سعوودیە و دوژمنایەتییەکی بێ ئەنجام لە بەرامبەر سوریا

  جام کوردی
نووسەر: جام کوردی
هه‌ینی 27 كانونی دووه‌م 2023 - 21:03
https://kurdish.iswnews.com/?p=22164

بە تێڕوانین لە شەڕی ١٢ ساڵەی سوریا و تاوانی گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا – وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی بەوە دەگەین کە ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتییان لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا کردووە و بە دیاریکراوی دەتوانین ناوی سعوودیە بهێنین.

بە دەستپێکردنی قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ و بوونی بە شەڕێکی نێودەوڵەتی لە دژی خەڵکی ئەم وڵاتە، دەستێوەردانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، تورکیا، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و هەروەها ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بۆ لەم شەڕەدا دەستیپێکرد و ئەوان بوونە پاڵپشت و هاوڕێی گرووپە تیرۆریستییەکان لەم قەیرانەدا کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بووە شەڕێکی نێودەوڵەتی.

ئەگەرچی ئیمارات پاش نزیکەی یەک ساڵ لە قەیرانی سوریا تا ڕادەیەک وازی لەم قەیرانە و پاڵپشتیکردنی تیرۆریستان هێنا و تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٩ باڵیۆزخانەکەشی لە دیمەشق کردەوە بەڵام دوو وڵاتی سعوودیە و قەتەر هێشتا درێژە بە پاڵپشتی خۆیان بۆ تیرۆریستانی شەڕکەر لە سوریا دەدەن.

بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و دیمەشق، ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش دەیانەوێت واز لە سیاسەتی ڕابردوو و پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان بێنن و ڕێگای باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ حکومەتی سوریا بگرنەبەر.

ڕۆژنامەی ” الوطن ” ی سوریا ڕایگەیاندووە کە سعوودیە هەوڵی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ دیمەشق دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە بەم دواییانە لە گەڵ گێر پدرسۆن نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا کۆبووەتەوە و سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتە بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کردووە و هەروەها لە چاوپێکەوتنی ئاژانسی ئەمریکی بلۆمبێرگ باسی چەند هەنگاوێکی لەم بوارەدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی زیاتر هەیە.

لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە سەبارەت بە پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا ڕووداوێکی سادە نییە و ئەنجامی کۆمەڵە هەنگاوێکی وڵاتانی عەرەبییە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز لە گەڵ سوریا بە تایبەت سەردانەکەی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە.

پێویستە بوترێت کە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ دیمەشق لە پێماو دەستپێکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ سوریا و کرانەوەیەکی سیاسی لە پەیوەندییەکانی دیمەشق و جیهانی عەرەبییە کە بە دەستپێکردنی قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ و پاڵپشتی ژمارەیەک لەو وڵاتانە لە گرووپە تیرۆریسییەکان ڕوبەڕوی کێشە بووەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی عەرەبی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ سوریا بە ڕۆژنامەی ” الوطن ” یان ڕاگەیاندووە کە سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ سوریا لە چوارچێوەی زیندووکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی و سوریا بە تایبەت پەیوەندییەکانی دیمەشق – ڕیاز بووە. لە بەیاننامەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری سوریا پاش کۆبوونەوەکەی بەشار ئەسەد و وەزیری دەرەوەی ئیمارات هاتبوو کە جەخت لە سەر گرنگی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا و ڕۆڵی ئەرێنیی ئیمارات لە ناوچەکە کراوەتەوە.

لەم پێناوەدا دەوترێت کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوریا سەردانی ڕیازی کردووە و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سعوودیە کۆبووەتەوە.

یەکێکی دیکە لەو هێمایانەی کە پیشان دەدات ڕەنگە تێڕوانینی ڕیاز بەرامبەر بە دیمەشق بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، هەڵکردنی ئاڵای سوریا لە شەقامەکانی ڕیاز لە میانەی کۆبوونەوەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و سەرۆک کۆماری چین بووە. پاش ئەوەش بوو کە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕاتگەیاند کە هیچ بەربەستێکی سیاسی بۆ هاوردەکردنی بەرهەمەکانی سعوودیە نییە. ئەگەرچی ئەمەش هەنگاوێکی ئابورییە بەڵام ڕەهەندی سیاسی ڕوونی هەیە

چەندین سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس لە گەڵ چین و هەروەها هەڵوێستی ئەوان لە بەرامبەر شەڕی ئۆکرانیا پیشان دەدات کە سیاسەتێکی جیاوازیان لە سەر کاروباری ناوچەکە لە گەڵ ئەمریکا هەیە. ئەم وڵاتانە سیاسەتی گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ دیمەشق هەڵبژاردووە. دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و سوریا و هەوڵی هاوشێوەی تورکیا لەم چوارچێوەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

ئەڵبەت پێویستە ئەوەش بوترێت کە واشنتن بە ئاشکرا دژایەتی خۆیی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لە گەڵ سوریا ڕاگەیاندووە.

بە پێی هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا، وڵاتانی وەک سعوودیە نایانەوێت لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دوور ببنەوە. بە دڵنیاییەوە کە نزیکایەتی وڵاتانی ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکییەکان و شەڕ باشترین بژاردەیە بۆ ناوچەکە. ئەو بژاردەیەی کە لە ساڵانی ڕابردوو پێچەوانەکەی لە لایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا لە ناوچەکەدا بینراوە.

دەبێت چاوەڕوان بین کە دۆسیەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و تورکیا لە گەڵ سوریا لە مانگەکانی داهاتوو بە کوێ دەگات و ئەنجامەکەی چۆن دەبێت و ئایا ئەوان وانەیان لە سیاسەت و هەڵسووکەوتی هەڵەی خۆیان لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوو وەرگرتووە یان نە؟

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *