یادداشت: ڕێککەوتنی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە؛ چوارچێوە و ئاستەنگەکانی دانوستانەکانی ئەم دواییەی یەمەن چین؟

 میحراب
نووسەر: میحراب
یەکشەممە 22 كانونی دووه‌م 2023 - 15:56
https://kurdish.iswnews.com/?p=21971

بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەرنەکەوتووی ڕێککەوتنی ستۆکهۆڵم و جێبەجێکردنی ناتەواوی سێ قۆناغی ئاگربەستی کاتی، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی نێوان ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە، بابەتێکی ئەستەم و چاوەڕوان نەکراوە. پێدەچێت بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە، جارێکی دیکە ڕێککەوتنێکی کاتی لەسەر پرسەکانی وەک ئاگربەست، ئاڵوگۆڕی زیندانیان، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی لە داهاتی نەوت، و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری ئەلحودەیدە جێبەجێ بکرێت، و دوای ناکۆکییە ناوچەییەکان دەست بە گفتوگۆ لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی یەمەن بکەنەوە.

بە پێچەوانەی هەواڵە جۆربەجۆرەکانی میدیایەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی هاوپەیمانی سعودیە و ئەنساروڵا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەنساروڵڵا؛ تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەو بارەوە نەکراوە و دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و عومان هێشتا بەردەوامە. گرنگترین مەرجەکانی ئەنساروڵڵا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی کاتی بریتین لە ئاگربەستێکی هەمەلایەنە، ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت لە داهاتی نەوت، هەڵگرتنی گەمارۆکانی یەمەن بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری ئەلحودەیدە. ئەم مەرجانە لە دەقی دانوستانەکانی ساڵانی ڕابردووش باسی لەسەر کراوە، بەڵام هەرگیز لەلایەن سعودیە و ئیماراتەوە پەسەند نەکراون، یان مەرجی جیاواز بۆ قبوڵکردنیان پێشنیار کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دۆخی هاوپەیمانی سعودیە لەگەڵ گرژییەکانی ساڵی ڕابردووی نێوان لایەنەکانی سەر بەو هاوپەیمانییە، چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە و قورسایی هێز و دەسەڵاتی بەرەو ئەنساروڵڵا زیاتر کردووە. ئەم لاوازییە بووەتە هۆی شکستی پلانە سەربازییەکانی هاوپەیمانی سعودیە و ڕووکردنیان بۆ چارەسەری دانوستان. ئەم بابەتە وایکردووە ئەمریکا و رووسیا و وڵاتانی ئەوروپا بچنە پاڵ سعودیە و ئیمارات و ڕێگای کارلێککردن لەگەڵ ئەنساروڵڵا بگرنە بەر.

ناوەڕۆک و بابەتەکانی هەر ڕێککەوتنێکی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە:
هەروەک باس کرا، گرنگترین بابەتەکان کە لە دانوستانەکانی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانی سعودیەدا باس دەکرێن، بابەتەکانی وەک ئاگربەستی هەمەلایەنە، ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت لە داهاتی نەوت، هەڵگرتنی گەمارۆکانی یەمەن بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری ئەلحودەیدەیە.
لەو چوارچێوەیەدا میدیایەکانی بیانی لە زاری بەرپرسێکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵایەوە بڵاویکردەوە کە سعودییەکان بەڵێنی پێدانی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی یەمەنیان داوە؛ بەڵام دیپلۆماتکارێکی سعودی دەڵێت، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی بە مەرجی قبوڵکردنی گەرەنتی ئەمنییە، لەوانە دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو لەسەر سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای یەمەن لەگەڵ سعودیە. سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانیان، لایەنەکان لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢ لیستەکانیان خستەڕوو و بە سەردانیکردنی بەندکراوان، ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی ٢ هەزار و ٢٢٣ دیلیان کۆتایی پێهێنا، بەڵام سەرەڕای ئامادەیی ئەنساروڵڵا، سعودیە هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە نەناوە. هەروەها کردنەوە و پەرەپێدانی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی سەنعا و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەری ئەلحودەیدە، بابەتێکە کە ڕووبەڕووی بیانووی هاوپەیمانی سعودیە بۆ چاودێری و پشکنین بووەتەوە و بە تەواوی جێبەجێ نەکراون.
لە پرسەکانی تریشدا ناکۆکی هاوشێوە هەیە و بە گوتەی بەرپرسانی ئەنساروڵڵا ئەگەر ئیرادەیەک لە سعودیە و ئیماراتیەکاندا هەبێت، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی لە یەمەن، کارێکی قورس نییە.

بەربەستەکانی بەردەم ڕێککەوتنی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە چین؟

وێڕای جددی نەبوونی هاوپەیمانی سعودیە لە بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە یەمەن، بەربەستەکانی دیکەی بەردەم پێکهێنانی ڕێککەوتنەکەدا، گرژییەکانی لایەنە جیاوازەکانی سەر بە هاوپەیمانی سعودیە، لە ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور و حیزبی ئیسڵاح تا دەگاتە هێزەکانی تاریق ساڵح و گروپ و کەسایەتییەکانی خاوەن دەسەڵاتی دیکە. ناکۆکییەکانی حیزبی ئیسڵاح و هێزەکانی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە گەیشتووەتە شاری سیئون لە باکووری پارێزگای حەزەرمەوت و شاری مارب و گرژییەکان لەسەر کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان و شوێنە حکومیەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامە.
هەروەها ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور دوای پێکدادانەکان لەگەڵ حیزبی ئیسڵاح و گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە پارێزگای ئەبیەن و پاشەکشە لە شاری ئەلمۆکلا و بنکەی ئەلعند و ناوچەی ڕاس ئەلعارە لە پارێزگای لەحج، لەئێستادا لە ئیدیعاکەی بۆ دابەش کردنی پارێزگاکانی باشووری یەمەن پاشەکشەی کردووە و سەرنجی لەسەر پاراستنی پێگە و یەکخستنی هێز لە ناوچە داگیرکراوەکانی یەمەن داوە.

پرسێکی دیکە کە ڕێگری لە ئاشتی لە یەمەن دەکات، کۆلۆنیالیزم (ئیستیعمار) و داگیرکاری وڵاتانی بیانییە، بە تایبەت ئیمارات و ئەمریکا و ڕۆڵی کۆمپانیا بیانییەکانی ئەوروپی و زایۆنیست لە تاڵانکردنی سامانی یەمەن. بۆ نموونە، ئیماراتییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا پەرە بە بوونیان لە کەنارەکانی باشووری یەمەن داوە و دوای دوورگەی سۆکۆترا، مەیمون، عەبدولکۆری، بنکەی ئەلریان و کەناراوەکانی ڕاس شێروین، سەرقاڵی دروستکردنی چەندین بنکەی سەربازین لە نێوان ئەدەن و ئەبین بە پشتیوانی چەکدارانی عەبدوللەتیف ئەلسید، لە کەنارەکان و ناوچە نەوتییەکانی شەبوە بە پشتیوانی هێزەکانی ئەلعمالقە و لە پارێزگای ئەلمهرە بە پشتیوانی چەکدارانی موحسن مرسع.
ئەمریکا و ئیسرائیل پلانە شاراوەکانیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی یەمەن لە ڕێگەی ئیمارات و هەندێک لە گروپەکانی یەمەن جێبەجێ دەکەن. سروشت و وردەکارییەکانی ئەم پڕۆژانە ڕوون نین، بەڵام بەردەوامبوونی جەنگ و تاڵانکردنی نەوت و سەرچاوە بەنرخەکانی تر، کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە ستراتیژییەکان و لە کۆتاییدا هەڵوەشاندنەوەی وڵاتانی ئیسلامی، ئامانجە گشتیەکانی پلانەکەیانن.

هەروەها سعودیە لە فڕۆکەخانەی ئەلغیزە پلانی لکاندنی ڕۆژھەڵاتی یەمەن بە وڵاتەکەی و دروستکردنی بۆری نەوتی لە سعودیە بۆ کەنارەکانی ئەلمهرە پەیڕەو دەکات و سەرکەوتنی کەمتری لە پێشخستنی ئامانجەکانی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری یەمەن بەدەستهێناوە. ئەوان بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی ئەوروپایان بە سەرچاوە نەوتییەکان بەکارهێناوە و کۆمپانیا ئەوروپییەکانیان گەیاندووەتە پڕۆژەی گەڕان و دەرهێنانی سەرچاوە نەوتییەکان لە یەمەن.

ئەنجام:

بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەرنەکەوتووی ڕێککەوتنی ستۆکهۆڵم لە کانوونی دووەمی ۲۰۱۸ و جێبەجێکردنی ناتەواوی سێ قۆناغی ئاگربەست لە ١٣ی ئازار تا ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە کارێکی ئەستەمە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *