گواستنەوەی ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا بۆ ئوردن

نووسەر:
دووشەممە 9 ئاب 2021 - 17:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=3172

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: دوای بڕیارە نوێیەکانی کۆشکی سپی و پێداچوونەوە بەستراتیژی سەربازی و سیاسیدا، ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە لە ئەفغانستان ،قەتەر ،کوێت ،سعودیە و ئیمارات جێگیربوون، دەگوازرێنەوە بۆ ئوردن.

مانگی ڕابردوو کۆشکی سپی لە کشانەوەی بە قۆناغی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئوردن هەواڵی دایەوە. ئەم هەنگاوانە کە دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەستی پێ کردووە، گۆڕانکاری لە ئەولەویەتە سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی بەرپرسیارێتی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) کردووە.

بەپێی بڕیارەکانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، دابەشکردن و بڵاوەپێکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە بە شێوەی خوارەوە دەبێت:

١- قەتەر: لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا سوپای ئەمریکا بنکەی سەربازی ئەلسیلیە و بنکەی دابینکردنی چەک و تەقەمەنیی فالکۆن لە قەتەری داخست و هێز و کەلوپەلەکانی بۆ ئوردن گواستەوە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا بنکەی ئاسمانی خۆی لە بنکەی ئەلعەیدی قەتەر بهێڵێتەوە.

٢- ئەفغانستان: کشانەوەی تەواوی سەرباز و کەرەستەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، و گواستنەوەی بەشێکی بۆ ئەمریکا و بەشێکی دیکەشیان بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک تاجیکستان، پاکستان ،تورکمانستان و ئوردن. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لەم دواییانەدا دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە بۆ ئوردن گواستراونەتەوە.

٣- کوێت، سعودیە، ئیمارات: گواستنەوەی سەرباز و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمریکا کە لەو وڵاتانەدا جێگیرکراون بۆ ئوردن. دوای پەیوەندی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، بڕیار درا کە ئەمریکا هەشت سیستمی موشەکی پاتریۆت لە عێراق، کوێت و ئوردن و سیستەمێکی دژە موشەکی تاد لە سعودیە بکشێتەوە.

بۆچی ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی بۆ ئوردن دەگوازێتەوە؟

لە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ ئوردن و ئەمریکا ڕێککەوتننامەی هاوکاری بەرگریان ئیمزا کرد. ئەم بەڵگەنامەیە لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢١ دا لەلایەن حکومەتی ئوردنەوە پەسەندکرا. ئەم رێککەوتننامەیە ١٩ بڕگە لەخۆ دەگرێت کە رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا دەدات لەناو خاکی ئوردن چەک هەڵگرن، هەروەها رێگە بە کارمەندانی فڕۆکە و کەشتیە ئەمریکییەکان دەدات کە “بێ داوا کردنی ڤیزا هاتوچۆی ئەردەن بکەن”.

ئەم رێککەوتنە لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئوردن و شارەزایانی سیاسی و مافپەروەرەوە ڕەخنەی لێگیرا و زۆربەیان نیگەرانییان دەربڕی لەوەی کە ئەم رێککەوتنە نیشانەی داگیرکەریە و سەروەریی ئوردنی پێشێلکردووە و لەگەڵ دەستوور و یاساکانی ئوردندا ناگونجێت، چونکە بەبێ ڕەزامەندیی پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە تێپەڕێنراوە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گواستنەوەی سەرباز و کەلوپەلە سەربازییەکان بۆ ئوردن کە شرۆڤەکارانی ئەمریکا ئاماژەیان پێکردووە، کەمکردنەوەی هەڕەشەی هێرشە موشەکییەکانی ناوچەی کەنداوی فارس لەلایەن ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بە ووتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئوردن هاوبەشێکی گرنگ بۆ ئەمریکا لە کێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەیە و لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا دژی قاعیدە و داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی تر کار دەکات.
بە پێی ڕێککەوتننامەی ئەمریکا و ئوردن کە لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە کاری پێ دەکرێت، هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن سوود لە ١٢ بنکەی ئاسمانی و دەریایی بۆ ماوەی ١٥ ساڵ وەربگرن، کە چوار بنکەیان بە هاوبەشی بۆ مەشقکردن بە سەربازەکانی ئوردن و وەرگرتنی ڕێکاری جۆراوجۆر بەکار دەهێنرێن.

بەپێی ئەم ڕێککەوتنەش هەندێک لە بنکەکانی ئوردن لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن. بەم پێیە بنکەی ئاسمانی “موفق السلطی” دەبێتە بنکە و بارەگای سەرەکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا.
هەروەها بڕیار دراوە کە ئەمریکا کارەکانی لە بنکەی سەرەکی مەشقی هێزە ئاسمانییەکانی ئوردن (بنکەی مەشقی ئەمان) کە دەکەوێتە پایتەختی ئوردن، بنکەی دەریایی لە “ئەلحەمیمە”، بنکەی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانی ئوردن (بنکەی ئاسمانی شا عەبدوڵای دووەم)، بنکەی دەریایی لە “عەقەبە”، بنکەی مەشقی سەربازە ئوردنییەکان لە “ئەلقەویرە”، بنکەی شا عەبدوڵا بۆ مەشقی هێزە تایبەتەکانی ئوردونی، بنکەی ئاسمانی شازادە حەسەن، بنکەی ئاسمانی شازادە فەیسەڵ، بنکەی مەشقی ئەلتەتن و ١٥ بنکەی سنووریی لەگەڵ عێراق و سوریا دەست پێ بکەن.

پێشبینی دەکرێت دوای جێگیرکردنی فراوانی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بنکەی ئەمریکی “التنف” لەسەر سنووری عێراق و سوریا بەهێزبکرێت.

بڵاوبونەوەی سوپای ئەمریکا لە زیاتر لە ١٥ بنکە و سەربازگە و گۆڕینی بنکەی ئاسمانی “موفق السلطی” بۆ بنکە و بارەگای سەرەکی فەرماندەیی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا لە ئوردن، ئەوە نیشان دەدات کە ئوردن بۆ ئەمریکا بۆتە شوێنێک بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە بە بەرەی خۆڕاگری و پاراستنی ڕژێمی زایۆنستی و بەرنگاربوونەوەی ئێران! بابەتێک کە ئێران پێ قبوڵ نابێت و کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام وڵاتانی ناوچەکەی لەم پرسە ئاگادار کردۆتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *