ئەمریکییەکان عەین ئەسەدیان لەبیر ماوە؟ / وردەکاری هێرشە مێژووییەکەی ئێران بۆ سەر گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا

دووشەممە 9 كانونی دووه‌م 2023 - 13:57
https://kurdish.iswnews.com/?p=21434

١٨ی بەفرانبار (٨ی کانوونی دووەم) گرنگترین لێدانی ئەمریکییەکانە لە ساڵانی ڕابردوو، هێرشی مووشەکی بۆ سەر گرنگترین بنکەی سەربازی ئەمریکییەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا لە سەر دەستی هێزی ئاسمانی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەک یەکەم هەنگاوی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی پاکی شەهید قاسم سولێمانی بووە ڕۆژێکی مێژوویی و بۆ هەمیشە مایەوە.

١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨ی کۆچی هەتاوی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی وتیان: ” شەهیدبوون پاداشتی هەوڵە بێ وچانەکانی ئەو لە ماوەی ئەم هەموو ساڵەدا بوو، بە شەهیدبوونی ئەو بە یارمەتی خودای گەورە کار و ڕێبازەکەی ڕاناوەستێت و داناخرێت بەڵام تۆڵەیەکی گەورە لە چاوەڕوانی ئەو تاوانبارانەیە کە دەستی ناپاکی خۆیان بە خوێنی ئەو و شەهیدانی ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا تێکەڵ کردووە “.

لەو ڕۆژەوە تا ١٨ی بەفرانبار خەڵکی ئێران و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە سەرقاڵی پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی شەهید سولێمانی و شەهیدانی تاوانە خوێناوییەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا بوون. بەرەبەیانی ١٨ی بەفرانبار هەواڵی هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە. هێزی ئاسمانی و مووشەکیی سوپای پاسداران لە هێرشێکدا کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دواتر وەک زلەیەک ناویان برد گرنگترین بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکانی لە ناوچەکە خاپوور کرد.

بۆ عەین ئەسەد هەڵبژێردرا؟

لیوا حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی و مووشەکیی سوپای پاسداران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە هەمان ڕۆژی لەناوبردنی بنکەی عەین ئەسەد وتی: لێکدانەوەکانی سوپای ئەوەی پیشاندا کە چەندین بنکەی سەربازی لە پیلانگێڕی تیرۆری شەهید سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ڕۆڵیان هەبووە. بنکەی ئەلتاجی، بنکەی شەهید موەفەق لە ئەردەن، بنکەی سالم لە کوێت و بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق لە پرۆسەیەکی هاوبەشدا دەستیان دایە تاوانی تیرۆرکردنی شەهید سولێمانی.

بۆ لێدانی مووشەکی، سەرەتا بنکەی ئەلتاجی وەک ئامانجی سەرەکی هەڵبژێردرا بەڵام دواتر بە چەند هۆکارێک گۆڕدرا و بنکەی عەین ئەسەد کرایە ئامانج. بە هۆی ئەوەی کە بنکەی ئەلتاجی لە نزیک کازمەیندا بوو و ئەگەری ئەوە هەبوو کە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەم بنکە سەربازییە شارەکە تووشی ئاڵۆزییەک بکات. دووەم ئەوەی کە بنکەی ئەلتاجی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا بوو و ئەگەری کوژرانی کەسانی بێ تاوان لە ئارادا بوو. سێهەم ئەوەی کە بنکەی عەین ئەسەد سەرەکیترین، گرنگترین و گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکان بوو. ڕوبەرەکەی نزیکەی ٦ کیلۆمەتر لە ٨ کیلۆمەترە و مەوداکەشی تا بەغدا گونجاوە.

ئامانجی دیاریکراوی سەربازی لەم هێرشە چی بوو؟

عەین ئەسەد چەندین تایبەتمەندیی هەبوو: یەکەم ئەوەی کە بنکەی ڕاداریی بەهێزی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بوو. دووەم ئەوەی کە بنکەی سیخوڕیی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بوو. سێهەم ئەوەی کە شوێنی حەشاردانی درۆنەکانی ئەمریکا بوو. چوارەم ئەوەی کە ناوەندی کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکییەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا بوو.

سوپای پاسداران بە کردنە ئامانجی عەین ئەسەد لە هەنگاوی یەکەمدا ناوەندی فەرماندەیی، دواتر شوێنی حەشاردانی درۆنەکان و لە هەنگاوی دواتردا کەرەستە و پێداویستییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکییەکانی کردە ئامانج و بەمەش مەکینەی سەربازیی ئەمریکییەکان تووشی زیان و گورزێکی کوشندە بوو.

هەڕەشەکەی ترەمپ لە پاش تیرۆری شەهید سولێمانی

وەڵامەکەی ئێران بۆ تیرۆری شەهید سولێمانی لەو کاتەدا گرنگ بوو. سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە لە پاش تیرۆری شەهید سولێمانی بە بڵاوکردنەوەی تویتێک ئەو تاوانەی لە ئەستۆ گرتبوو، لە کاردانەوەی خەڵکی ئێران و عێراق بەرامبەر بەم تاوانە تووشی ترس و لاوازییەک بوو و ڕایگەیاند کە ” ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی، ئێمە ٥٢ ناوەندی ئەمریکا (وەک هێمایەک بۆ ئەو ٥٢ ئەمریکییەی پێشتر و لە سەرەتای سەکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە بارمتە گیرابوون) دەکەینە ئامانج، ژمارەیەک لەوانەش لە ئاستێکی زۆر بەرز و گرنگ بۆ ئێران و کەلتوری ئەو وڵاتە هێرشێکی خێرا و کاریگەر دەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خوازیاری هەڕەشەی زیاتر نییە “.

پلانی هێرشەکە و ئەنجامەکەی چۆن بوو؟

کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بە هۆی ئەگەری کاردانەوەی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بەو ئەنجامە گەیشت کە تا دوو قۆناغی سەرەکی بۆ ئەم هێرشە دیاری بکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بکرێتە ئامانج و لە قۆناغی دووەم ئەگەر ئەمریکا کاردانەوەی هەبوو بنکە سەربازییەکانی دیکەی لە ناوچەکە بکرێنە ئامانج. سەرجەم سیستەمە مووشەکییەکانی ئێران بۆ هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئامادە کران تا لە ئەگەری کاردانەوەی ئەمریکییەکان قۆناغی سەرەکیی هێرشەکە دەست پێبکات.

١٣ مووشەکی فاتیح ٣١٣ بە مەودای ٥٠٠ کیلۆمەتر و مووشەکی قەیام بە مەودای ٧٠٠ کیلۆمەتر بۆ هێرشی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد بەکار هێندران. وێنە ئاسمانییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئامانجەکانی ئەو هێرشە مسۆگەر بووە و گرنگتر لە هەمووش ناوەندی فەرماندەیی و پاشان حەشارگەی فڕۆکە و کۆپتەر و شوێنە گرنگەکانی دیکە لە ناو بران.

ئەمریکییەکان ترسیان لە کام بەشی ئەم هێرشە بوو؟

پاش تەواوبوونی هێرشە مووشەکییەکە، یەکەم هەنگاوی ئەمریکییەکان ئەوە بوو کە بزانن چی ڕوویداوە. فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیارییان لە ئەستۆ بوو بۆ ئەم مەبەستە گرنگ بوون. لێرەدا قۆناغی دووەمی پرۆسە سەربازییەکەی ئێران لە دژی ئەمریکا دەستیپێکرد. شەڕی ئەلیکترۆنی لە لایەن پسپۆڕانی هێزی ئاسمانی و مووشەکیی ئێران بە شێوازێک بوو کە تەنیا ١٥ خولەک لە پاش تەواوبوونی هێرشە مووشەکییەکە، کۆنتڕۆڵی سەرجەم درۆنەکانی ئەمریکا لە دەستی سوپای ئەم وڵاتە دەرهێنرا.

ئەم ڕووداوەش شۆکێکی گەورەی ڕوبەڕوی ئەمریکییەکان کردەوە، ئەوان قەد بیریان لەوە نەدەکردەوە کە نەتوانن دەستیان بە درۆنەکانیان بگات، ڕەنگە ئەمە لە هێرشە مووشەکییەکە بۆ ئەمریکییەکان قورستر و کاریگەرتر بووبێت.

ئەمریکییەکان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو

پاش تیرۆری شەهید سولێمانی، ئەمریکییەکان نیگەرانی کاردانەوەی ئێران بوون. هەڕەشەکەی ترەمپ لە لایەکەوە و ئامادەیی لە سەدا ١٠٠ی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە لە لایەکی دیکەوە ئەوەی پیشان دەدا کە ئەمریکییەکان لە لوتکەی شەڕی دەروونیدابوون. وێنە ئاسمانییەکان ئەوەی پیشان دەدا کە لە ئاسمانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ژمارەیەکی بەرچاو فرۆکە و درۆن بە شێوازی ٢٤ کاتژمێری چاودێرییان دەکرد. سەبارەت بە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد پێویستە بوترێت کە ٨ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی MQ9 و ٧ فڕۆکەی دیکە بەردەوام ئاسمانی بنکە سەربازییەکەیان دەپاراست.

پاش هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بە پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا کە ئەمریکییەکان هەڕەشەکانیان بکەنە کردار، تووشی لاوازییەکی گەورە بوون. ئامادەباشیی ئەمریکییەکان هەڵوەشایەوە و کۆتایی بە گەشتی فڕۆکەکانی ئەو وڵات هات. گرنگترین و گەورەترین بنکەی سەربازی بە ناوی عەین ئەسەد لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بە بێ هیچ وەڵام و کاردانەوەیەک لە لایەن سیستەمی دژە مووشەکیی ئەمریکاوە کرایە ئامانجی هێرشێکی قورس و کاریگەری مووشەکی لە لایەن ئێرانەوە.

کۆنتڕۆڵی میدیاکان لە لایەن ئەمریکاوە

کاتێک گۆڕەپانی شەڕەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکییەکاندا نەبوو، شەڕەکەیان بردە گۆڕەپانی میدیایی و لە چەند ڕۆژی سەرەتاییدا هیچ وێنەیەکی عەین ئەسەد بڵاو نەکرایەوە. بەڵام پاشان بە سیاسەتێکی دیاریکراوی میدیایی، پەیامنێری کەناڵی CNN یەکەم وێنەکانی لە عەین ئەسەدەوە بڵاو کردەوە.

میدیاکانی دوژمن و دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پڕوپاگەندەی ئەوەیان کرد کە پێش هێرشە مووشەکییەکە، بنکەی عەین ئەسەد چۆڵ کرابوو. ترەمپ لە یەکەم کاردانەوەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە هیچ یەک لە هێزەکانی ئەمریکا بریندار نەبوون. ئەمەش دەستپێکی ئەو پیلانگێڕییە میدیایی بوو تا زانیارییەکان قۆناغ بە قۆناغ لە عەین ئەسەد بڵاو بکرێتەوە.

بەرە بەرە ئاماری بریندارەکانی ئەمریکا لە سفرەوە بەرز کرایەوە و سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ١١ کەس لەو بنکە سەربازییە بە سووکی بریندار بوون. جاناتان هافمەن وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ژمارەی بریندارەکانی بۆ ٣٤ کەس بەرز کردەوە. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەرە بەرە ئامارەکەی بەرزتر کردەوە تا گەیشتە ٦٤ کەس. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەر زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە سوپای ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە ئاماری بریندارەکانی ئەم هێرشە ١٠٠ کەسە. دواتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئامارەکەی بە ١٠٩ کەس ڕاگەیاند.

بەدواداچوونی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد ئەوەی پیشاندا کە ٩ گەشتی فڕۆکەی ٣٣٠ بەرەو ئەردەن و ڕژێمی زایۆنیستی کراوە کە بریندارەکانی هێرشە مووشەکییەکەیان گواستووەتەوە. هەروەها چەندین فڕۆکەش بە هەمان شێوە بریندارەکانیان بردبووە نەخۆشخانەیەک لە نزیک بەغدا.

گرنگی هێرشە مووشەکییەکەی سەر عەین ئەسەد؟

بەدەر لە زیانە گیانی و مادییەکانی ئەم هێرشە، لە ڕووی مێژووییەوە گرنگییەکی تایبەت بە خۆیی هەبوو. پاش شەڕی جیهانیی دووەم ئەمە یەکەم جار بوو کە وڵاتێک ڕاستەوخۆ هێرشی دەکردە سەر ئەمریکییەکان و بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ دەگرت. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکییەکان هیچ وەڵام و کاردانەوەیەکیان لە بەرامبەر هێرشەکەدا نەبوو، تەنانەت ئەمریکییەکان توانای بەرگری لە خۆیان نەبوو. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەگەری هەر وەڵامێکی ئەو وڵاتە دەبوونە ئامانجی هێرشی بەربڵاوی مووشەکیی ئێران.

هێرشەکەی عەین ئەسەد تەنیا زلەیەک بووە، تۆڵە قورسەکە وەک خۆی ماوەتەوە

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەمان ڕۆژی پاش هێرشەکەی عەین ئەسەد وتیان: ” شەوی ڕابردوو زلەیەک لەوان درا بەڵام وەک ڕوبەڕوبونەوە، ئەم هێرشە سەربازییە بەم شێوازە بەس نییە بەڵکوو دەبێت بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە کۆتایی بێت “.

ئەم وتەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییە بووە ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تۆڵەی خوێنی شەهید سولێمانی. تەواوی ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوەش لە سەر دەرکردنی ئەمریکییەکانە لە ناوچەکە کە تا ئێستاش بەرەوپێشچوونی جیدیی هەبووە.

سەرچاوە: جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *