بۆ تورکیا لەم کاتەدا ڕووی هێنایە پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی؟

نووسەر: وەرگیراوە
هه‌ینی 11 ئازار 2022 - 11:36
https://kurdish.iswnews.com/?p=8282

سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تورکیا و ئاشکرابوونی سیاسەتی دووفاقیی ئەنکەرە و بە تایبەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

 بۆ نزیکبوونەوەی تورکیا و ئەردۆغان لە ڕژێمی زایۆنیستی چەندین هۆکار ڕۆڵیان هەبووە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەدرێت.

1 – بوونی لۆبی جولەکە لە ئەمریکا

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا بە چەند هۆکارێک ڕووی لە ئاڵۆزبوون و گۆڕانکاری کرد، بۆ نموونە، دەستێوەردانی واشنتن لە کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیا و ڕێگری لە ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گویلەن وەک سەرکردەی ئەو کودەتا بە حکومەتی ئەنکەرە سەرەڕای داواکاری بەردەوامی ئەردۆغان، پاڵپشتی دارایی و سەربازیی ئەمریکا لە کوردانی سوریا کە بە لای ئەنکەرەوە وەک باڵێکی پەکەکە و بە تیرۆریست دەناسرێن، ڕێگری لە ڕادەستکردنی فڕۆکە شەڕکەرەکان ئێف 35 و بەلاوەنانی تورکیا لەو پرۆژەیە بە بیانووی کڕینی سیستەمی ئێس 400 ی ڕووسیا بۆ بەرگری مووشەکی، تێڕوانینی نەرێنیی جۆبایدن بەرامبەر بە ئەردۆغان و پاڵپشتیی لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی نەیاری سەرۆک کۆماری تورکیا، سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لە لایەن کۆنگرێسەوە بە بیانووی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان و …….. .

بوونی ئەم کێشە و ناکۆکییانەی نێوان ئەنکەرە و واشنتۆن گوشارە ئابورییەکانی سەر تورکیای لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر کرد. دابەزینی بەرچاوی بەهای لیر، بەرزبوونەوەی کەم وێنەی ڕێژەی هەڵئاوسان، دابەزینی ڕێژەی وەبەرهێنانی دەرەکی لە تورکیا و …. بە چەندین نموونەی کاریگەریی ئەو ناکۆکییانە لە سەر کەرتی ئابوری تورکیا دادەنرێت. ئەردۆغان هەوڵی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە ئابورییە دەدات و ئەمەش بووەتە خاڵێکی لاوازی ناوبراو و وایکردووە کە پێگەی جەماوەریی ڕوو لە دابەزین بکات بە شێوازێک کە لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوو کەم وێنە بووە.

پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و بەکارهێنانی لۆبی جولەکە لە ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن لە گەڵ ئەنکەرە، گرنگترین ئامانجی ئەردۆغان لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی. بۆ تورکیا بەشداری لە پرۆژەی وەبەرهێنانی ئێف 35 و تەیارکردنی هێزی ئاسمانیی تورکیا خاڵێکی گرنگە. بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە کوردانی سوریا بۆ تورکیا وەک هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەم وڵاتە دادەنرێت. هەر بۆیە تورکیا لەم سیاسەتەی بۆ نزیکبوونەوە لە ڕژێمی زایۆنیستی ویستی گەیشتن بە چەند ئامانجێکی هەیە.

2 – تورکیا لە ڕێکەوتنی نێوان ئێران  و وڵاتانی زلهێزی جیهان نیگەرانە

هەر کات ئەگەری ڕێکەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دۆسیەی ناوەکیدا زیاتر بوو، بە هەمان ڕێژە نیگەرانییەکانی سعوودیە، تورکیا، ئیمارات و بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی لە بەهێزبوونی پێگەی ناوچەیی ئێران زیاتر بوو.

تێڕوانینێک لە سەر ڕووداوە مێژووییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە دەیەکانی ڕابردوو بە تایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێدان پیشان دەدات کە تێڕوانینی دیمۆکراتەکان بەرامبەر بە ئێران میانەڕۆ و نەرم بووە بەڵام بەرامبەر بە تورکیا تێڕوانینێکی توند بووە. پەیوەندییەکانی تورکیا لە سەردەمی کۆماریخوازەکان بە پێی پێویستیی واشنتۆن بە تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە لە دژایەتی تاران، بەردەوام باشتر لە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنکەرە لە سەردەمی دیمۆکراتەکان بووە. سەردەمی بۆش و ترەمپ بە نموونەیەکی گەرمی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا دادەنرێت و بە پێچەوانەوە لە سەردەمی ئۆباما و بایدن ئەو پەیوەندییانە هێندە گەرم و گوڕ نەبووە.

پێدەچێت کە تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە ئەگەری ڕێکەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەوە گەیشتوون کە پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تاران بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات و هەر بۆیە هەوڵ دەدەن بە هاوکاری و نزیکبوونەوە لە یەکتر ڕێگری لەم دەستڕۆیشتووییەی ئێران بکەن. تورکیا باس لەوە دەکات کە لە سەردەمی ئۆباما پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەهێز بوو و دەستڕۆیشتووییەکەی گەیشتە نزیک مەدیتەرانە و ئێستا نایەوێت ئەمە جارێکی دیکە ڕوو بدات و ناوچەی ژێر کاریگەریی ئێران هێندە بەرفراوانتر بێت.

3 – هاوکاری لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە هەلومەرجی کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە

دەوترێت کە ئەمریکا بە چەند هۆکارێک هەوڵی کشانەوە لە ناوچەکە یان دابەزینی ئاستی ئامادەبوونی لە ناوچەکە دەدات و بەم هۆیەوە ئەگەری ئەوەش هەیە کە بەشێک لە کاروبارەکانی ڕادەستی ڕژێمی زایۆنیستی بکات. کشانەوەی تەواو لە ئەفغانستان، کەمبوونەوەی ڕێژەی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، کۆکردنەوەی سیستەمی پاتریۆتی بەرگری ئاسمانی لە سعوودیە و کەمکردنەوەی چەک و کەرەستە سەربازییەکانی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پیشاندەری گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکە. لەم هەلومەرجەدا تورکیا هەوڵی نزیکبوونەوەی لە ڕژێمی زایۆنسیتی داوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لە ئەفغانستانی پاش کشانەوەی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا و هەروەها باسکردن لە ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتی بۆ کێشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستین بە هەوڵێک لەم پێناوەدا دادەنرێت.

4 – دابینکردنی تەکنۆلۆژیا و چەکی پێویست لە ڕێگای ڕژێمی زایۆنیستییەوە

دابینکردنی هەندێک لە تەکنۆلۆژیا و کەرەستە سەربازییەکان کە لە لایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە بە تورکیا نەدراوە، لە ڕێگای ڕژێمی زایۆنیستییەوە بە ئامانجێکی دیکەی تورکیا دادەنرێت.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *