وەزیری بەرگری ئێران: سوریا گرنگترین بەشی بەرەی خۆڕاگرییە

هه‌ینی 24 شوبات 2023 - 22:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=23220

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بەرگریی سوپای سووریا لە سەردانێکی فەرمی بۆ تاران لەگەڵ وەزیری بەرگری ئێران کۆبووەوە.

فەریق ئەمیر ئاشتیانی، وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: «بوێری و کۆڵنەدانی خەڵک و هێزە چەکدارەکان لە دژی گروپە تیرۆریستییەکان بوو کە ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا بەدیهێناوە. سوپاس بۆ خوا لە سایەی خۆڕاگری و خەباتی هێزە چەکدارەکانی سوپای سوریا هاوکات لەگەڵ هاوکاری هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری، ئێستا سوریا بە سەربەرزیەوە وەستاوە و پیلان، خیانەت، فێڵ و هێرشەکانی پووچەڵ کردووەتەوە.»

وردەکاری زیاتری ئەم دیدارە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەردانی فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بەرگریی سوپای سوریا بۆ تاران و دیدار لەگەڵ وەزیری بەرگری ئێران لەم کاتەی ئێستادا و بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سوریا گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت. وڵاتی سوریا هەمیشە لەژێر هێرشی ئاسمانی ڕژێمی زایۆنیستیدایە و سەرەڕای جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ڕووسیا لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە، ئەم هێرشە ئاسمانییانە هەندێک جار قوربانیی سەربازی و مەدەنی لێدەکەوێتەوە.

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ئاسمانی و بەرگریی سووریا لەگەڵ فەرماندەکانی ئێران، پرسی پەرەپێدان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی سوپای سووریا یان تەنانەت جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری دروستکراوی ئێران لە ناوچە هەستیارەکانی سووریا لە لایەن ڕاوێژکارانی ئێرانییەوە بەهێزتر دەکات. لەم حاڵەتەدا ئەم هەنگاوەی ئێران دەتوانێت زیانەکانی سووریا لە هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی زایۆنیستی کەم بکاتەوە و ڕێگری لەوە بکات ئیسرائیل بە ئامانجەکانی بگات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *