سوپای بەریتانیا بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی چەکی ئێرانی بۆ یەمەن کرد

یەکشەممە 5 ئازار 2023 - 15:05
https://kurdish.iswnews.com/?p=23505

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزی دەریایی بەریتانیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ئاوەکانی کەنداوی عومان دەستیان بەسەر بارێکی چەکی ئێرانیدا گرتووە کە بریتین لە مووشەکی دژە زرێپۆش و پێکهاتەکانی مووشەکی بالیستیکی مەودا مامناوەند.

بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، دەستبەسەرداگرتنی بارێکی چەکی ئێرانی بۆ یەمەن، لەوانە مووشەکی دژە زرێپۆشی دێهلاوییە و پێکهاتەکانی مووشەکی بالیستیکی مەودا مامناوەندی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، هێزی دەریایی بریتانیا لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣ لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداوی عومان دەستی بەسەر بەلەمێکدا گرتووە. ئەم بەلەمە لە باشووری ئێرانەوە بە خێراییەکی زۆر بەرەو ئاوەکانی یەمەن بەڕێوە بووە کە لەلایەن کەشتی جەنگی HMS Lancaster (F229) و بەلەمەکانی دیکەی سەربازی بەریتانیاوە ڕاگیراوە.

وەزیری بەرگری بەریتانیا لە ڕوونکردنەوەی ئەم هەواڵەدا وتی: «دەستبەسەرداگرتنی ئەم بەلەمە و بوونی هەمیشەیی هێزی دەریایی شاهانە لە ناوچەی کەنداو (عومان) وەک پشتیوانییەک لە پابەندبوونمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چالاکییەک بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش لە سەرانسەری جیهان بکات.»

براد کوپەر، فەرماندەی کەشتیەگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەم بارەیەوە وتی: «ئەمە حەوتەمین دەستبەسەرداگرتنی چەک یان مادەی هۆشبەری نایاسایی ئێرانە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، ئەمەش نموونەیەکی دیکەیە لە زیادبوونی چالاکییە دەریاییە مەترسیدارەکانی ئەم وڵاتە لە سەرانسەری ناوچەکەدا. هێزە دەریاییەکانمان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هاوبەشەکانمان لە بەدواداچوونی هەر چالاکییەک کە مەترسی لەسەر سەقامگیری ئەمنی و دەریایی ناوچەکە دروست بکات.»

بەپێی ڕاگەیاندن و بەڵگەکانی سوپای ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەمە چوارەمین ئۆپەراسیۆنە بۆ ڕێگریکردن لە ناردنی چەکی ئێرانی بۆ یەمەن لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو. ئەم وڵاتانە کە لەژێر ناوی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە ناوی “هێزەکانی ١٥٣” لە ناوچەکەدا کاردەکەن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ٩ی ئەیلوول و ٦ی کانوونی دووەم و ١٥ی کانونی دووەم و ٢٣ی شوباتدا دەستیان بەسەر چوار باری چەک گرتووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *