چوارەمین کۆبوونەوەی مۆسکۆ بۆ ئەفغانستان بەبێ ئامادەبوونی تاڵیبان بەڕێوەچوو!

پێنج شه‌ممه‌ 17 تشرینی دووه‌م 22 - 23:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=19673

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری “شێوازی مۆسکۆ” سەبارەت بە ئەفغانستان بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی ١٤ وڵاتی ئاسیا و بەبێ ئامادەبوونی تاڵیبان لە پایتەختی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری “شێوازی مۆسکۆ” سەبارەت بە ئەفغانستان چوارشەممە ١٦ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی ١٤ وڵاتی ئاسیایی لەوان ڕووسیا، چین، ئێران، هیندستان، پاکستان، کازاخستان، تاجیکستان، قرغیزستان، ئۆزبەکستان و تورکمانستان بەڕێوەچوو. لەم دیدارەدا نوێنەرانی وڵاتانی قەتەر، سعوودیە، ئیمارات و تورکیاش وەک میوان ئامادەبوون و بە پێچەوانەی کۆبوونەوەی پێشوو، بانگهێشتی نوێنەرانی تاڵیبان نەکرابوون.

زامیر کابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی ڕووسیا بۆ ئەفغانستان، لەم دیدارەدا نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی کاریگەرییەکانی داعش لە ناوچەکانی باکووری ئەفغانستان دەربڕی و داوای ئازادکردنی سامانی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواوە کرد. لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و کەلوپەلی سەرەکی لە ئەفغانستان.

لە لایەکی دیکەوە، “حەسەن کازمی قومی”، نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان، لەم کۆبوونەوەیەدا، بە ئاماژەدان بە هەوڵە تایبەتەکانی ئێران بۆ هەناردەکردن و یارمەتیدانی گوزەران و بژێوی خەڵکی ئەفغانستان، وتی: حکومەتێکی گشتگیر پێگەی سیاسی ئەفغانستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دابین دەکات. تێپەڕبوونی خێرای کات و بەڕێوەنەبردنی دروستی ئەفغانستان، دۆخی ئەم وڵاتە خراپتر دەکات و ئێمەش لەمبارەیەوە هۆشداری دەدەین. سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بریتییە لە “تیرۆر و تیرۆریزم”. ئێران لە پێناو پێداچوونەوە و باشترکردنی ئەم دۆخە، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی گەورە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام دەدات.

کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری “شێوازی مۆسکۆ” چوارەمین کۆبوونەوەی زنجیرە کۆبوونەوەکانی مۆسکۆیە سەبارەت بە ئەفغانستان و یەکەم کۆبوونەوەیە کە بانگهێشتی نوێنەرانی تاڵیبان نەکرابن. ئەم بابەتە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان و کۆبوونەوەکەی بە ناتەواو ناو بردووه. پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان گرنگترین پرس لە کۆبوونەوەی پێشووی مۆسکۆ لە ساڵی ٢٠٢١ بوو، و پێداگری تاڵیبان لەسەر جێبەجێ نەکردنی، هۆکاری سەرەکی بانگهێشتنەکردنیان بۆ چوارەمین کۆبوونەوە بوو.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

رێکلام لە هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام