یادداشت: ناسینەوە و تاوتوێکردنی رێکخراو و مێژووی چالاکییەکانی گروپی تاڵیبانی پاکستان

 ئەحمەد عەلەوی
نووسەر: ئەحمەد عەلەوی
هه‌ینی 4 شوبات 2022 - 17:57
https://kurdish.iswnews.com/?p=6583

جۆڵانەوەی تاڵیبانی پاکستان، ناوی گروپێکی تیرۆریستیە لە ناوچە خێڵەکییەکانی پاکستان کە لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ەوە دژی حکومەتی پاکستان چالاکی هەیە. ئەم گروپە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەلقاعیدە و لەشکری تەیبە و تاڵیبانی ئەفغانستان هەیە.

لە سەرەتای نەوەتەکاندا “حافز محەمەد سەعید” و “عەبدوڵڵا عەزام” دوو مامۆستای “ئوسامە بن لادن” سەرۆکی گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، گروپێکی دیکەی تیرۆریستیان بە ناوی “لەشکری تەیبە” و “مەولانا سۆفی محەمەد” گروپی “نەفاز شەریعەتی موحەممەدی” لە پاکستان دامەزراندن کە ئەندامەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سۆڤیەت لە ئەفغانستان دەنێردرانە ئەو وڵاتە.

دوای سەرکەوتنی موجاهیدین لە ئەفغانستان ئەم گروپانە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە لە هەر دوو لای هێڵی سنووری دیورەند (Durand) بنکەی ڕاهێنان دابمەزرێنن و دەیان بنکەی مەشق و ڕاهێنانیان لەو ناوچانە دروست کرد. بنکەکانی لەشکری تەیبە، جەیشی موحەممەد و ئەلقاعیدە لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری پاکستان (ئای ئێس ئای) لە ناوچەی مۆریدەکی پارێزگای لاهۆری پاکستان بوون کە ئەرکی مەشق کردن بە هێزە چەکدارەکان و گواستنەوە بۆ ئەفغانستان-یان لە ئەستۆ دا بوو.

هەموو ئەندامانی ئەم گروپانە بەشیان لە کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان هەبوو، چونکە ئەندامانی ئەو گروپانە لە جیهادی دژی حکومەتی کۆمۆنیستی ئەفغانستان بەشداریان کرد بوو و بۆ سەرکەوتنی ئیمارەتی ئیسلامی تاڵیبان لەو وڵاتەدا قوربانیان دا بوو. لە کۆتایدا لە ساڵی ٢٠٠٧ رزگارکەرانی شەڕی ئەفغانستان کە ١٣ گروپی چەکداری پاکستان بوون، یەکیان گرت و جوڵانەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP)یان دامەزراند.

تاوتوێ کردن و ناسینەوەی جۆڵانەوەی تاڵیبانی پاکستان بە بێ گەڕانەوە بۆ مێژووی تاڵیبان لە ئەفغانستان ناکرێت. لەبەر ئەوەی لەلایەکەوە ئەم دوو گروپە لە ڕووی پێکهاتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە بەیەکەوە بەستراون و لەلایەکی دیکەشەوە پەناگاکان، هێزی مرۆیی و سەرکردە ڕۆحی و سەربازییەکانی ئەم دوو گروپە لە هێڵی سنووریی دیورەند لە نزیکەوە پەیوەندییان هەیە.

ووشەی “تاڵیبان” یەکەم جار بۆ پێناسەکردنی گروپێکی سیاسی- فیکری بەکاردەهێنرا کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە شارۆچکەی سپین بولدەکی پارێزگای قەندەهار لە باشوری ئەفغانستان بە تێڕوانینێک بۆ ئیسلامی دیۆبەندی و بیرۆکەی وەهابیەت پەیدا بوو. ئەوان بە فتوای جیهادی سەرکردە ڕۆحییەکەیان “مەلا موحەمەد عومەر موجاهید” شاری گرنگی قەندەهار-یان کۆنترۆڵ کرد و پاشان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی کۆمۆنیستی، چوونە شاری جەلالئاباد و کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.

لە کاتێکدا کە تاڵیبان لە ئەفغانستان خەریکی جیهاد بۆ ڕووخاندنی حکومەتی کۆمۆنیستی و پاشان شەڕیان لەگەڵ حکومەتی موجاهیدین بوو کە لە تاجیک و هەزارە و ئۆزبەک پێکهاتووە، ناوچە خێڵەکییەکانی پاکستان لەوانە وەزیرستانی باکور و باشور، ڕێگایەکی پارێزراو و هێڵی دابینکردنی چەکەکانیان بوو. دوای سێ ساڵ لە دەسەڵاتی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستان و هێرشە تیرۆریستییەکەی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ لە ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ناتۆ بە گڵۆپی سەوزی پاکستان، هێرشەکەیان بۆ ئەفغانستان دەست پێ کرد. هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ سەر ئەفغانستان، ئەندامانی توندڕەوی تاڵیبانی ئەفغانستان (لەوانە تاڵیبانی ئۆزبەکی و حیزبی بزووتنەوەی ئیسلامی ئۆزبەکستان و پەنابەرانی چیچانی و حیزبی ئیسلامی تورکستانی ڕۆژھەڵات) و ئەندامانی عەرەبی گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە پەنایان بۆ ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژئاوای پاکستان برد.

هاوکاری پاکستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئەفغانستان، لەگەڵ فەرمانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان “پەروێز موشەڕەف” بۆ گەمارۆدانی ناوچە خێڵەکییەکانی ئەو وڵاتە بۆ دەستبەسەر کردنی ئەندامانی هەڵاتووی قاعیدە سەرەڕای هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکان، سوپای پاکستانی تووشی کێشە کرد.
سوپای پاکستان لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ٥٠ ساڵ چووە ناو وەزیرستانی باشور و بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەلقاعیدە تا وەزیرستانی باکوری دا. کوشتنی پیران و کەسایەتییە ڕۆحییەکانی هۆزەکانی ئەو ناوچانە لەلایەن سوپاوە، بووە هۆی دەسپێکردنی یەکەم پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان، ئەلقاعیدە، لەشکری تەیبە، جەیشی موحەممەد و چەکدارانی هۆزەکانی وەزیرستانی باکور و باشور لە ساڵی ٢٠٠٤-ەوە. بە هۆی ئەم پێکدادانەوە سوپای پاکستان لە وەزیرستان کشایەوە و هۆزەکان دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتەوە.

شکستهێنانی پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە پاکستان، پێکهاتەی تایفی و ئیتنیکی، سیستەمی پەروەردەیی ئایینی لەسەر بنەمای وەهابیەت، بڵاوکردنەوەی هێزە جیهادییەکانی پاکستان لە ئەفغانستان، بارودۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەلایەتی بە تایبەتی لە ناوچەکانی وەزیرستانی باکور و باشور، پاڵپشتیەکانی بیانی و ناوخۆیی لەلایەن کۆمەلێک کەسی نەناسراو و گروپەکانی جۆراوجۆر لە هۆکارەکانی دامەزراندنی گروپی تاڵیبانی پاکستانە. بەڵام هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA) بۆ سەر قوتابخانەی ئایینی سەر بە جۆڵانەوەی نەفاز شەریعەتی موحەممەدی لە ناوچەی باجور ئاجینسی لە ساڵی ٢٠٠٦ کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە، هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی تاڵیبانی پاکستان بوو. چونکە بووە هۆی کۆدەنگی هەموو گروپە چەکدار و توندڕەوەکانی پاکستان بۆ ڕاگەیاندنی جیهاد دژی ئەمریکا و حکومەتی پاکستان.

لە ساڵی ٢٠٠٧دا هێزە چەکدارەکانی ١٣ گروپ کە بریتین لە گروپی مەلا نەزیر لە وەزیرستانی باکور، گروپی جۆڵانەوەی نەفاز شەریعەتی موحەممەدی بە سەرۆکایەتی سۆفی موحەممەد، جەیشی موحەممەد، لەشکری تەیبە، ئەلقاعیدە و ئەندامە هەڵاتووەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان و هتد لە نەژادە جیاوازەکاندا بە سەرکردایەتی “بەیتوڵڵا مەحسود” لە وەزیرستانی باکور جۆڵانەوەی تاڵیبانی پاکستان-یان دامەزراند. ئەوان ئامانجی خۆیان بەرگریکردن لە شەریعەت موحەممەدی، شەڕی سوپای پاکستان و ئەمریکا و دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای قەومی پشتون لە پاکستان ڕاگەیاند.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا “مەلا موحەمەد عومەر موجاهید” سەرۆکی تاڵیبانی ئەفغانستان شاندێکی بە سەرۆکایەتی مەلا عەبدوڵڵا زاکیر ڕەوانەی پاکستان کرد و داوای یارمەتی دارایی لە تاڵیبانی پاکستان کرد. مەلا عومەریش داوای لەوان کرد کە ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و بە ناردنی هێز، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ناتۆ یارمەتیان بدەن. بەیتوڵڵا مەحسود و حەفیز گۆڵ بەهار و مەلا نەزیر کە رابردووی جیهادیان لە ئەفغانستان هەبوو، پێشنیاری سەرۆکی تاڵیبانی ئەفغانستانیان قبوڵ کرد و پەیمانیان بە مەلا موحەمەد عومەر موجاهید دا و ئەنجومەنی یەکگرتووی موجاهیدین-یان پێکهێنا. هەڵبەتە ئەنجومەنەکە ساڵێکی زیاتری نەخایاند و ڕۆڵێکی ئەوتۆشی نەبوو.
پێکدادانەکانی جۆڵانەوەی تاڵیبانی پاکستان لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە تا ساڵی ٢٠٠٧ زۆر بەرز نەبوو. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ قەبارەی پێدادانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کرد، بە شێوەک کۆی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی گروپە چەکدارەکان لە دژی سوپای پاکستان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ نزیکەی ٣٠ ئۆپەراسیۆن بوو و ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٩ بۆ ٢٦٩ ئۆپەراسیۆن بەرزبوویەوە. زۆربەی ئەو پێکدادانانە لە ناوچە خێڵەکییەکانی “خیبرپختونخوا” ڕوویاندا و ناوچە سنوورییەکانی دیکە کەمتر گرژیان هەبوو.

خوێناویترین ئۆپەراسیۆنەکانی تاڵیبانی پاکستان لە دژی سوپا و حکومەتی پاکستان لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤دا ئەنجامدرا. لەم هێرشەدا پێنج ئەندامی تاڵیبانی پاکستان بە لەبەرکردنی جلی سەربازی سوپا چوونە ناو زانکۆی کادری وەزارەتی بەرگری لە پارێزگای پیشاوەر و توانیان ١٤٩ کەس لەو زانکۆیە کە زۆربەیان منداڵانی هێزەکانی سوپا بوون بکوژن و ١٢٢ کەسی دیکەش بریندار بکەن. دوای هێرشەکان سوپای پاکستان هەوڵیدا بچێتە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ تاڵیبانی پاکستان. دوابەدوای یەکەم گفتوگۆکانی نێوان نوێنەرانی حکومەت و تاڵیبان، لە خۆپیشاندانێکدا فیرقەی مەولانا عومەر وەک ناڕەزایەتی لە تاڵیبانی پاکستان جیابووەوە. لە ساڵی ٢٠١٤دا، فرقەی مەحسود جیابوونەوەی خۆی لە تاڵیبانی پاکستان ڕاگەیاند و باڵی جۆڵانەوەی تاڵیبانی وەزیرستانی باشوری دامەزراند. ئەم جیابوونەوەیە گورزێکی قورسی لە جەستەی ڕێکخراوی تاڵیبانی پاکستانی دا و لەگەڵ گەیشتنی جەماعەتی ئەلئەحرار بە سەرۆکایەتی عومەر خالید خۆراسانی بۆ ریزەکانی تاڵیبانی پاکستان، دۆخەکەیان زۆر نەگۆڕا.

ئۆپەراسیۆنەکانی تاڵیبانی پاکستان دژی پێگەکانی سوپا لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ساڵی ٢٠١٩ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و ژمارەی ئەو هێرشانە بۆ زیاتر لە ١٧٨٠ هێرش بەرزبوویەوە. هێرشی تاڵیبانی پاکستان بۆ سەر بنکەی دەریایی مێهران و پێکدادانی ١٥ کاتژمێرییان لەگەڵ سوپا کە تێدا ١٣ سەربازی پاکستانی کوژران و چەندین فڕۆکەی سەربازی تێکشکا، لە گرنگترین هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاکستان هەژمار دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٦دا دووەمین هێرشی خوێناوی ئەو دەیەیە هەروەها ڕوویدا. لە هێرشێکی ئینتحاری ئەندامێکی گروپی تیرۆریستی ئەلئەحرار (سەر بە تاڵیبانی پاکستان) لە ڕێوڕەسمێکی مەسیحییەکان لە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای لاهور، زیاتر لە ٧٠ کەس لە مەسیحییەکانی پاکستانی کوژران و برینداربوون.

دوای کوژرانی قازی فەزڵوڵا حەیات لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە پارێزگای کۆنەر و خالید مەحسود پیاوی ژمارە دووی تاڵیبان لە پارێزگای پەکتیکای ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، فەرماندەیەکی تری تاڵیبانی پاکستان بەناوی نوور وەلی مەحسود لە هۆزی مەحسودی وەزیرستانی باشور وەک سەرکردەی تاڵیبانی پاکستان دانرا.
نوور وەلی مەحسود خەڵکی ناوچەی میرام شاهی وەزیرستانی باشور بوو کە لە ناوچەی فەیسەڵئابادی پارێزگای پەنجاب وانەی ئایینی خوێندبوو. ئەو یەکێکە لە توندڕەوترین سەرکردەکانی تاڵیبان کە بەشداری شەڕی تاڵیبانی ئەفغانستان لەگەڵ هاوپەیمانی باکوور (ئەحمەد شاه مەسعود و هتد) کردووە. دوای دانانی نوور وەلی مەحسود وەک سەرکردەی تاڵیبانی پاکستان، فیرقەی مەحسود دوای سێ ساڵ لە جیابوونەوە، جارێکی تر پەیوەندی بە تاڵیبانی پاکستانەوە کرد.

لە ئێستادا تاڵیبانی پاکستان هاوکاری چەندین گروپی چەکدار لە سەرانسەری ئەو وڵاتە و گروپە بیانیەکان لە تۆڕی حەقانی و جەیش ئەلعەدل دەکات. ئەندامانی چالاکی ئەم گروپە نزیکەی ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت کە ٦ هەزاریان بۆ یارمەتیدانی تاڵیبانی ئەفغانستان نێردراون.

هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ڕووخانی حکومەتی کابوڵ لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا، تاڵیبانی پاکستان کە لە ژێر فشاری سوپای ئەو وڵاتەدا بوو بە نێوەندگیری سەراجدین حەقانی رێبەری حەقانی لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان دەستی بە دانوستان کرد. لە گفتوگۆکاندا نوێنەرانی تاڵیبانی پاکستان داوای جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی لە ناوچە خێڵەکییەکانی پاکستان و ئازادکردنی بەندکراوانی تاڵیبان لە حکومەتی پاکستانیان کرد. داواکەی تاڵیبان لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە قبوڵ کرا و بە هۆیەوە ئاگربەستێکی کورتخایەن ڕاگەیەنرا. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم حکومەت بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و تاڵیبانیش هێرشەکانی دەستپێکردەوە و گفتوگۆکان شکستی هێنا.

بە گشتی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە پاکستان ڕێگایەکی سەختی لەبەردەمدایە. چونکە هێشتا کۆمەڵگای ئەو وڵاتە کەلتوری هەڵەی عەشایەری هەیە و حکومەتی بە ناو ئیسلامی شکستی هێناوە. لە لایەکی دیکەوە سوپای پاکستان لە پلانە سەرەکییەکاندا دەستی باڵای هەیە و پلانی دژە تیرۆریان تا ئێستا زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لە تاڵیبانی پاکستان و گرووپەکانی دیکەی کوشتووە. لەگەڵ ئەم بارودۆخە پرسی ئاشتییەکی بەردەوام لە پاکستان، زیاتر بۆنی و رەنگی دروشمی هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *