کۆماری ئازەربایجان؛ بۆ ئێران سەفەر مەکەن!

سێ شه‌ممه‌ 31 كانونی دووه‌م 2023 - 16:29
https://kurdish.iswnews.com/?p=22336

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ چەند ڕۆژ دوای هێرشە چەکدارییەی سەر باڵیۆزخانەی باکۆ لە تاران، کۆماری ئازەربایجان هۆشداری بە هاووڵاتیانی دا کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن.

لە دوای هێرشی کەسێکی چەکدار بۆ سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران و هەڵوێستی توندی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان هۆشداری دایە هاووڵاتیانی کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن!

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان لە ڕاگەیاندراوێکدا بە ئاماژەدان بە ڕووداوی ئەم دواییەی باڵوێزخانەی باکۆ لە تاران ڕایگەیاند: “بە هۆی دۆخی ناسەقامگیری کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر نوێنەرایەتی دیپلۆماسی کۆماری ئازەربایجان، ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکرێت کە ئەگەر بۆ کارێکی پێویست نەبوو، خۆیان لە گەشتکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بەدوور بگرن.”

لەم ڕاگەیاندنەدا هەروەها ئامۆژگاری هاووڵاتیانی کۆماری ئازەربایجان کە لەئێستادا لە ئێرانن کراوە کە پابەندی ڕێساکانی سەلامەتی و ئەمنیەتی بن. لە کۆتاییدا باس لەوە کراوە کە هاوڵاتیانی کۆماری ئازەربایجان دەتوانن بۆ خزمەتگوزاری کونسوڵگەری سەردانی کونسوڵخانەی ئەم وڵاتە لە شاری تەورێز بکەن.

شایانی باسە لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری هەینی ڕابردووی کەسێکی نەناسراو بۆ سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، عەسگرۆڤ ئۆرخان ڕزڤانۆغڵو، سەرۆکی تیمی ئەمنیی باڵیۆزخانەکە کوژرا و دوو کارمەندیشی بریندار بوون.

سەرەڕای ئەوەی کە هێرشبەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری ئەم کارەی کێشەیەکی کەسی و بنەماڵەیی بووە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند کە پڕۆسەی چۆڵکردنی کارمەندان و دیپلۆماتکارانی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران تەواو بووە. دوای ئەوە “خەڵەف خەڵەفوڤ”، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، ڕایگەیاند کە ڕاگرتنی چالاکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران نابێتە هۆی پەکخستنی چالاکییەکانی کونسوڵگەری کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز، و چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە کونسوڵگەری تەورێز ناگرێتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *