یادداشت: لەشکرکێشی ئەردۆغان بۆ باکووری حەلەب؛ چاوەڕێی کاردانەوەکانین!

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
شەممە 4 حوزه‌یران 2022 - 23:37
https://kurdish.iswnews.com/?p=13035

دوای هێوربونەوەی شەڕی سووریا و تێپەڕبوونی قۆناغێکی ئاگربەستی نێوان ڕووسیا، ئێران، ئەمریکا و تورکیا لە باکووری ئەم وڵاتە، ئەردۆغان بە دانانی پلان بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەکانی باکووری حەلەب، ئاگری شەڕەکەی گەرم کردەوە.
لە کۆتایی مانگی ئایار بوو کە ڕۆژنامەی یەنی شەفەق نیازی سوپای تورکیای بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لە تەواوی ناوچەکانی باکووری سووریا بە تیشک خستە سەر تەل رەفعەت، کۆبانێ، عەین عیسا و مەنبەج، ئاشکرا کرد. بەڵام هەنگاوەکانی ڕووسیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تورکیای بۆ شارۆچکەکانی مەنبەج و تەل رەفعەت گۆڕی، و ئۆپەراسیۆن لە باکوری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵوەشایەوە.
وەک هەمیشە تورکیا بەرلەوەی دەست بە هەر جووڵەیەک لە سووریا بکات، تاوتوێی هەڵوێستەکانی ڕووسیا و ئەمریکا دەکات و دواتر سەرکێشییەکەی ئەنجام دەداتەوە. ئەوەی دیارە ڕەزامەندی لە پشت پەردەی ئەمریکا و بێ هەڵوێستی ڕووسیا لە دۆخی باکووری حەلەب، سەرنجی تورکیای بۆ کاردانەوەی ئێران و حکوومەتی سووریا ڕاکێشاوە. هۆکاری ئەمەش ڕوونە! ڕووسەکان و ئەمریکییەکان ئەوەندە بە شەڕی ئۆکرانیا سەرقاڵن کە هاوکاری تورکیا لەسەر پرسی ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ، کەشتیوانی دەریای ڕەش و هەناردەکردنی گەنم و.. دەتوانێت یارمەتیدەرێکی گەورە بۆ ئەوان بێت.

نەخشەی باکوری سوریا و ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدە و سوپای تورکیا دان.

بە ئاوڕدانەوە بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی سەربازی باکووری حەلەب لەسەر نەخشە، چەند پرسێکی گرنگ ئاشکرا دەبێت کە بەم شێوەیەن:

١- ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە باکوری سووریا:
ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی باکووری حەلەب (بە وتەی ئەردۆغان) پێشگرتنە لە گەشەی گرووپە کوردییەکانی باکووری سووریا و دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر. بەڵام ئامانجە سەرەکییەکانی ئەردۆغان لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەدەستهێنانی ئیمتیاز بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ی تورکیا، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بوونی ئاوارەکانی سووریا لە تورکیا و گواستنەوەیان بۆ باکووری سووریایە.

٢- کێ ڕوبەڕوی تورکیا دەبێتەوە؟
هێزی سەربازی سوپای سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوەکانی تورکیا تەواو نییە و پێویستیان بە سوپای ڕوسیا هەیە. ڕوانگەی لایەنگری سەرەکی سووریا، واتە ڕووسیا، بە جۆرێکە کە تا ئەو کاتەی شەڕ و پێشهاتەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا ناکۆک نەبێت بەشداری تێدا ناکات. لە لایەکی دیکەوە کوردەکانی دانیشتووی باکووری سووریا تا ئێستا زۆر پاڵپشتی هەڵوێست و کردارەکانی حکوومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی نەبوون. بۆیە لە چاوی ڕووسەکاندا گرووپە کوردییەکان شایانی ئەوە نین کە لەبەر ئەوان ڕوبەڕوی تورکیا ببێتەوە.
په‌یوه‌ندییەکانی هێزە کوردییەکان له‌ باكووری حه‌له‌ب دوای خیانەتی تره‌مپ له‌ ململانێكانی ٢٠١٩دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سارد بووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا چیتر پێگه‌ی له‌ باكووری حه‌له‌ب نه‌ماوه‌ كه‌ بتوانێت مەنبەج و ته‌ل رەفعەت لە مەترسییەکانی تورکیا بپارێزێت.
لەم کاتەدا چاو لەسەر ئێران و گروپەکانی خۆڕاگرییە. تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ڕوون لەلایەن ئێران و سەرکردەکانی گروپەکانی خۆڕاگرییەوە سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە باکووری حەلەب نەبینراوە، بەڵام کاردانەوەیان بەرامبەر بەم پرسە جێگەی پرسیارە.
ئه‌گه‌ر گرووپه‌ كوردییه‌كان مه‌یلیان به‌ره‌و ئێران و حكومه‌تی سووریادا بێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پشتیوانی ئێران و حكومه‌تی سووریا پلانەکانی توركیا ده‌گۆڕێت. پشتیوانی ئێرانییەکان بێ گومان ڕووسەکان بۆ ناوچەکە ڕادەکێشێت و تورکیاش ناچار دەبێت پلانەکەی بگۆڕێت. تا ئێستا ڕوون نییە گۆڕانکارییەکە چۆن دەبێت، بەڵام بێ گومان تورکیا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئێران بەدوور دەگرێت. بەڵام ئەگەر هێزە کوردییەکان بە گومانەوە لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و حکومەتی سووریا بمێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە چارەنووسی مەنبەج و تل رەفعەت و هەر شوێنێک کە بنکەیان هەیە، وەک عەفرین و سەرێ کانی دەبێتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەپێی سەرچاوە مەیدانییەکانی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” لە باکووری سووریاوە، هێزەکانی خۆڕاگری چالاکانە لە دەوروبەری دیرجەمال بوونیان هەیە و ڕۆژی رابردووش سوپای ڕووسیا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی مەنغ لە باشووری عەزاز جێگیر کردووە. ئەم هەنگاوانە قسە و باسەکان سەبارەت بە هاوکاری نێوان ڕووسیا و ئێران و هێزە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب بەهێزتر دەکات.

٣- میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی تورکیا:
سەرەڕای لێدوانەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە هێرشکردنە سەر تەل رەفعەت و مەنبەج، هێشتا وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە باکووری سووریا یەکلایی نەکراوەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە کۆبانێ و عەین عیسا لە ئامانجەکانی تورکیا بێت. بریار وابووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە (٢ی حوزەیران) کۆبوونەوەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ڕەهەندەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات و ئەنجامی بڕیارەکەی ڕابگەیەنێت.
بەگشتی سوپای تورکیا کێشەی ئەوتۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی پێگەکانی هێزە کوردییەکان لە باکووری حەلەب نابێت، ئەگەر هێزەکانی سووریا و ئێران بەشداری شەڕکە نەبن. ئەوان دەتوانن لە باشووری عەزاز و ڕۆژئاوای مارع هێرش بکەنە سەر تەل رەفعەت و بە بڕینی ڕێگای حەلەب، ئەو شارۆچکەیە گەمارۆ بدەن. دوای ئەوەش كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی مەنغ و نزیكه‌ی بیست گوند ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ دەستبەسەرداگرتنیان بە واتای هەڕەشەی توركیا و چەکدارەکان بۆ سەر شارۆچكه‌كانی نه‌بل و ئه‌لزه‌هرا دەبێت.
لە بەرەی مەنبەج، هێرشەکان دەتوانن لە ناوچەی ئەلدادات لە باکووری مەنبەج و نزیک ئەلعەریمە لە ڕۆژئاوای مەنبەج دەست پێبکەن و تا ڕووباری فورات بەردەوام بن. پێشڕەویی تورکیا لەسەر ئەم میحوەرە پێگەکانی لە بەرەی باکووری حەلەب بەهێزتر دەکات و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بەرەو کۆبانێ.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *