هەڵوێستی توندی عەلیێڤ لە رێکخراوی وڵاتانی تورک

چوار شه‌ممه‌ 16 تشرینی دووه‌م 2022 - 09:10
https://kurdish.iswnews.com/?p=19623

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کۆبوونەوەی ڕێکخراوی وڵاتانی تورک (OTS) لە ١١ی ئەم مانگە لە شاری سەمەرقەندی ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو. سەرۆکی ئازەربایجان لە وتارەکەیدا داوای ڕۆڵی وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئازەربایجان کرد. بەشێک لەو سیاسەتانەی کە ئیلهام عەلیێڤ رایگەیاندووە، گرژییە لەگەڵ دراوسێکان لەوانە ئێران و ئەرمینیا!

سەرۆکی ئازەربایجان بە ئاماژە بە بەربڵاوی دانیشتوانی بە ڕەچەڵەک تورک وتی: “جیهانی تورک تەنها دەوڵەتانی سەربەخۆی تورک نین، سنوورە جوگرافییەکانی زۆر فراوانن”. بۆیە ئیلهام عەلیێڤ داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە بازنەی چالاکییەکانیان لە دەرەوەی سنوورە سیاسییەکان فراوانتر بکەن. ناوبراو هەروەها رایانگەیاندووە: “کاتی ئەوە هاتووە رێکخراوی وڵاتانی بە ڕەچەڵەک تورک، پاراستنی ماف، ئاسایش، ناسنامەی نەتەوەیی، ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی زۆرەملێی تورکەکانی نیشتەجێی وڵاتانی غەیرە تورک بخەنە پرسێکی بنەڕەتی و پلانی کاری ڕۆژانەیان.”

ناوبراو ئاماژەی بە دانیشتوانی ئازەری ئێران کرد و وتی: “نەوەی گەنجی جیهانی تورک دەبێت بتوانن بە زمانی دایکی خۆیان لە وڵاتانی غەیرە تورک بخوێنن. بەداخەوە زۆرینەی ٤٠ ملیۆن (!) ئازەری کە بەدرێژایی سنوورەکانی کۆماری ئازەربایجان دەژین، لەوە بێبەشن. هاونیشتیمانانی ئێمە لە وڵاتانی دەوروبەری وڵاتانی تورکدا دەژین و فێربوون و خوێندن بە زمانی دایک، دەبێت بەرنامەی ڕۆژانەی ئەم ڕێکخراوە بێت و ڕێوشوێنی پێویست لەو بارەوە بگیرێتەبەر.”

عەلیێڤ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی دراوسێدا نا و زیادی کرد: “حکومەتی ئازەربایجان گرنگییەکی تایبەت بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و ماف و ئازادی ئازەربایجانییەکانی نیشتەجێی وڵاتانی دەرەوە دەدات. ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی خزمەکانمان کە بە چارەنووسێکی تاڵەوە لە حکومەتی ئازەربایجان دابڕان (!) زمان و داب و نەریت و کولتوور و دروشمی ئازەربایجانی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئازەربایجان بپارێزن.”

ئەو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی ئازەربایجان ئاماژەی بە گرژییەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەرمینیا کرد و راگەیاند: “ئێمە لە خاکی خۆمانداین و لە کۆبوونەوەی پراگ و سۆچی، لایەنەکان دانیان بە سنوورەکانی یەکتردا ناوە. ئێمە ئێستا لە وڵاتی باوباپیرانی خۆمان و هێڵە سنوورییەکان لەگەڵ ئەرمینیاداین و بە توندی ئیدیعا بێ بنەماکانی ئەرمینیا ڕەتدەکەینەوە. دژایەتی ئیسلام و تورک بنەمای ئایدۆلۆژیای ئەم وڵاتەیە. ئەرمینیا لە ماوەی داگیرکاریی (قەرەباغ) زیاتر لە یەک ملیۆن مینی چێندراوی لە وڵاتەکەماندا چاندووە. لە کۆی گشتی ٦٧ مزگەوت، لە کاتی داگیرکاریدا ٦٥ مزگەوتیان وێران کردووە یان بەرازیان تێدا بەخوێکردووە، ئەمەش سووکایەتییە بە هەموو جیهانی ئیسلام. دروستکردنی کۆریدۆر بۆ گەیشتن بە نەخچیڤان بەشێکە لە ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکەش لە کردنەوەی کۆریدۆری زەنگەزور سوودمەند دەبن.”

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *