بۆ سەرکەوتنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ئیسرائیلی نیگەران کردووە؟

نووسەر:
چوارشەممە 11 ئاب 2021 - 23:25
https://kurdish.iswnews.com/?p=3193

کەناڵی ئەلمەیادین چەند هۆکارێکی سەرەکی ترس و نیگەرانی ناوەندە ئەمنی، هەواڵگری و سیاسییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە سەرکەوتنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران شرۆڤە کردووە.

پێگەی هەواڵی کەناڵی ئەلمەیادین لە نووسینێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و نیگەرانی زایۆنیستەکانی شرۆڤە کردووە و ڕایگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنی، هەواڵگری و سیاسییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکەوتن بە دەست بێنێت.

سەرەڕای ئەوەی کە زایۆنیستەکان پێشبینی ئەم سەرکەوتنەیان کردبوو، هەڵبژاردنی بەڕێزیان وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران شۆکێکی نوێ بۆ ناوەندە ئەمنی، هەواڵگری و سیاسییەکانی ئەم ڕژێمە بووە و ئەوان لە ئێستادا کاردانەوە و کاریگەرییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە سەر ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن. هۆکاری ئەمە چییە و بۆ ڕژێمی زایۆنیستی لەم ئاستەدا لە هەڵبژاردنی ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران تووشی شۆک بووە؟

هەرچەندە زایۆنیستەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای هەڵمەتی میدیایی لە دژی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی نیگەرانییە ڕاستەقینەکانی خۆیان بۆ ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل لە خولی نوێی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بشارنەوە، بەڵام هەست بەم نیگەرانییە دەکرێت و لە سەر ئەمەش چەند خاڵێک تاوتوێ دەکرێت:

هەڵبژاردنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئێران پیشان دەدات کە پرۆژەی ئەمریکی – زایۆنیستی بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی ئێران لە ڕێگای سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ و بە هاندانی ڕاستەوخۆی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی جێبەجێ دەکرا، شکستی هێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەرقاڵی دانوستانی گەڕانەوەیە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران کە بە چەشنێک کۆتایی سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکایە لە دژی دەسەڵاتی تاران.

بەدەر لەمەش کشانەوەی پاترییەکانی سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە جێی نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی، پیشان دەدات کە جۆبایدن دەیەوێت بە پێچەوانەی ستراتیژی حکومەتەکەی دوناڵد ترەمپ، سیاسەتێکی نوێ لە بەرامبەر ناوچەکە پەیرەو بکات و بە جیدی لەو ئاڵۆزییانەی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە کەم بکاتەوە. لەم هەلومەرجەدا ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هۆشداری دەدەن کە ئەم سیاسەتەی ئەمریکا لە ناوچەکە زیاتر لە بەرژەوەندی ئێرانە و لە ڕاستیدا خەون و خولیاکانی ترەمپ و نتانیاهۆ دەخاتە زبڵدانەوە.

ناوەندە ئەمنی و سیاسییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەزانن کە هەڵبژاردنی ڕەئیسی لە ئێران بەڵگەیە لە سەر دەسپێکی تێڕوانینێکی نوێی ئەم وڵاتە لە دانوستانەکانی ڤیەننا سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی. هەروەها لەم قۆناغەدا هەڵوێستی ئێران بەهێزتر لە ڕابردوو دەبێت و لە کاتێکدا کە ئێرانییەکان بە پێچەوانەی ئەمریکا هێندە خۆیان بە خوازیاری زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە پیشان نادەن، ئەگەری وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر بۆ تاران لە ڕێکەوتنی ناوەکی و ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی زیاتر دەبێت.

هەر بۆیە دانوستان سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنی ناوەکی لە خولی سەرۆکایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، بڕیارێکی ئێرانی و فەرمی و جەماوەری دەبێت کە بە دەنگی بەرز و ڕوونی سەرجەم ئێرانییەکان ڕادەگەێندرێت.

زایۆنیستەکان پێیان وایە کە هەڵبژاردنی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئێران کە پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەیە، بە واتای بەهێزبوونی پێگەی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەش دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ئیبراهیم ڕەئیسی جەخت لە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری ئێران دەکاتەوە و بە مەرجی پاراستنی بنەما و بەرژەوەندییەکانی ئێران پاڵپشتی لە ڕێکەوتنی ناوەکیش دەکات، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە تێڕوانینی حکومەتی تاران لە پاڵپشتیکردنی بەرەی خۆڕاگری یان تەنانەت پرسی ئامادەبوونی ئێران لە سوریا و دۆسیەکانی دیکە ناکرێت و بە دڵنیاییەوە کە هەڵوێست و پاڵپشتییەکان بەهێزتریش دەبن.

ڕژێمی زایۆنیستی دەزانێت کە توانای ڕێگریی لە تەواوبوونی ڕێکەوتنی ناوەکیی نییە، وەک چۆن کە هەوڵەکانی نتانیاهۆ شکستی هێنا و تەنانەت تێچووی دەستێوەردانەکانی لە سەر دۆسیەی ناوەکی ئێران بە شکست و دوورخستنەوەی لە گۆڕەپانی دەسەڵاتی ئیسرائیل وەرگرت.

هەر بۆیە نەفتالی بنت سەرۆک وەزیرانی ئێستای ڕژێمی زایۆنیستی و ئاویو کوخاوی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەم ڕژێمە بە باشی لەم هاوکێشەیە تێگەیشتوون کە تەل ئەبیب توانای کاریگەریدانانی لە سەر دۆسیەی ناوەکی ئێران لە دەست داوە.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *