ئایا هێلیکۆپتەرەکەی کامۆڤی ڕووسی ڕەوانەی ئێران دەکرێت؟

چوارشەممە 18 كانونی دووه‌م 2023 - 09:43
https://kurdish.iswnews.com/?p=21842

میدیاکانی ڕووسیا بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هێلیکۆپتەری کامۆڤ کا-٥٢ بە ڕەنگێکی جیاواز کە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا یان ئەفریقا گونجاوە، تاوتوێ ئەگەری فرۆشتنی ئەم کۆپتەرە هێرشبەرەیان بە ئێران کردووە.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی فڕینی هێلیکۆپتەرێکی کامۆڤ کا-٥٢ لە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا، بە ڕەنگێکی جیاواز کە گونجاوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا یان ئەفریقا، ئەگەری فرۆشتنی ئەم جۆرە هێلیکۆپتەرەی بە ئێران بەهێزتر کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەکارهێنانی ئەم جۆرە ڕەنگە بۆ هێلیکۆپتەرەکانی هێزی ئاسمانی ڕووسیا باو و مەعقول نییە، پێدەچێت ئەم هێلیکۆپتەرە بۆ فرۆشتن بە ئێران یان جەزائیر ئامادەکرابێت، کە لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکاری و چەندین گرێبەستی سەربازییان لەگەڵ ڕووسیا واژۆ کردووە.

هێلیکۆپتەری کامۆڤ کا-٥٢ کۆپتەرێکی پێشکەوتووی هێرشبەری فرە مەبەستی دروستکراوی ڕووسیایە و توانای فڕینی لە کەشوهەوای جیاوازدا هەیە. ئەم هێلیکۆپتەرە لە کاتی شەڕەکانی سوریا و ئۆکرانیادا ئەدای قبوڵکراوی پێشکەش کردووە و بە بژاردەیەکی گونجاو بۆ تەیارکردن و نوێکردنەوەی کەرتی ئاسمانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دادەنرێت.

فڕینی هێلیکۆپتەری کامۆڤ بە ڕەنگێکی گونجاوی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا لە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە ڕووسیا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی جۆراوجۆر سەبارەت بە هاوکاری سەربازی ئێران و ڕووسیا لە بواری فرۆشتنی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئێرانی لە بەرامبەر فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ٣٥، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ و هێلیکۆپتەرەکانی کامۆڤ (کا-٥٢) بڵاوبووەتەوە کە لەلایەن هەندێک لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. هەر لەم بارەیەوە شەهریار حەیدەری نوێنەر و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی ئیسلامیی ئێران، کڕینی فڕۆکەی جەنگیی ڕووسیای پشتڕاست کردەوە و وتی: ئەو فڕۆکە شەڕکەرانەی سوخۆی-٣٥ کە ئێران لە ڕووسیا کڕیوە، سەرەتای مانگی نیسان ڕادەستی ئێران دەکرێن. لە ڕووسیا سیستەمی بەرگری، مووشەکی و هەروەها هێلیکۆپتەریشمان کڕیوە و زۆربەی ئەو چەکانە بەم نزیکانە دەگاتە دەستمان.

دانوستانەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بۆ کڕینی هەلیکۆپتەری سەربازی، فرە مەبەست و سووک لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە نێوان ڕێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و کۆمپانیای کامۆڤ و ڕێکخراوە سەربازییەکانی دیکەی ڕووسیا دەستیپێکردووە و لە چەند مانگی ڕابردوودا پرۆسەکە خێراتر بووە. هاوکاری نێوان ئێران و ڕووسیا لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا و گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە پەرەی سەندووە و بووەتە هۆی بەهێزبوونی توانای دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکانی سەربازی و ئابووریدا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *