#یادداشت: سیناریۆکانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لە داهاتوودا چین؟ شەڕی ئۆکرانیا چی بەسەر دێت؟

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
دووشەممە 26 ئه‌یلول 2022 - 11:12
https://kurdish.iswnews.com/?p=17808

کاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ململانێی ئۆکرانیا ڕەهەندی جیاوازیان هەیە، کە تاوتوێکردنیان پێویستی بە شیکردنەوەی پرسە سیاسی و سەربازییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئۆکرانیا و کیشوەری ئەوروپا و جیهان هەیە.

دیارترین ڕەهەند و پرسەکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە پێشهاتەکانی بەرەی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا تا دەگاتە قەیرانی وزە لە ئەوروپا و سزاکانی سەر ڕووسیا و هتد، دەتوانرێت بەسەر سێ بەشدا دابەش و شیکاری بۆ بکرێت:
١- ململانێی سەربازیی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بە پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆكرانیا.
٢- ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و ئەوروپا لە بواری ئابووری و وزە.
٣- ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی.

١- ململانێی سەربازی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بە پاڵپشتی وڵاتانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆكرانیا:
ململانێ سەربازییەکانی داهاتووی شەڕی ئۆکرانیا لە ئەگەری ڕوودانی چەندین سیناریۆ لە بەرە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور، باکوور و تەنانەت ڕۆژئاوای ئۆکرانیادا دەبینرێت. کەمبوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا و هێوربوونەوەی زۆربەی بەرەکانی ئۆکرانیا، کشانەوەی ڕووسەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خارکیڤ، ڕاگەیاندنی حەشدی گشتیی لە ڕووسیا لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ئەم وڵاتە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕووسەکان خۆیان بۆ خولێکی نوێی هێرشەکان لە ئۆکرانیا ئامادە دەکەن.
ڕووسیا بۆ دەستپێکردنی ئەم خولەی شەڕ لە پایز یان زستانی ئەمساڵدا، چاوەڕێی ئامادەکاری تەواوی ڕێکارەکان دەکات بەڵام ئەوەی کە ئەم خولەی هێرشەکان لە کام بەرە یان بەرەکاندا دەست پێدەکات، هێشتا ڕوون نییە. بۆیە پێشبینیەکان لە سیناریۆکانی هێرشە نوێیەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

أ– بەرەی ڕۆژهەڵات: سوپای ڕووسیا بە مەبەستی تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەی دۆنباس، لە پێشڕەوی لە باکووری پارێزگای دۆنێتسک بەردەوام دەبێت و بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی شارەکانی سلاڤیانسک، کراماتۆرسک، باخموت، کۆنستانتینۆڤکا و… لە پارێزگای دۆنێتسک، گەیشتن بە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی لە شەڕی ئۆکرانیا واتا کۆنتڕۆڵکردنی دۆنباس ڕادەگەیەنێت.
ب- بەرەی باشوور: سوپای ڕووسیا بەردەوامی لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە پارێزگاکانی زاپۆریژیا و خێرسۆن و میکۆلایڤ دەدات و زەمینەی چوونە ناو پارێزگای ئۆدێسا و دواجار گەیشتن بە سنووری مۆڵدۆڤا و کۆماری ترانسیستریا دابین دەکات.
ج- بەرەی ڕۆژئاوا: سوپای ڕووسیا بە هاوکاری بێلاڕووس دەچێتە بەرەی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا و بە ئامانجی بڕینی سنووری ئۆکرانیا لەگەڵ پۆڵەندا و سلۆڤاکیا و هەنگاریا و ڕۆمانیا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات. ڕەنگە ئەگەری ئەم سیناریۆیە زۆر کەم بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئۆپەراسیۆنی ڕووسیا لە باکووری ئۆکرانیا و هەوڵی گرتنی کیێڤ لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگدا، دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەش ئەگەری هەیە.

٢- ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و ئەوروپا لە بواری ئابووری و وزەدا:
هەروەک پێشتر لە هەواڵەکانی رۆژانەدا ئاماژەمان پێدا، بە وتەی دامەزراوە فەرمییەکان و دەسەڵاتدارانی ئەوروپا، یەدەگی وزەی ئەم کیشوەرە لە ئاستێکی زۆر باشدا نییە و بەهۆی چەقبەستوویی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەوەی دیارە دابینکردنی کورتهێنانی وزە بۆ ئەوان لە ڕێگەی وڵاتانی جگە لە ڕووسیا و ئێرانەوە تێچووی زۆر زیاتری دەبێت و ڕێگایەکی قورستریان لە پێشەوەیە.
پرسی وزە گرنگترین بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و ئەوروپایە؛ لە ڕاستیدا ڕووسیا هەناردەی غاز و نەوتی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئەوروپا بڕیوە و ئەوروپییەکان جگە لە پێنەدانی پارەی وزەی هاوردە کراو، چەندین سزای ئابوورییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.
ئەوروپییەکان بۆ ئەوەی لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا شکست نەهێنن، ناچارن لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە کورتهێنانی وزەیان دابین بکەن یان لەگەڵ ڕووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی وزە دانوستان بکەن. گرتنەبەری هەریەکێک لەم دوو ڕێگایە بەندە بە هەلومەرجی شەڕی ئۆکرانیا و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا و درێژەی بارودۆخی ئێستاش لە بەرژەوەندی ئەوروپادا نییە.

٣- ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهانی:
بە وتەی شرۆڤەکارانی شەڕی ئۆکرانیا، ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تازە لەگەڵ ڕکابەرە ڕۆژهەڵاتیەکەی، توانی ڕووسەکان ڕابکێشێتە ناو شەڕەوە و ئۆکرانیای کردە مەیدانێک بۆ لاوازکردنی ڕووسیا. هەوڵی ڕووسیا بۆ سەرکەوتن لە شەڕی ئۆکرانیا کە تێچووی زۆری بۆ ئەو وڵاتە هەبووە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سەرنج و لاوازبوونی پێگەی سیاسی ڕووسیا لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز و هتد. هەر بۆیە، کاریگەریی ئەمریکا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ڕووسیا وەک تاجیکستان و ئەرمینیا زیادی کردووە و زەمینە و دەرفەت بۆ وڵاتانی دیکەی فراوانخوازی وەک تورکیا لە کیشوەری ئەوروپا و ناوچەی قەفقاز و سووریا زیادی کردووە. ڕووسیا سەرەڕای هەبوونی مەرجەکانی زلهێزێک، لە شوێنی جوگرافی و یەدەگی فراوانی وزە تا پێگەی سیاسی لە جیهان و دەسەڵاتی باڵای سەربازی، بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە لە بەڕێوەبردنی گۆڕەپانی شەڕ لە ئۆکرانیا و زۆرێک لە ئامانجەکانی بەدی نەهاتوون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *