مافی مرۆڤی بن سەلمان

 وەرگیراوە
نووسەر: وەرگیراوە
چوار شه‌ممه‌ 9 تشرینی دووه‌م 2022 - 21:16
https://kurdish.iswnews.com/?p=19403

گوشارەکان لە دژی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی لە سعوودیە بە هاتنەسەرکاری محەممەد بن سەلمان وەک جێنشینی ئەو وڵاتە زیادی کردووە و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، ڕفاندن و لەسێدارەدانی ئەوان دەکەن.

ئەوەی کە لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، چیرۆکی سێ دەستبەسەرکراوە لە نێو هەزاران دەستبەسەرکراوی سعوودیە، ئەوانەی کە بە بێ تاوان یان بە کەمترین تاوان، قورسترین سزایان بە سەردا سەپاوە یان لە گرتووخانەکانی ڕژێمی ئالی سعوود چاوەڕەێی لەسێدارەدان دەکەن.

لینا شەریف، ئەسما سەبیعی و عەبدوڵڵا جیلان، ئەو سێ دەستبەسەرکراوەن کە لە لایەن ڕژێمی سعوودیەوە و تەنیا بە تاوانی دەربڕینی بۆچوونی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە کێشەکانی کۆمەڵگای سعوودیە و لەناوچوونی ئازادییەکان و مافی خەڵک، بە تیرۆر و دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر تۆمەتبار کراون.

ئەوانەی هاوشێوەی ئەم سێ کەسە لە گرتووخانەکانی ڕژێمی سعوودیەن، بە هەزاران کەس خەمڵێندراون، بەڵام بنەماڵەکانیان لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی بەرپرسان توانای ئەوەیان نییە سەبارەت بە گرتنی ئەوان لێدوان بدەن.

لینا شەریف

لینا شەریف پزیشکێکی گەنج لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ڕیاز بووە، دۆخی کۆمەڵگای سعوودیە بەردەوام توڕەی دەکرد و بە ناوێکی خوازراوەوە لە تویتەکانیدا بۆچوونی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە سعوودیە بڵاو دەکردەوە.

ناوبراو چەندین جار لە ڕێگای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادار کرایەوە و لەو پەیامانەدا پێی ڕاگەێندرا کە ناسراوە و دەستبەسەر دەکرێت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لە گەڵ پارێزەرێک گرێبەست بکات تا لە پاش دەستبەسەربوونی لە لایەن بەرپرسانی سعوودیەوە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکات.

لینا لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە سعوودیە هەستی بە مەترسی دەکرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بە ئاشکرا قسەی بۆ نەدەکرا. ناوبراو لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە ناوێکی خوازراوەوە چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێکرد و لە ئاکامدا لە کۆتایی مانگی ئایاری 2021 هێزە ئەمنییەکانی سعوودیە هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

لە ئاکامدا، ئەیلولی 2021 و لە وەڵامی لێژنەیەکی پەیوەندیداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی حکومەتی سعوودیە بە ناچار شوێنی مانەوەی ئەو پزیشکەیان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند کە لە گرتووخانەی حائرە. ئەم گرتووخانەش لە نزیک شاری ڕیازە و شوێنی مانەوەی زیندانیی سیاسی و چالاکوانانی مافی مرۆڤە.

سعوودیە ڕایگەیاندووە کە لینا بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆریزم دەستبەسەر کراوە، ئەو یاسایەی کە لە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی محەممەد بن سەلمان داڕێژراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەو کاتەشەوە هیچ زانیارییەک لە سەر لینا بڵاو نەبووەتەوە و ئازاد نەکراوە.

ئەسما سەبیعی

ئەسما سەبیعی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر چالاکیی دەکرد و وەک کەسانی دیکە تاوانەکانی بەرپرسانی سعوودیەی لە دژی خەڵک بڵاو دەکردەوە، بە دیاریکراویش بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی توندووتیژی خێزانی بە تایبەت لە دژی ژنان دەکرد.

سەبیعی تووشی هەمان چارەنووسی لینا بووە و دەزگای هەواڵگری سعوودیە لە حوزەیرانی 2021 هێرشی کردە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەری کرد.

پاش ماوەیەک حکومەتی سعوودیە دانی بەوەدا ناو کە ئەویش لە گرتووخانەی حائرە لە نزیک شاری ڕیاز.

عەبدوڵڵا جیلان

کەسێکی نزیک لە عەبدوڵڵا جیلان کە بە ناوی ناسر خۆیی ناساندووە، ڕایگەیاند کە جیلان کاری لە سەر تاوانەکانی سعوودیە لە دژی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت یەمەن کردووە. هاوکات گرنگیشی بە مافی مرۆڤ داوە.

ناسر ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا حەزی لەوە بوو ببێتە پزیشک و خزمەت بە خەڵکی وڵاتەکەی بکات، بۆ ئەمەش چووە زانکۆی ویلایەتی پنسیلڤانیا لە ئەمریکا. ئەو وای دەزانی کە بن سەلمان پابەندی بەڵێنەکانی خۆیە بۆ چاکسازی لە سعوودیە. بەڵام کاتێک بۆ ئەو وڵاتە گەڕایەوە، هەلی کاری بۆ دابین نەکرا و بە ناچار بووە شۆفێری تەکسی. بەڵێنە درۆکانی بن سەلمان بووە هۆکاری ئەوەی کە عەبدوڵڵا بە ناوێکی دیکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنە لە گەندەڵی و نەبوونی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بگرێت.

بەرپرسانی سعوودیە بە شێوازی جۆربەجۆر هەوڵی دۆزینەوەی عەبدوڵڵایان دەدا و لە ئاکامدا لە ئێوارەی ڕۆژی 12 ی ئایاری 2021 لە ماڵەکەی لە شاری مەدینەی پیرۆز ڕفێندرا.

هێزە ئەمنییەکانی سعوودیە دەستیان بە سەر تەواوی کەرەستە و کەلوپەلی نێو ماڵەکەی عەبدوڵڵادا گرت. بنەماڵەکەی زانیاری ئەوەیان دەست کەوتووە کە عەبدوڵڵا جیلان لە گرتووخانەیەکی شاری مەدینەیە و بە ئامێری کارەبایی ئەشکەنجە دراوە.

سعوودیە بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، ئەو مافە بە خۆی دەدات کە بە بچووکترین ڕەخنەی هاووڵاتیان، ئەوان دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکان بکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سعوودیە کە لە ئەورووپا چالاکی دەکات، ڕایگەیاندووە کە خەڵکی سعوودیە لە کاتی دەستبەسەرکردندا ڕوبەڕوی هەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێک دەبنەوە و تەنانەت بنەماڵەکانی ئەوانیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سعوودیەوە گوشارێکی زۆریان دەخرێتەسەر.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *