یادداشت: بۆچی ئیدارەی بایدن هەوڵی لێک نزیککردنەوەی دوژمنە جیاوازەکانی ئەمریکا دەدات؟
ئێمە نابێت هەوڵی لێک نزیککردنەوەی ڕووسیا و چین بدەین. ئێمە هێشتا باجی وەسفکردنی عێراق، کۆریای باکوور و ئێران بە “بەرەی شەڕخواز” دەدەین کە لەلایەن بۆشەوە ناوی لێنرا بوو. “فەرید زەکەریا، واشنتۆن پۆست”
ئیدارەی بایدن بە زیرەکانە و کاریگەرانە قەیرانی ئۆکرانیای بەڕێوەبردووە و سیاسەتێکی گرتووە بەر کە دەتوانرێت پێی بوترێت “ڕێگری کردن و دیپلۆماسی”. ئیدارەی بایدن هەڕەشەکانی باوەڕپێکراوی لە تێچوونی هێرشەکەی ڕوسیا باس کرد و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە نمایشێکی سەرسوڕهێنەر یەکگرتوو کرد.
لە کاتێکدا بایدن بە ڕاستی ڕەتی کردەوە کە هیچ بەڵێن و ئیمتیازێکی لەسەر ئەگەری ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ بە ڕووسیا بدات، بەڵام پێشنیاری کردەوە کە دەتوانرێت تاوتوێ هەموو ئەو کێشانە لە کۆنتڕۆڵی چەکەوە تا جێگیرکردنی موشەک لە گەڵ ڕووسیادا بکرێت.
سەرەڕای ئەوە، ئەم قەیرانە ڕووناکی خستە سەر شکستێکی ستراتیژی گەورەتر کە لە دەرەوەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکایە. یەکێک لە یاسا سەرەکییەکانی گەمەی ستراتیژیی دروستکردنی دووبەرەکیە لە نێوان دوژمناندا. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی زۆر پێچەوانە ئەم کارەی کردووە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ڕووسیا و چین لە بەڵگەنامەیەکی ٥٠٠٠ وشەییدا “دۆستایەتی بێ سنوور”یان پشتڕاست کردەوە. وەک دیارە ئەم دوو هێزە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر لە یەک نزیک بوونەوە.
بۆ ڕوسیا کە هێزێکی بەرەو لاوازی هەژمار دەکرێت، پشتیوانی چین نیعمەتێکی ئیلاهیە. گرنگترین هۆکار کە دەریدەخات تەنانەت قورسترین گەمارۆکانی دژی ڕوسیا ئەگەری ئەوەی هەیە کاریگەری نەبێت، ئەوەیە کە چین وەک دووەم گەورەترین ئابووری جیهان دەتوانێت یارمەتی ئەو وڵاتە بدات.
ڕووسیا بەم دواییانە گرێبەستی نوێی بۆ فرۆشتنی نەوت و گازی زیاتر بە چین ڕاگەیاند و پەکین دەتوانێت تەنانەت وزەی زیاتر و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە لە ڕووسیا بکڕێت. هەروەها چین دەتوانێت ڕێگە بە مۆسکۆ بدات میکانیزم و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی چینی بەکاربهێنێت بۆ خۆدزینەوەی لەو گەمارۆ داراییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئەو وڵاتەوە سەپێنراوە.
سێرجی کاراگانۆڤ ڕاوێژکاری کرێملین وتوویەتی: چین هاوپەیمانی ستراتیژی ئێمەیە. ئێمە دەزانین کە لە هەر بارودۆخێکی سەختدا دەتوانین بۆ پشتیوانی سەربازی، سیاسی و ئابووری پشتی پێ ببەستین.
بۆ ئەوانەی باس لەوە دەکەن کە ئاساییە دوو حکومەتی دەسەڵاتخواز پێکەوە یەک بگرن، دەبێت بگوترێت نەخێر، هەمیشە بەم شێوەیە نەبووە. لە ساڵی ٢٠١٤دا (کاتێک هەردوو وڵات هێشتا دەسەڵاتخواز بوون) چین بە ئاشکرا ڕەتی کردەوە پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە بکات و تا ئێستا بە فەرمی دانی بە لکاندنی کریمیا بە فیدراسیۆنی ڕووسیا نەناوە. بەهەمان شێوە پەکین پشتگیری دەستێوەردانی ڕوسیا لە جۆرجیا نەکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دەربڕیوە.
چین و ڕووسیا هەردووکیان دوژمنی ڕۆژئاوان، بەڵام جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتر هەیە. کۆکردنەوەیان لە یەک بەرە و هاوتەریب بینینی ئەو دوو وڵاتە نیشانەی ئەوەیە کە ئایدۆلۆجیا لەم ڕۆژانەدا بەسەر ستراتیژی لە واشنتۆن دا زاڵ بووە.
ڕووسیای ڤلادیمیر پوتین وڵاتێکی تێکدەرە لە گۆڕەپانی جیۆپۆلەتیکدا. ئەم وڵاتە هێرشی کردووەتە سەر دوو دراوسێی خۆی واتا جۆرجیا و ئۆکراینا و چەند ناوچەیەکی لەو دوو وڵاتە داگیرکردووە، حاڵەتێک کە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا لە ئەوروپا ڕووی نەداوە. بە پێی راپۆرتەکاندا ڕووسیا جەنگی سایبەری بۆ هێرشکردن و لاوازکردنی دەیان پرۆسەی دیموکراسی، لەوانە ئەمریکا بەکارهێناوە. ئەم وڵاتە لە هاوپەیمانەکانی وەک بەشار ئەسەد لە سوریا بە بەکارهێنانی “هێزی باڵا (القوة القاهرة)” پشتیوانی کردووە. پوتین ڕکابەرە ناوخۆییەکانی خۆی کوشتووە تەنانەت کاتێک لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا ژیاون و وەک دەوڵەتێکی نەوتی سوود لە ناسەقامگیری وەردەگرێت چونکە دەتوانێت نرخی نەوت و گاز بەرز بکاتەوە.
چین (تا ئێستا) بۆچوونی جیاوازی هەبووە. ئەو وڵاتە هێزێکی گەشەسەندووی جیهانییە کە بە بەدەستهێنانی هێزی ئابووری بەدوای کاریگەری زیاتردا دەگەڕێت. لە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر بە هەندێک وڵات شەڕانگێز بووە، بەڵام وەک ئەکتەرێکی گەورەی ئابووری دەتوانێت بانگەشەی سەقامگیریی لە جیهاندا بکات.
هەروەک ڕۆبێرت مانینگ لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕۆژنامەی “فارین پالیسی”دا وتی: پەکین بەدوای جێگرەوەیەک بۆ ئای ئێم ئێف، بانکی جیهانی، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و دامەزراوەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان نیە، بەڵکو هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی زاڵتر لەو دامەزراوانەدا بگێڕێت.
لە رابردوودا پەکین بە “بەڵێ” دەنگی بە سزاکانی دژ بە ڕژێمە یاخیبووەکانی وەک لیبیا، ئێران و کۆریای باکوور داوە و پشتگیری ئەو بڕیارانەی کردووە، هەرچەندە ئەم پشتگیریانە بە تایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا کەمبۆتەوە. ئەم وڵاتە لە مافی ڤیتۆی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر کەمتر لە ڕووسیا یان ئەمریکا سوود وەرگرتووە.
چین تەحەدایەکی چارەنووس سازی بۆ ئەمریکا دروست دەکات، بەڵام زۆربەی ئەو کارانەی کە پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەنجام بدەین لە بواری سیاسەتی ناوخۆ دایە و پێویستە یاسا دابنێین کە داهێنان و پێشبڕکێکاری ئەمریکا ئازاد و کارا بکات.
ئۆتۆ ڤۆن بیسمارکی ئەڵمانی، گەورەترین سیاسەتمەداری ئەوروپا لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ستراتیژییە سەرەکییەکەی هەمیشە ئەوە بووە کە لەگەڵ هەریەک لە دوژمنانی پەیوەندییەکی باشتر هەبێت بە بەراورد بە پەیوەندی ئەوان لە نێوان خۆیاندا. ئەم ستراتیژە لەو کاتەدا کە ڕیچارد نیکسۆن و هێنری کیسنجەر لە ساڵی ١٩٧٢ چین-یان لە یەکێتی سۆڤیەت دوورخستەوە بۆ دەیان ساڵ دەسەڵاتی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا گرت بوو و ئەو وڵاتە لە ڕووسیا و چین نزیکتر بوو تا ڕووسیا و چین بە یەکتر.
بەڵام ئەمڕۆ، چیتر بارودۆخەکە وەک رابردوو نییە. لە ساڵانی دوای نیکسۆن و کیسینجەر، لە واشنتۆن باس دەربارەی هەوڵدان بۆ “پێچەوانەی کیسینجەر” کرا، هەوڵێک بۆ دوورخستنی مۆسکۆ لە پەکین. ئیدارەی بایدن ساڵی ڕابردوو بەو ئاراستەیە کاری کرد. بەڵام ئەوە تێنەگەیشتنێکی هەڵە بوو کە پێی وابوو دەتوانێت ڕووسیا و چین لە یەکتر دووربخاتەوە. نیشانی ئەوە، وەڵامەکەی پۆتین بوو کە سەرەتای قەیرانەکە بوو. لەوانەیە ئەو شتەی کە پێویستمان پێ بوو ستراتیژی پێچەوانەی کیسینجەر نەبوو، بەڵکو تەنها پەیڕەو کردنی کارەکەی کیسینجەر بوو، هەوڵدانێک بۆ ئەوەی پەیوەندیەکی باشتری کارکردن لەگەڵ چین هەبێت.
لە سەرەتای جەنگی سارد کاتێک ئایدیۆلۆژیا بەسەر ستراتیژی دا زاڵ بوو، واشنتۆن هەموو وڵاتانی کۆمۆنیستی لە یەک بەرەدا کۆکردەوە. ماوەی ٢٥ ساڵی خایاند تا ویلایەتە یەکگرتووەکان (بە جەنگی ڤێتنامیشەوە) بزانێت کە ئێمە پێویستە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین بکەین.
لە سەرەتای جەنگی تیرۆریزم، ئیدارەی جۆرج دەبلیو بۆش ڕایگەیاند کە عێراق، ئێران و کۆریای باکوور “بەرەی شەڕخواز”ـیان پێکهێناوە، ئەو هەڵەیەی کە هێشتا باجەکەی دەدەین. با هیواخواز بین ئەم جارەیان پێویست نەکات بەرگەی سەرکێشییەکی درێژخایەن و بە تێچوویەکی دیکە بگرین تا لە کۆتاییدا تێبگەین کە نابێت یارمەتی یەکخستنی دوژمنەکانمان بدەین.
سەرچاوە: واشنتۆن پۆست
لێدوانەکان