یادداشت: هۆکاری هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کاروانی سووتەمەنی لەسەر سنووری عێراق و سووریا
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە کاروانێکی هەڵگری سووتەمەنی دوای تێپەڕبوونی لە دەروازەی سنووریی ئەلقائیم و گەیشتنی بۆ ناو خاکی سووریا لەلایەن فڕۆکەیەکی نەناسراو (پێدەچێت ئیسرائیلی بێت) کرایە ئامانج. دوای هێرشەکە دەرکەوت کە ئەم کاروانە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵگری گازوایلی کڕدراوی لوبنانییەکان و بەرەو بەیروت بەڕێوە بووە. بەڵام بۆچی ئەم کاروانە کرایە ئامانج؟
قەیرانی سووتەمەنی لە لوبنان پێش هاوکاری ئێران و فرۆشتنی سوتەمەنی بە لوبنان بە یەکێک لە گرنگترین و سەرەکیترین کێشەکانی لوبنان دادەنرا و بەهۆی تێکدان و فشارەکانی لایەنی ڕۆژئاواش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی لوبنان دانا. بە هاتنە ناوەوەی حزبوڵڵا بۆ ئەم گۆڕەپانە و کڕینی سووتەمەنی لە ئێران لەلایەن بازرگانانی لوبنانییەوە، ڕەوتی نزیک لە ڕۆژئاوا لە لوبنان و بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا کەوتە ژێر پرسیارەوە و زۆرێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە، لەگەڵ دامەزراندنی کەمپینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوپاسی سەید حەسەن نەسروڵڵا و هەوڵی ئێرانییەکانیان کرد بۆ یارمەتیدانی خەڵکی لوبنان.
زیادبوونی جەماوەری سەید حەسەن لە نێو خەڵکی لوبنان و سەرکەوتنی حزبوڵڵا لە ڕێگریکردن لە بەردەوامی فشارەکان بۆ سەر خەڵکی ئەم وڵاتە بووە هۆی ئەوەی کە میحوەری عیبری-ڕۆژئاوا سیناریۆی نوێ دابڕێژێت بۆ ڕاکێشانی لوبنان بۆ ناو مەیدانێکی نوێی ئاژاوە و فیتنە. هەر بۆیە دوژمنانی بەرەی خۆڕاگری هەوڵ دەدەن پرۆسەی ناردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان پەکبخەن و ڕەوشی کۆمەڵایەتی لوبنان تێک بدەن.
هێرشی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن فڕۆکەی نەناسراوەوە (پێدەچێت ئیسرائیلی بێت) بە مەبەستی دروستکردنی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی پشێوی و ئاژاوەگێڕی لە لوبنان ئەنجامدراوە و پێدەچێت ئەم هێرشە تەواوکەری هەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنە دەروونییەکانی میدیاکان لە ڕۆژانی ڕابردوو دژی حزبوڵڵا و هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران بێت.
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان بۆ ناردنی سووتەمەنی لە ڕێگەی وشکانییەوە لە تارانەوە بۆ بەیروت و مانۆڕی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا، بەرەی عیبری-ڕۆژئاوا بە نیازە بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە و کردەوەکانی هاوشێوە، ئەمنیەتی ڕێڕەوی وشکانی تاران – دەریای ناوەڕاست تێک بدات و ڕێگری لە گواستنەوەی سووتەمەنی، هێز، چەک و .. بکات.
لێدوانەکان