەنگی هێز لە ناوچەی قەفقاز هەیە. لەم چوارچێوەیەدا تاران گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان و هاوسەنگی هێز لە ناوچەی قەفقازدا بە هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا، ئیسرائیل، ئەمریکا و ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەس (ناتۆ) دەزانێت. لەم ڕوانگەیەوە ئێران بە پێچەوانەی ڕووسیا و ئەوانی دیکە، گرژییەکانی باشووری قەفقاز تەنیا بە “ململانێی سنووری” نێوان یەریڤان و باکۆ نازانێت. لە راستیدا کردنەوەی رێڕەوی زەنگەزور رێگەی راستەوخۆی سەربازی بۆ تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ لە ناوچەی قەفقاز دەڕەخسێنێت.

ژمارەیەکی بەرچاو لە نوخبەکان و شارەزایانی ئێران پێیان وایە جەختکردنەوەی ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لەسەر “یەکگرتوویی جوگرافیای جیهانی تورک” لە رێگەی کۆریدۆری زەنگەزور و فراوانکردنی بوونی تورکیا لە باشووری قەفقاز، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پان تورکیزم لە ناوچەکەدا. ئەمەش دەتوانێت هەستی نەتەوەیی و جوداخوازی لە ناوچەکەدا هان بدات. جگە لەوەش بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیلەوە، تاران نیگەرانە لەوەی ئەگەر باکو بەشی باشووری پارێزگای سیڤنیک بگرێتەوە، بوونی هەواڵگری، سیخوڕی و ئەمنی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ئێران بەهێزتر دەبێت.

کەواتە، هەرچەندە سنووری ئێران لەگەڵ ئەرمینیا لە نێوان ١٥ دراوسێی ئێراندا کورتترین سنوورە، بەڵام ئەم سنوورە ٤٠ کیلۆمەترە بۆ تاران گرینگییەکی ستراتیژیی هەیە. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر سنووری ئێران و ئەرمینیا نییە، بەڵام کاردانەوەکانی تاران لە دوو ساڵی ڕابردوودا و دوای شەڕی دووەمی قەرەباغ بە ڕوونی دەریدەخات کە ئێران زۆر نیگەرانە لە بەدیهێنانی ڕێڕەوی زەنگەزور بە زۆرەملێ؛ بە تایبەت کە ئەم پرسە، سنووری زۆر گرنگی نێوان ئێران و ئەرمینیا بخاتە مەترسییەوە.

لە لایەکی دیکەوە وا دیارە پێشهاتە دیپلۆماسییە نوێیەکانی دوو مانگی ڕابردوو نیگەرانییەکانی تارانی کەم نەکردۆتەوە. لە شاری پراگ، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەگەڵ سەرۆکەکانی فەرەنسا و ئەنجومەنی ئەوروپا، و هەروەها کۆبوونەوەی مێژوویی نیکۆڵ پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو. بەڵام هەم لە کۆبوونەوەی نێوان ئیبراهیم ڕەئیسی و پاشینیان لە پەراوێزی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم لە کۆبوونەوەی نێوان ڕەئیسی و عەلیێڤ لە ئاستانەی کازاخستان، دژایەتیی ئێران بۆ گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لە قەفقاز بە ڕوونی ڕاگەیەنرا.
هەروەها عەمید محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: مانۆڕی گەورەی “دەسەڵات”ی هێزەکانی زەمینی سوپای پاسداران لە سنوورەکانی باکووری ناوچەی ئەرەس بەڕێوە دەچێت. بڕیاری تاران بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌ ساڵێک دوای مانۆڕێكی سه‌ربازی به‌رفراوان له‌ نزیک سنووری ئازه‌ربایجان، به‌ ڕوونی دەریدەخات كه‌ “ئێران تا دێت نیگەرانی زیاتر دەبێت لە هەڕەشەکان لە سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەرمینیا“.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *