یادداشت: جەنگ هێشتا دەستی پێنەكردوە

  یاسر قەزوینی حائیری
نووسەر: یاسر قەزوینی حائیری
یەکشەممە 26 شوبات 2023 - 21:31
https://kurdish.iswnews.com/?p=23303

“هێشتا شەڕ دەستی پێنەکردووە” دروشمی فیلمە نافەرمییەکەی ئەم دواییەی داعشە بە ناونیشانی (WAR AND MEDIA) کە لە ڕاستیدا بەشی دووەمی فیلمی دیکۆمێنتیاریی “البدایه و النهایه”یە لە دوای بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەم لە ساڵی ٢٠٢١. ئەم فیلمە ناوی (THE END AND THE BEGINNING 2)ـە، و بە (WAR HASN’T BEGUN YET) یان “الحرب لم تبدا بعد” دەناسرێتەوە.

فیلمی بە کوالیتی لە ڕۆژانی بێ کوالێتی

ئەم فیلمە لە کاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە داعش لە خراپترین ڕۆژەکانیدایە لە ڕووی ئامارەوە، بە جۆرێک کە بەپێی ئەو ئامارانەی داعش لە کۆتا هەفتەی مانگی یەکدا بڵاویکردۆتەوە، ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە تاکە ژمارە. ئەم فیلمە پێشهاتەکانی ویلایەتی سیانە نیمایش دەکات. ویلایەتێک کە تەنها چوار کەس لە وێنەکەدا ئامادەن لە کاتی بەیعەتدانی ئەم دواییە بە ئەبو حوسێن ئەلحسێنی خەلیفەی نوێی داعش. ئەمە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٩ مانگ لەمەوبەر لە کاتی بەیعەتدان بە ئەبو حەسەن ئەلهاشمی خەلیفەی کۆچکردووی داعش، ژمارەی ئەو کەسانە لە سینا زیاتر بوو.

بەیعەتی چوار کەس لە ئەبولحوسێن ئەلحوسەینی لە سینا

سینا و ئاخر زەمان

هەر لە فیلمە گرنگەکەی “لهیب الحرب٢”دا بوو کە پێگەی سینا وەک یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی چالاکیی داعش وەک ئەو ناوچەیە هەژمار کرا کە شەڕی ئاخر زەمانی داعش لێ دەستپێدەکات. شەڕێک کە هێشتا دەستی پێنەکردووە!

دوژمن لە سەرەتاوە

یەکێک لە نەریتەکانی فیلمسازیی داعش ئەوەیە کە لە فیلمە گرنگەکاندا قسەی دوژمنانی وەک بوش، ئۆباما یان ترەمپ لە سەرەتای فیلمەکەدا وێنا دەکرێت و لەگەڵ ئەم سەرەتایەشدا فیلمەکە دەستی پێ دەکرا. لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێدا کە داعش بڵاویکردووەتەوە، لە وتارێکی ستیڤن کینگ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥ کەڵک وەردەگرێت. ئەو ئاواتەخوازە بتوانێت لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی بەناو میانڕەو بەسەر داعشدا سەربکەوێت، ئەو داعشەی کە بە بۆچوونی ئەو ١٤٠٠ ساڵە لەگەڵ شارستانیەتی ڕۆژئاوا شەڕ دەکات.

 فیرعەون و موسا

دوای ئەمەش فیلمەکە بە شەڕی فیرعەون و موسا سەلامی خوای لێبێت دەست پێدەکات، چونکە داعش شەڕی خۆی بە شەڕی حەقیقەت لە دژی پۆچ، وە وەک درێژەپێدەری خەباتی پێغەمبەران دەزانێت، هەر وەک چۆن لە بەشەکانی دیکە ئاماژە بە پێغەمبەر نوح و ئیبراهیم، ​​سڵاوی خوایان لێ بێت، دەکات. بەڵام ئەمجارە کە بابەتی فیلمەکە میسر و سینایە، ئاماژەیە بۆ فیرعەون و موسا دەکات.

کۆتایی پاڵەوان و سەرەتای شەڕەکە

لە بڵاوكراوی  ٢٠٢١ی النهایە و البدایة ا باس لە پێکهاتنی داعش لە عێراق و سوریا دەکات و باس لە بەرخۆدان لە دژی داگیرکەری ئەمریکی و کوتلە سوننە و شیعەکان و کوتلەکانی بەرخۆدانی جیهادی دەکات کە هیچ کامیان وشەی باو نین لە ئەدەبیاتی فەرمی و تەنانەت نافەرمی داعش، و ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی ئێمە مامەڵە لەگەڵ فیلمێکی فەرمی داعشدا ناکەین، بەڵکو یان کۆمەڵێک هاوسۆز و بە شێوەیەکی نافەرمی ئەم فیلمەیان بەرهەم هێناوە، یان داعش ویستویەتی لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە هەندێک لێدوانی نافەرمی بدات. فیلمەکە کە لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە بەرخۆدان لە دژی داگیرکەران لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دروست بووە و لەلایەن ئەلتوحید و جیهاد زەرقاوی سەرکردایەتی کراوە. لە درێژەی فیلمی ٢٠٢١ باس لە سەرکەوتنەکانی التوحید و الجهاد زەرقاوی تا ساڵی ٢٠٠٦ و کوشتنی زەرقاوی دەکات.

هەڵسەنگاندینی فلیمی كۆتایی و سەرەتایی ١ و ٢

هەڵسەنگاندینی فلیمی كۆتایی و سەرەتایی ١ و ٢

بە بەراوردکردنی مۆنتاژکردنی دوو فیلمی یەکەم (٢٠٢١) و دووەم (٢٠٢٣)، دەبینین کە فیلمی ٢٠٢٣ دەیەوێت خالید موساعد وەک زەرقاوی سینا یان زەرقاوی میسری بناسێنێت. لە هەردوو فیلمەکەدا کوشتنی زەرقاوی و خالد موساعد کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتایەکە. بە لەبەرچاوگرتنی گوتاری فیلمی ٢٠٢٣ هێشتا شەڕ دەستی پێنەکردووە.

خالید مساعد ئەمیری گروپی ئەلتەوحید و ئەجیهاد لە سینا

لە فیلمی ٢٠٢٣ دا پێکهێنانی گروپی ” انصار بیت‌ المقدس” چەند ساڵێک دوای تەوحید و ئەلجیهاد لەبەرچاو دەگیرێت. ئەو گرووپەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان لە دژی ئیسرائیل ڕێکخستووە، لە کاتێکدا فیلمی ٢٠٢١ باس لە پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق دەکات لە دوای کوژرانی زەرقاوی و قسەکانی ئەیمەن زەواهیری سەبارەت بە کۆتاییهاتنی کاری قاعیدە لە عێراق و شەرعیەتی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەبو عومەر ئەلبەغدادی.

 تۆنێکی جیاواز لە گوتاری  فەرمی

فیلمی ٢٠٢٣ بە تۆنێکی جیاواز لە گوتاری فەرمی داعش باس لە پێکهاتنی شۆڕشی میسر لە ساڵی ٢٠١١ دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی چارەسەری ئاسایی داعش کە بریتییە لە وازهێنان لە چارەسەری ئاشتیانە و چەک هەڵگرتن، باس لەوە دەکات کە خۆپیشاندەرانی میسریش بە هەمان شێوە دواجار وازی لە چارەسەرە ئاشتیانە هێنا و چەندین بنکەی پۆلیس لە میسر ئاگریان تێبەردرا. بەم شێوەیە محمد حوسنی موبارەک دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی میسر کێشایەوە و ئەو خەڵکەی پێیان وابوو بەڕاستی موبارەک کەوتووە، وازیان لە فشارەکانیان هێنا و گەڕانەوە ماڵەکانیان. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە دەوڵەتێکی قووڵی سەر بە ڕژێمی پێشوو ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە دەکرد.

ئیخوان موسلیمین لە میسر و عێراق

سەرەتای جموجۆڵەکانی هەڵبژاردن لە میسر تەوەری داهاتووی فیلمی ٢٠٢٣یە. ئەوەی کە گروپەکانی ناوسراو بە ئیسلامی سیاسی، دەستیان بە پڕوپاگەندە بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنانە کردووە و بەهۆی تەماحی دەسەڵاتەوە دەستیان بە پاشەکشەکردن لە بیروباوەڕەکانیان کردووە. فیلمەکە نموونەی ئەو شتانە دەهێنێتەوە کە بە پاشەکشە دەزانێت لە کاندیدی سەلەفییەکانی میسر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری میسر و محەممەد مورسی.

لە قۆناغی دواتردا فیلمەکە باس لە کوشتنی خۆپیشاندەران و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە لایەن سوپای میسر و کۆمەڵکوژی یاریگای بورسعید و خیانەتکردن لە هەندێک گەنج کە لەگەل شۆڕشدا بوون، هەروەها خیانەتی ئیخوان موسلیمین و کارەکانیان وەک سیخوڕی دەسەڵات دەکات. لەم بەشەدا داعش و گرووپە پێکهێنەرەکانی لە سینا وەک تاکە گرووپێک دادەنرێن کە بەرگری لە میسرییەکان لە بەرامبەر دەسەڵات دەکەن. لەم بەشەدا ئیخوان موسلیمین لە تەنیشت سوپا و دژی شۆڕش دادەنرێت.

 فیلمی ٢٠٢١، دوای باسکردنی التوحید و الجهاد الزەرقاوی لە عێراق، باس لە پێکهێنانی گروپەکانی سەحوە لە عێراق لەلایەن ژەنەڕاڵ پێترایۆس، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لەو کاتەدا دەکات. جێگای سەرنجە لە فیلمی ٢٠٢١ کە تایبەتە بە عێراق و سوریا، ناوی ئیخوان موسلیمینیش شوێنێکی تایبەتی هەیە، ناوێک کە لەگەڵ چەند گروپێکی پەیوەندار بە سەحەواتەوە لەوانە، (کتائب ثوره العشرین، المجلس السیاسی للمقاومه العراقیه، الجیش الاسلامی، جیش المجاهدین، الهیئه الشرعیه لانصار السنه، حماس العراق، حرکه جامع) دادەنرێت. لە ڕوانگەی داعشەوە، نوێنەرانی سیاسی سەحوات کەسانی تر جگە لە باڵی ئیخوان موسلیمینەکانی عێراق نەبوون. لە ڕاستیدا داعش هەرگیز ئامادە نییە واز لە بێ شەرعیەت کردنی ڕکابەرە جددی و سەرەکی لە مەیدانی جیهانی ئیسلامیدا، واتە ئیخوان موسلیمین بهێنێت.

داعش لە دژی ئیسرائیل

فیلمی ٢٠٢٣ لە خولەکی ١٠ و بە کەڵک وەرگرتن لە ڤیدیۆیی ئەرشیفی گروپی انصاربیت المقدس، باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم گرووپە دەکات، بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی ام الرشراش، کە لە مانگی ئابی ٢٠١١ دژی هێزە تەیبەتەکانی ئیسرائیلییەکان لە نێوان هەردوو شاری ام الرشراش و بئرسبع ئەنجامدرا. ئەو ئۆپەراسیونەی کە بەپێی فیلمەکە، پاسکال ئەفرایم قەناس بەدەستی ئەفسانەی ئیسرائیلی کوژرا. پێدەچێت یەکێک لە ئامانجەکانی داعش لە دروستکردنی ئەم فیلمەدا خۆ دەرخستنەوە وەک دژە ئیسرائیلیەک بێت.

دروستکردنی ئۆپەراسیونی ال الرشراش لەلایەن میدیاکانی داعشە

شۆڕش، داعش و فیلم

لە فیلمی ٢٠٢١دا ئاماژە بە نائارامییەکانی مانگی ئازاری ٢٠١١ی سوریا کراوە و ئەوەی کە توندوتیژی سوپای سوریا بووە هۆی ئەوەی خۆپیشاندەران چەک هەڵبگرن. لەم بەشەی فیلمەکەدا دەربڕینگەلێکی وەک “المتظاهرون العزل” کەڵک وەرگیراوە، کە لە گوتاری داعشدا هیچ جێگایەکیان نییە. لەم بەشەدا هاتنی داعش بۆ ناو سوریا بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا لە شۆڕش دادەنرێت و چەمکی “الثورە” (شۆڕش) بە چەمکێکی ئەرێنی دادەنرێت، کە لە گوتاری فەرمی داعشدا هیچ جێگایەکی نییە.

لە فیلمی ٢٠٢٣دا هەروەها بینیمان داعش ئەو وشە و دەربڕینانە بەکاردەهێنێت، کە بۆنی لایەنگری خۆپیشاندەران لە دژی سوپای میسری لێدێت، پرسێک کە لە گوتاری فەرمی داعشدا بەم شێوەیە نابینرێت. لە ڕاستیدا داعش لە گوتاری فەرمی خۆیدا بە شێوەیەکی گشتی شۆڕشگێڕان و دژە شۆڕشگێڕان بە چاوێک دەبینێت، لە کاتێکدا لە النهایه و البدایه بە شێوەیەکی جیاواز تەماشای خۆپیشاندەران دەکرێت. وەک ئەوە وایە داعش لە کاتی مامەلەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا زمانی دۆستانە یان هاوسۆزی بەکاربهێنێت!

غرباء

سرودە  بەناوبانگ و کاریگەرەکەی غرباء نەک هەر لە سەرەتای فیلمی ٢٠٢٣، بەڵکو لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا و لە کاتێکدا لەلایەن ئەندامانی ئەنساربیت المقدیسەوە دەوترێتەوە، پەخش دەکرێت. پێدەچێت ئەم سروودە زیاتر لەگەڵ مەزاجی داعش لە سینادا بگونجێت. بۆیە لە فیلمی ٢٠٢٣دا شوێنەواری قووڵی لێ دەبینین، بەڵام لە فیلمی ٢٠٢١دا هیچ شوێنەواری نییە.

سید قطب لە فیل،ی کۆتایی و سەرەتا ٢

چەک؛ تاکە چارەسەر

فیلمی ٢٠٢٣ زیاتر باس لە کودەتاکەی سیسی و گرنگی نەدانی ئیخوان بە ئامۆژگارییەکانی موجاهیدین بۆ هەڵگرتنی چەک دەکات، هەروەها ڕەخنە لە قسەکانی محەمەد بەدیع مورشیدی سەردەمی ئیخوان موسلیمین دەگرێت، کە ئاشتیخوازی لە گەللە بە بەهێزتر دەزانی. جێی ئاماژەیە ئەم لێدوانەی محەممەد بەدیع چەندین جار لە گوتارە فەرمییەکانی داعش ڕەخنەی لێ گیراوە.

بەڵام لەم بەشەدا باس لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازی ئیخوانەکانی دوای کودەتا لە شوێنە جیاجیاکان و بەتایبەتی لە رابعه ئەلعدویه بە وردی و بە تاڵیی باس دەکرێت، بێ گومان ئەم بەشەی فیلمەکە کە باس لە مەرگی نەهزە و رابعه ئەلعدویه دەکات لە گوتاری فەرمی داعش نابینرێت. سۆز لە فیلمەکەدا لە رابعه ئەلعدویه لە قاهیرە دەگۆڕێت بۆ سینا و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ تاوانەکانی سوپای میسر دژی خەڵکی سینا دەکات. بەگشتی گوتاری فەرمی داعش پەیوەندی لە نێوان کوشتنی خۆپیشاندەران و کوشتنی خەڵک لە سینا دروست ناکات، بەڵام لەم فیلمەدا ئەم پەیوەندییە بە کەڵک وەرگرتن لە فۆرم و ناوەڕۆک دامەزراوە.

كافر كردنی سوپاكان

فیلمی ٢٠٢٣ بەردەوامە لە باسکردنی لێدوانی ئەبو محمد ئەلعەدنانی وتەبێژی کوژراوی داعش، کە تیایدا سوپای وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەت سوپای میسر تەکفیر دەکات و ئەم لێدوانەش بە کاریگەر دەزانێت لە مەیدانی سینادا. ئەم بەشەی فیلمەکە کە لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا ڕوودەدات، لە ڕاستیدا تەواوکەری بەشی یەکەمی فیلمەکەیە، کە تێیدا ستیڤن کینگ، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥، هیواخوازە سەرکردەکانی وڵاتانی ئیسلامی شەڕی داعش بکەن.

دوای ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانی انصاربیت المقدس دژی ئیسرائیلییەکان، و دوای ئەوەی سوپای میسر وەک یاریدەدەرێکی سوپای ئیسرائیل لە شەڕی انصاربیت المقدس دا سەیرکرا، هاوکات لەگەڵ قسەکانی ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی لە دژی سوپای میسر، نۆرەی ئۆپەراسیۆنەکانی انصاربیت المقدس دژی سوپای میسر دەگات. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە فیلمی ٢٠٢١ دیمەنی ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکانی گرووپی داعش دژی سوپای سوریاش پیشان دەدات.

ململانێی نێوان داعش و هێزە چەکدارەکانی سوریا

یەکێک لەو بابەتانەی کە هەردوو فیلمی یەکەم و دووەم باسی دەکەن، جیاوازی نێوان داعش و گروپە چەکدارەکانی سوریایە، بەتایبەتی جەبهەت نوسرە. بابەتێک کە لە فیلمی یەکەم بابەتێکی سەرەکییە و لە فیلمی دووەمدا بابەتێکی لاوەکییە. لە ڕاستیدا هەروەک فیلمی دووەم ئاماژەی پێدەکات هەر ئەم ململانێیە و داواکەی ئەبو محمد ئەلعەدنانییە لە گروپە جیهادیەکان بۆ هەڵوێستی ڕوون کە دواجار انصاربیت المقدس دەکاتە باڵی داعش لە سینا.

بەیعەت لەگەڵ داعش

ویلایەتی سینای داعش بەتایبەت دوای داوای ئەبو محمد ئەلعدنانی و هەروەها دوای سەرهەڵدانی ئەوەی بە دوژمنایەتی بەرەی كوفر لە دژی داعش دادەنرێت، دروست بوو. لەم نێوەندەدا دوو ئەندامی انصاربیت المقدس بە ناوەکانی “هیشام عەشماوی” و “عومەر ڕیفاعی سەروەر” بەیعەتیان بە داعش نەدا. عەشماوی و ڕیفاعی سەروەر لە سینا هەڵدێن، عەشماوییش دەچێتە درنای لیبیا، لەوێ بە پێی فەتوای عومەر ڕیفاعی سەروەر لەگەڵ داعش شەڕی کرد و دواجار لەلایەن هێزەکانی میسرەوە دەستگیر و کوژرا.

هیشام عەشماوی لە فیلم

دژی قبتییەکان

بەشی دیکەی فیلمی ٢٠٢٣ باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی داعش دژی قبتییەکانی میسر و شەرعیەتدان بەو ئۆپەراسیۆنانە دەکات. لەم بەشەی فیلمەکەدا بە تایبەتی باس لە کوشتنی ٢١ دیلیە قبتی دەکات لە لیبیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ و داوای ئاڵوگۆڕی ئەم دیلانە لەگەڵ هەندێک ژنی مەسیحی دەکات کە دەوترێت لەلایەن قبتییەکانەوە شاردراونەتەوە. لەم نێوەندەدا گوتاری فەرمی داعش ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسێدارەدان بە شێوازێکی جیاواز و بە تامێکی ئاخر زەمانی دەگێڕێتەوە و بێگومان بە ئاماژەدان بە مێژووی شەڕە پلەدارەکان. لەم بەشەدا ڕوونە کە بەرهەمهێنەرانی ئەم فیلمە گوتارێکی نەرمتریان لە گوتاری فەرمی داعش وەرگرتووە، بەتایبەتی کە دیمەنی لەسێدارەدانی قبتییەکان لە فیلمەکەدا نیشان نەدراوە.

 چیرۆکی سێ ئەفسەری جیابوونەوە لە سوپای میسر

حەنەفی جەمال سەلمان، محەمەد جەمال عەبدولحەمید و خەیرات سامی ئەلسەبکی سێ ئەفسەری تایبەتی سوپای میسر بوون کە لە سینا پەیوەندییان بە داعشەوە کرد. چیرۆکی ئەم سێ کەسە بۆ یەکەمجار لەلایەن کەناڵی ئەلجەزیرە لە فیلمێکی دیکۆمێنتارییدا پێشکەشکرا، بەڵام زۆری نەخایاند ویلایەتی سینای داعش بە نمایشکردنی فیلمێک هێرشی کردە سەر ئەلجەزیرە و ئەم سێ کەسەیان هێنایە بەردەم کامێرا، هەرچەندە هەر سێ کەسیان لەو کاتەدا کوژرا بوون، فیلمی النهایە و البدایه ی ٢ هەروەها فیلمی ویلایەتی سینای ئەم سێ کەسە بەکاردەهێنێت و وردەکاری زیاتری چالاکییەکانیان لەنێو ڕیزەکانی داعشدا بڵاودەکرێتەوە. ئەو وردەکاریانەی کە لە ڤیدیۆی فەرمیی ویلایەتی سینای داعشی ئەم سێ کەسەدا نابینرێن.

دوو ئەفسەری میسری لە ریزەکانی داعش پێش لەسێدارەدانی دیلەکان

گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سینا

فلیمی النهایه و البدایه ٢ باسی ئەم بابەتە دەكات کە ئەو گروپانەی لەلایەن سوپای میسرەوە دژی داعش هان دەدرێن، لە راستیدا بازرگانی مادەی هۆشبەرن. لە، فیلمەدا سالم لافی بە یەکێک لە گەورەترین بازرگانەکان ناو دەهێنرێت. ئەو هەیندە بە ناوبانگ بوو كە سینەمای میسری فلیمیكی بە ناوی ( بەد مەن ) لە ناوبراو بەرهەم هێنا بەڵام لە كۆتایی دا لە زیندان ئازاد دەكریت و لە دژی داعش هاوكاری سوپایی میسیر دەكات و سەرنجام كوژرا.

سالم لافی

چیرۆکی فیلمی لهیب الحرب

لە فیلمی لهیب الحرب ٢ کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە لایەن دامەزراوی ئەلحەیاتی داعشەوە بڵاوکرایەوە، کۆمەڵێک فیلم بە کامێرای گۆپڕۆ لە ویلایەتی سینا هەیە، کە زۆر تەواو و سەرنجڕاکێش بوون. ئێستا دوای چەندین ساڵ، چیرۆکی ئەو فیلمە لە فیلمی نافەرمی النهایه و البدایه ٢دا دەگێڕدرێتەوە، کە ئەم وێنانە پەیوەندییان بە هێرشەکەی حەنەفی جەمالەوە، لە ٧ی تەمموزی ٢٠١٧ بۆ سەر بارەگای ١٠٣ فەوجی تایبەت هەیە، کە بە هۆیەوە ئەلمەنسی فەرماندەی فەوجی ١٠٣ی بروسکە لەگەڵ زۆرێک لە هاوەڵانی دەکوژرێن.

دیمەنێکی هێرش نۆ سەر فەوجی بروسکە

نزیک لە کەناڵی سوێس و ڕێککەوتنی سەدە

فیلمەکە لە کۆتا خولەکەکانیدا، باس لە ئۆپەراسیۆنی داعش لە سینا دەکات، ناوچەیەک لە ناوچەی داعش نییە. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەوترێت کە ستراتیجی داعش لەم ئۆپەراسیونە زیاتر نزیکبوونەوە لە کەناڵی سوێسە تا پلانەکانی رێککەوتنی سەدە بە تایبەت سەبارەت بە سینا پووچەڵ بکاتەوە. یەکێک لە كۆتا ئۆپەرسیونەكان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢، کە داعش ئۆپەراسیۆنێک لە ئیسماعیلیه لە ڕۆژئاوای سینا دژی سوپای میسر ئەنجامی دا.

لە کۆتایی فیلمەکە گوتەكانی ئەبو محمد ئەلعەدنانی ووتەبێژی کوژراوی داعش دانراوە.

وەرگێڕان: فاروق فائق

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *