یادداشت: حزب و گروپە چەکدارەکانی کەشمیر

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر:هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
پێنج شه‌ممه‌ 2 ئه‌یلول 21 - 19:01
https://kurdish.iswnews.com/?p=3761

کەشمیر ناوچەیەکە لە ئاسیای ناوەڕاستدا کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و کشانەوەی بەریتانیەکان لە هیندستان، بە بەردەوامی گۆڕەپانی ململانێ و ناکۆکی نێوان پاکستان و هیندستان و چین بووە.
هەر بۆیە حیزب و رەوتەکانی کەشمیری بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە، کە ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەشکردنی کەشمیر بێت. لەم ناوەدا هەندێک داوای چوونە پاڵ هیندستان و هەندێک داوای چوونە پاڵ پاکستان دەکەن و هەندێکی تریش چوونە پاڵ وڵاتانی تر ڕەتدەکەنەوە و “سەربەخۆیی کەشمیر”یان رێگاچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەیان دەزانن.

حزبە کەشمیرییەکان کە لە ڕووی کار و چالاکییەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبن:
١- حزبە سیاسییەکان
٢- گروپە جیهادییە چەکدارەکان

١- حزبە سیاسییەکان، بەسەر سێ بەرەدا دابەشکراون:
أ- ئەو حزبانە کە پرۆسەی چوونە پاڵ هیندستان پەیڕەو دەکەن و بەشێوەیەکی گشتی خاوەن بیروبۆچوونی ناسیونالیستی و عەلمانین.
ئەم حزبانە بریتین لە:

-حزبی “کۆنگرەی نەتەوەیی کەشمیر” لەلایەن دکتۆر فاروق عەبدوڵاوە سەرۆکایەتی دەکرێت و پێیوایە کە کەشمیر بەشێکە لە هیندستان بەڵام دەبێت بە شێوەی خۆبەڕێوەبەری بێت.

-حزبی “کۆنگرەی نەتەوەیی هیند” کە ئامانجەکانی زۆر جیاواز نین لە حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی کەشمیر، و بەبەراورد لەگەڵ ئەوان جەماوەری کەمتریان هەیە.

ب- ئەو حزبانە کە ئامانجیان سەربەخۆییە و بریتین لە:
-“بەرەی ئازادی جامو و کەشمیر” کە لە لایەن یاسین مەلیکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. لە ساڵی ١٩٦٥ دامەزراوە و لە هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان ئەندامی هەیە. ئەم حزبە باڵی سەربازی هەیە کە لە دژی هیندستان چالاکی چەکداریی نییە.
-حزبی “کۆنگرەی گەل” کە لەلایەن عەبدولغەنی لوون دامەزراوە. ئەم حزبەش باڵی سەربازی هەیە و لە کەشمیر خاوەن جەماوەرێکی کەمە.
-“بەرەی دیموکراسی گەل” بە سەرۆکایەتی شبیر ئەحمەد شا، کە داوای ڕیفراندۆم و قبوڵکردنی ئەنجامەکەی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە دەکات. ئەم حزبە باڵێکی سەربازی بەناوی هێزەکانی موسڵمانی جەنگاوەری هەیە و چالاکی ئەوتۆی لێیان نەبینراوە.

ج- ئەو حزبانە کە پرۆسەی چوونە پاڵ پاکستان پەیڕەو دەکەن و پلانی سیاسیان، پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە لە نێوان حزبە کەشمیرییەکان و تا ئێستا لە کۆکردنەوەی نزیکەی ٣١ حزبدا سەرکەوتوبوون.
لە ٩ی ئازاری ١٩٩٣ ئەم حزبانە کۆدەنگییەکیان لەژێر ناونیشانی “حزبەکانی کۆنگرەی حوریەت” پێکهێنا کە بەرەیەکی یەکگرتووە لە رەوتە کەشمیرییەکانی دژی حکومەتی هیند و بە گشتی چالاکی سیاسی دژ بە هیندستانیان هەیە. کۆنگرەی حوریەت لەم ساڵانەی دواییدا ململانێی ناو حزبی هەبووە و دوو فراکسیۆنی سەرەکی هەیە، کە یەکێکیان بە سەرۆکایەتی سەید عەلی شا گیلانی (لە ١ی ئەیلولی ٢٠٢١ کۆچ دوای کرد) و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن میر واعیز عومەر فاروق سەرۆکایەتی دەکرێت. بەرەی سەر بە عومەر فاروق لە سرینگەر جەماوەرێکی زۆری هەیە و باڵی سەربازیشیان لەژێر ناونیشانی موجاهیدینی ئەلعومەردا کار دەکەن.
دیارترین حزبەکانی کۆنفرانسی حوریەت بریتین لە:

-“جەماعەتی ئیسلامی” کە لەلایەن ئەبوعەلا مودودی دامەزراوە و لەگەڵ چالاکی سیاسی، لەسەر پەروەردەی ئیسلامی خەڵکی کەشمیر کار دەکەن.
یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئەو حزبە سید عەلی شا گیلانی بوو.
-“کۆنگرەی موسڵمانانی کەشمیر” کە لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن شێخ محەمەد عەبدوڵڵا و چودری غوڵام عەباسەوە دامەزراوە، لە ئامانجەکەیان، ئازادکردنی کەشمیر و خستنە پاڵ پاکستان ئاماژەی پێ دراوە.
-“حزبی پەیوەندییەکانی موجاهیدین” کە لەلایەن نوسرەت عالم-ەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و باڵی سەربازیشی بە سەرۆکایەتی” ئیشتیاق ئەحمەد”ەوەیە.
-“کۆمەڵەی شیعەیانی کەشمیر” بە سەرۆکایەتی “سەید حەسەن موسەوی سەفەوی” بەڕێوەدەبرێت کە دوای کۆچی دوایی” سەید یوسف موسەوی” لە زانایانی شیعەی کەشمیر دامەزراوە و بە گشتی کاروباری مەزهەبی شیعەیان ئەنجام دەدات.
-لایەنەکانی تر بریتین لە “کۆمەڵەی گەل” (فاروق ڕەحمانی)، “کۆمەڵەی گەل” (شێخ عەبدولعەزیز)، “یەکێتی موسلمانان” بە سەرۆکایەتی مەولەوی عەباس ئەنساری کە زیاتر لە موسڵمانانی شیعە نزیکن. “بزوتنەوەی جەماوەری” بە سەرۆکایەتی فەرید بێهنجی، “کۆمەڵەی ئەهلی ئەلحەدیثی کەشمیر” بە سەرۆکایەتی مەولانا تاهری-یە، “بزووتنەوەی ئازادی جامو و کەشمیر” بە سەرۆکایەتی سەعدوڵڵا تانتری، “بزووتنەوەی بەرخۆدانی جەماوەری” بە سەرۆکایەتی غوڵام ئەحمەد میر کە فیکرەی سکولاریان هەیە، هەروەها داوای چوونە پاڵ پاکستان دەکەن.

٢- گروپە چەکدارەکان کە بۆ سەربەخۆیی کەشمیر و جامو شەڕی هێزە هیندیەکان دەکەن و بە زۆری لەلایەن پاکستانەوە پشتیوانی دەکرێن (دەزگای هەواڵگری پاکستان).
ئەم گروپانە بریتین لە:
-حزبی موجاهیدین:
حزبی موجاهیدین یەکێکە لە گەورەترین میلیشیاکانی کەشمیر کە بۆ سەربەخۆیی ئەم ناوچەیە دژی حکومەتی هیندستان شەڕ دەکات. حزبی موجاهیدین لە ئەیلولی ١٩٨٨ لە لایەن “محەممەد ئەحسن دار” دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە شاری موزەفەرئابادی کشمیری ئازادە.
هیندستان، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ئەو گروپە بە تیرۆریست دەزانن و پاکستان و تورکیاش پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ ئەو گروپەدا هەیە.
سەرەڕای ئەوەی حزبی موجاهیدین ئاشتی و دادپەروەری ئامانجی خۆی راگەیاندووە، بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا دانوستانەکانی ڕەتکردۆتەوە و تێکۆشان بە تاکە ڕێگای کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی هیندستان لە کەشمیر دەزانێت.

-لەشکری تەیبە:
گروپێکی جیهادی سەلەفیە کە لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن حافز محەمەد سەعیدەوە دامەزراوە.
ئەم گروپە لەلایەن حکومەتی هندستانەوە بەوە تۆمەتبارکراوە کە لە ساڵی ٢٠٠١ هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر پەرلەمانی هیندستان و مومبای لەساڵی ٢٠٠٨دا ئەنجام داوە (لە هێرشی سێ ڕۆژەی مومبایدا، چەکدارەکان لە ١٠ ناوچەی شارەکە وەک ناوەندەکانی بازرگانی و وێستگەی شەمەندەفەر و نەخۆشخانە و… کردەوەکانی وەک تەقینەوە، تەقەکردن و بارمتەیان ئەنجام دا و بەهۆیەوە ١٩٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون) و لەلایەن ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەک گروپی تیرۆریستی دەناسرێتەوە.

-بزووتنەوەی ئەنسار یان بزوتنەوەی موجاهیدین:
ئەم گروپە لە ساڵی ١٩٨٦ دامەزراوە و هێزەکانیان لە ساڵانی حوکمڕانی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا لە بنکەکانی قاعیدە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ڕاهێنانیان کردووە.
-جەیشی محەمەد:
ئەم گروپە لەساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن مەولانا مەسعود ئەزهەر-ەوە لە کەراچی دامەزراوە و چالاکییەکانی سنووردارە بە کەشمیرەوە. ئەم گروپە پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ لەشکری تەیبە و گروپە سەلەفییەکانی دیکەی پاکستان هەیە.

-موجاهیدینی بەدر:
ئەم گروپە لە حزبی موجاهیدین جیابووەتەوە و لە کەشمیر چالاکیەکی کەمیان هەیە.
-غەزوەی ئەنساری هێند:
گروپێکە کە لە حزبی موجاهیدین جیابووەتەوە و لەلایەن زاکیر موساوە دامەزراوە و پەیڕەوی ئەلقاعیدە دەکات. ئەم گروپە دژایەتی پاکستان و هاوپەیمانی گروپە کەشمیرییەکان دەکات.
-دەوڵەتی ئیسلامی جامو و کەشمیر: ئەم گروپە تا ئێستا مەودای چالاکی سنوورداری هەیە و هێزە هیندیەکان پێی وایە کە ئەوان پەیوەندیان بە داعشەوە هەیە و لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەدا بە تەواوی سەرکوتیان کردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .