یادداشت: حکومەتی خۆسەر لە باشووری سوریا

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
هه‌ینی 20 كانونی دووه‌م 2023 - 20:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=21927

شەڕی ئۆکرانیا و کەمبوونەوەی ڕۆڵی ڕووسیا لە باشووری سووریا وایکرد وڵاتانی هاوسنوور و هەروەها زلهێزەکانی ناوچەکە بیر لە باشووری سوریا بکەنەوە. ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای سوەیدا و زانیاری و بەڵگەکانی بەدەست هاتوو، ئاماژە بە تاکتیکی نوێی ئەمریکا بۆ پێکهێنانی ناوچەیەکی خۆسەر لە پارێزگای سوەیدا دەکات.

پارێزگای سوەیدا دەکەوێتە باشووری سوریا و هاوسنوورە لەگەڵ ئوردن، کە لە سێ بەشی “ئەلسوەیدا”، “شەهبا” و “سەلخاد” پێکهاتووە. فەرمانگەی ناوەندی ئاماری سوریا ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە ٥٠٩ هەزار کەس خەمڵاندووە و کەمینەی دروزەکان لەم پارێزگایەدا دەژین. بەو پێیەی سوەیدا کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە، پێشبینی دەکرێت هەر ململانێیەک یان کردەیەکی سەربازی ببێتە هۆی فراوانبوونی ململانێکان.

گروپەکانی ناڕازیی چالاک لە سوەیدا
چالاکی حیزبی “اللواء” لە ڕوودانی ناڕەزایەتی لەم پارێزگایە نابێ پشتگوێ بخرێت. مالیک ئەبو خەیر سەرۆکی حیزبی اللواء ڕایگەیاند، ئەم حیزبە عەلمانییە لە باشووری سوریا پێکهاتووە، بەڵام لە هەموو پارێزگاکانی سوریا چالاکی هەیە. جگە لەم حیزبە، یەکەیەکی دیکەی سەربازی بە ناوی “هێزی دژە تیرۆر”یش لەم پارێزگایە پێکهاتووە کە نەیارانی چەکداری تێدایە کە زۆرینەیان خەڵکی دروزین و ئەرکی سەرەکیشیان کۆنترۆڵکردنی سوەیدا و ڕێگریکردنە لە دەستوەردانی حکومەت یان هاوپەیمانەکانی، لەوانە ئێران و حزبوڵڵا. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم دوو گروپە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. ئەبو خەیر هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندی لەگەڵ بنکەی ئەمریکییەکان لە ئەلتەنف هەیە و بەنیازە سوەیدا بکاتە ناوچەیەکی خۆسەر و دوور لە هەر کاریگەریەکی هێزەکانی حکومەتی سوریا یان ئێران.

مالیک ئەبو خەیر سەرۆکی حیزبی اللواء

دەستێوەردانی هەسەدە لە پارێزگای سوەیدا
ئاژاوەگێڕییەکانی سوەیدا ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە دروستکردنی ناوچەیەکی تری خۆسەر لە سوریا ئاشکرا کرد. لە بەیاننامەیەکدا هێزە کوردە سەربەخۆکانی سوریا وێڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی سوەیدا، داوایان لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد کە چارەسەرێک بۆ کێشە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان بدۆزنەوە.

لەم بەیاننامەیەدا هەسەدە وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەتی سوریا سەبارەت بە کێشە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە، هۆشدارییان بە حکومەتی سوریا دا سەبارەت بە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لەم وڵاتە هاوشێوەی ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا.

پەیوەندی نێوان نائارامییەکانی سوەیدا و هێزەکانی SDF (هەسەدە) بابەتێکی نوێ نییە، سوەیدا بۆ هێزەکانی هەسەدە ئەوەندە گرنگە کە ئامادەبوون ٦٠ دیلی داعش لەگەڵ ٣٠ دانیشتووی سوەیدا کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون، ئاڵوگۆڕ بکەن. ئەم پێشنیازە تەنها شەوێک دوای هێرشی داعش بۆ سەر سوەیدا درا کە لە ئەنجامدا چەند هاوڵاتییەکی مەدەنی لەلایەن داعشەوە رفێندران.

دەستێوەردانەکان لێرەدا کۆتاییان پێنایەت، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەم دواییانەدا پێشنیاری ئاڵوگۆڕکردنی دوو ژنە چالاکوانی سەر بەو هێزانەیان بە حکومەتی سووریا دابوو کە لە دیمەشق زیندانی کراون لەگەڵ “محەمەد ئەلسەغیر”، کە زیاتر لە دوو ساڵە لەلایەن سوریای دیموکراتەوە دەستبەسەر کراوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم ژنە کە پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدەوە (سوریای دیموکرات) هەبووە، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکدا لە سوەیدا دەستگیر کراوە. ئەوان لە چوارچێوەی پڕۆژەی خۆسەری، هانی گەلی دروزیان داوە لە پارێزگای سوەیدا.

بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی حیزبی اللواء لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، و هەروەها پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە، ئەگەری زۆرە واشنتۆن کەڵک لە توانای هەسەدە بۆ دروستکردنی ناڕەزایەتی لە پارێزگای سوەیدا وەربگیرێت و لە کۆتاییدا بەرەو دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو (Buffer zone) هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی باکووری فەلەستینی داگیرکراو بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نفوز و کاریگەری بەرەی خۆڕاگری.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *