خۆپیشاندان لە تەلئەبیب؛ ناتانیاهۆ توندڕەوتر لە جاران

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
هه‌ینی 27 كانونی دووه‌م 2023 - 23:06
https://kurdish.iswnews.com/?p=22160

خۆپیشاندانەکانی ٢١ی کانونی دووەم لە شارەکانی قودس، تەلئەبیب و حەیفا دژی سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی نوێ، کاردانەوەی زۆری لە ناوەوە و دەرەوەی فەلەستینی داگیرکراو بەدوای خۆیدا هێنا. بەگوێرەی (هارێتز)ی ئیسرائیلی، زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس لە شاری حەیفا و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە شەقامی کاپلانی تەلئەبیب گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان دژی ناتانیاهۆ ئەنجامداوە.

ناتانیاهۆ کە لەگەڵ هاوپەیمانییەکی بەهێزی ڕاستڕەوی توندڕەو و کاهانیستەکان توانی لە هەڵبژاردنی کنێست سەرکەوتن بەدەست بھێنێت، گرنگترین وەزارەتەکانی وەک وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆی بە کەسایەتییە توندڕەوەکانی وەک ئیتمار بێنگویر، بێزالێل سمۆتریچ و ڕابی ئاریە درعی دا. ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی کە فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن، چەپەکان، شەپۆلێکی ڕەخنە ئاراستەی ناتانیاهۆ و کابینەکەی بکەن. هەر بەو هۆیەشەوە نەیارانی هانی خەڵکیان بۆ بەشداریکردن لەم خۆپیشاندانە دا.

سەرۆکی پێشووی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل، “ئەڤیڤ کۆخاڤی” و وەزیری پێشووی دەرەوە، “یائیر لاپید” ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری لە ڕێوشوێنەکانی دژی ناتانیاهۆ سەبارەت بە سیاسەتەکانی سیستەمی دادوەری دەکەن. یائیر لاپید چوارشەممەی پێش خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند کە ئامانج لەم خۆپیشاندانە کۆتایی هێنان بە هەڵسوکەوتە شێتانەی ناتانیاهۆ و کابینەکەی دەبێت. ناوبراو هەروەها رایگەیاندبوو کە بە بەشداریکردن لەم خۆپیشاندانەدا پشتیوانی لە وڵاتە ئازیزەکەمان لەبەرامبەر لە ناوچوونی دیموکراسی دەکەین.

هەرچەندە زۆربەی لێدانەکانی فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و چەپەکان بەرامبەر بە ناتانیاهۆ سیاسین، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی فەلەستینی داگیرکراو و کەرتی ڕۆژئاوا، چەپەکان سیاسەتی میانڕەوانەیان بەرامبەر فەلەستینییەکان هەیە.

لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتدا، ناتانیاهۆ بە پلانی لکاندنی یەهودە و سامریا بە ئیسرائیلەوە – کە ناوچەکانی کەرتی ڕۆژئاواش دەگرێتەوە – هەوڵیدا بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بە ڕوانگەیەکی توندڕەوانە ئەوە نیشان بدات کە حکومەتەکەی بە فشار خستنە سەر عەرەبەکانی کەرتی ڕۆژئاوا، پشتگیری جولەکەکانی ئایینی، حریدیەکان و کاهانیستەکان بۆ هەمیشە بەدەست دێنێت.

دیارە پێکهێنانی ئەم کابینە توندڕەوە جگە لە زیادکردنی ڕەگەزپەرستی هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە؛ حکومەتێک کە جوولەکەی سەروو ئۆرتۆدۆکس لە پێشینەی مافەکانی مرۆڤ دادەنێت و وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ عەرەبەکان، تەنانەت هاووڵاتیانی عەرەبی ئیسرائیلیش دەکات. ئەوان بیرۆکەی دیموکراسی و لیبراڵ بە پلانێکی دەرەکی دەزانن کە هەوڵی لاوازکردنی ناسنامەی جوولەکە دەدات، بۆیە چەپەکان بە مافی خۆیانە سەرکردایەتی ئەو خۆپیشاندانانە بکەن و هانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندان بدەن.

یەکێک لە نموونە گرنگەکانی سیاسەتە توندڕەوەکانی حکومەتی ناتانیاهۆ، کارەکانی ئیتمار بن گوێر وەزیری ئاسایشی ناوخۆیە. ئەو کە بە ناوبانگترین کەسایەتیی حیزبی ڕاستڕەوی “دەسەڵاتی جوولەکە” دادەنرێت، بە چەندین جار ئامادەبوونی لە گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودسی داگیرکراو و دەستدرێژی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و لێدوانەکانی سەبارەت بە دەرکردنی عەرەبەکان لە فەلەستین، توانی بە تەنیایی ببێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و هەڵوێستی توند لە دژی ناتانیاهۆ و حکومەتی نوێی ئیسرائیل. ڕەفتارەکانی دەرەوەی بنەما و ڕێسا یاساییەکانی ئیسرائیل و وروژاندنی توڕەیی عەرەبەکان کە مەیلیان بۆ دەستپێکردنی ئینتیفازەیەکی نوێ هەیە، وایکرد ئیسرائیلییەکان خۆیان کاردانەوەیان بەرامبەر بە حکومەت هەبێت. هەر بۆیە خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی تەلئەبیب ئاڵا و لافیتەی ئیسرائیلیان هەڵکرد کە لەسەری نووسرابوو “منداڵەکانمان لە دیکتاتۆریەتدا ناژین” و “ئیسرائیل، ئێمە کێشەمان هەیە!”. ئەوان هەروەها وێنەی کاریکاتێری بن گۆیریان بەرزکردەوە.

دۆسیەی تۆمەتە داراییەکانی ناتانیاهۆ هێشتا بەردەوامە و سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە پێداچوونەوەی سیستەمی دادوەری بەردەوام دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندەران پێداچوونەوەکانی ئەویان بە مانای هەموارکردنەوەی دەستوور لەبەرژەوەندی ناتانیاهۆ زانیوە. کێشەی دادوەری کە خۆپیشاندەران بە مایەی شەرمەزاری دەزانن، کاریگەری لەسەر ئەندامانی کابینەکەی نەتانیاهۆش هەبووە. ڕۆژێک دوای ئەم ناڕەزایەتیانە و دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیسرائیل لەم بارەوە کە ڕابی ئاریە درعی بەهۆی پێشێلکارییە داراییەکانەوە شایستەی پۆستی وەزارەت نییە، بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی حکومەتەکەیدا فەرمانی دوورخستنەوەی ڕابی درعی دەرکرد. ناتانیاهۆ تەنها سێ هەفتە بۆ دەسەڵات گەڕاوەتەوە و ئەم ڕووداوە بە لێدانێکی جددی لە کەرامەتی ئەو دادەنرێت. ڕابی ئاریە، سەرۆکی پارتی ئایینی جوولەکەکانی سەروو ئۆرتۆدۆکس “شاس” و باڵاترین وەزیر و هاوپەیمانی ناتانیاهۆ، هەردوو پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی بەدەستەوە بوو و بڕیار بوو وەزارەتی داراییش وەربگرێتەوە.

زۆرێک لە شارەزایان لەم بوارەدا ڕایانگەیاندووە کە بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە ناڕەزایەتییەکان لە ئیسرائیل زیاتر دەکات و ئەم ڕووداوە دەبێتە تەحەدایەکی جددی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ئیسرائیل و حکومەتی نەتانیاهۆ. لە لایەک خۆپیشاندەران و باڵی چەپ و لە لایەکی تریشەوە عەرەبەکانی کەرتی ڕۆژئاوا کە کاریگەری ڕەفتاری ڕەگەزپەرستییان لەسەر بووە، کە هاندەرێک بووە بۆ ئەوەی کاردانەوەی گونجاو نیشان بدەن.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *