یادداشت: چاوخشاندنێک بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی یەمەن؛ ڕۆڵی پارێزگای حەزەرمەوت لە ئایندەی یەمەن چییە؟

 میحراب
نووسەر: میحراب
یەکشەممە 11 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 19:09
https://kurdish.iswnews.com/?p=20495

لەم قۆناغەی شەڕی یەمەن، پارێزگای حەزەرمەوت گرنگترین خاڵی کێبڕکێی نێوان لایەنه ناکۆکەکانە. سەرچاوە نەوت و گازییەکان و هەڵکەوتەی جوگرافیای تایبەتی ئەم پارێزگایە کە لە سنوورەکانی سعودیەوە تا کەنارەکانی کەنداوی عەدەن و لە لایەکی دیکەوە لە مارب ـەوە تا نزیک عومان پێکهاتووە، بووەتە هۆی ئەوەی لە یەمەن سەرنجی لایەنەکان بەرەو ئەم ناوچەیە ڕابکێشرێت.

لە ئێستادا زۆربەی ناوچەکانی باکوری ئەم پارێزگایە لەژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووریش لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی سەر بە ئیمارات و بەتایبەت ئەنجومەنی ئینتقالی باشوردان. ئەم دۆخە دەرئەنجامی دوایین دەستلەکارکێشانەوەی عەبدڕەبو مەنسور هادییە لە پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت، و دوابەدوای ئەوە گرژی و کێبڕکێی نێوان لایەنەکانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە بەتایبەتی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور و حیزبی ئیسڵاح.

شەڕی نێوان باشوورییەکان و حیزبی ئیسڵاح لەسەر دەسەڵاتداری حەزەرمەوت، ئەنساروڵڵای هێناوەتە ئەم ململانێیە و لە چەند مانگی ڕابردوودا، دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ڕزگاریی یەمەن (کە بنکەکەی لە سەنعایە)، بە پشتیوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەنساروڵڵا، توانیویانە هەڕەشەی کاریگەریان بە مەبەستی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە کەناراوەکانی ئەم پارێزگایە ئەنجام بدەن. ئەنساروڵڵا لە دانوستانەکانی ئاگربەست بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت داهاتی نەوتی یەمەن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت تەرخان بکات و ئەمەشی کردووە بە مەرجی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە. بەڵام نوێنەرانی عەرەبستان و ئەمریکا ئەم داواکارییە بە زیادەڕەوی زانیوە و ئامادە نین بەشێکی داهاتی نەوتی یەمەن رادەستی حکومەتی ڕزگاری یەمەن لە سەنعا بکەن.

گرژیی نێوان باشوورییەکان و حیزبی ئیسڵاح دوای بڵاوەپێکردنی بەرفراوانی چەکدارانی گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدە لە شاری سیئۆن و هەروەها دەرکردن و دانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی ئیسڵاح لە پۆستە حکومییەکان لە حەزەرمەوت لەلایەن ڕەشاد ئەلعەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە زیادی کردووە. پێدەچێت ڕەشاد ئەلعەلیمی بە رادەستکردنی باکووری حەزەرمەوت بە حیزبی ئیسڵاح و پێدانی ئیمتیازی نەوتی و ناوچەکانی باشووری ئەم پارێزگایە بە لایەنی سەر بە ئیمارات (و سەر بە ئەمریکا) بە نیازە تا هاوسەنگییەکی بە ڕواڵەت لە حکومەتی دەستلەکارکێشاوەدا بەرقەرار بکات و وردە وردە پشکی حیزبی ئیسڵاح لە حکومەتی دەستلەکارکێشاوەدا کەم بکاتەوە.

لە دوایین پێشهاتەکانی ئەم پارێزگایە، لایەنگرانی باشوورییەکان لە شارەکانی سیئۆن، تریم و قەتن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و خوازیاری کشانەوەی چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح و لایەنگرانی بیانییان (ئەلقاعیدە) لەو شارانە بوون. لەلایەکی دیکەوە چەکدارانی حیزبی ئیسڵاح کە بە هاوکاریی ئەلقاعیدە بەهێز کراوە، وێڕای دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و چەسپاندنی هێڵی پەیوەندی لەگەڵ مارب دەدەن.

بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ بەردەوامبوون و ئەگەری زیادبوونی گرژیی نێوان ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور (بە پشتیوانی ئیمارات) و حیزبی ئیسڵاح (بە پشتیوانی ئەلقاعیدە)، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاهیدی ململانێی زیاتر لە پارێزگای حەزەرمەوت دەبین.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *