سوپای ئۆکرانیا: ڕووسیا فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هێرشبەرەکانی ئێرانی بەکارهێناوە!

دووشەممە 19 ئه‌یلول 2022 - 20:09
https://kurdish.iswnews.com/?p=17611

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام، بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلول ڕایانگەیاند کە بۆ یەکەمجار فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی “شاهێد ١٣٦”ی دروستکراوی ئێرانیان لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا لە میحوەری کۆپیانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە خستووەتە خوارەوە. بۆیە بە پشتڕاستکردنەوەی فەرمی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “شاهێد ١٣٦”ی ئێرانییە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

عەقید رۆدیۆن کۆلاگین، فەرماندەیەکی تۆپخانەکانی سوپای ئۆکرانیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئێران لە یەکەم ئۆپەراسیۆنی خۆیدا لە ئۆکرانیا، هاویتزەرێکی جۆری M777ی کە ئەمریکا بە ئۆکرانیا بەخشیبوو، تێکشکاندووە. لەبری تەقاندنی سەدان گوللە تۆپ، دەتوانرێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بۆ دۆزینەوەی ئاسانتر و لەناوبردنی ئامانجەکان بەکاربهێنرێت.

ناوبراو رایگەیاند کە ڕووسیا بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “شاهێد ١٣٦”ی ئێرانی کە بە ڕەنگی چەکی ڕووسی و لەژێر ناوی (Geran 2) بەرهەم دەهێنرێت، دوو هاویتزەری ١٥٢ ملم و دوو هاویتزەری ١٢٢ ملم تێکشکاندووە، کە لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژران و ١٦ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ئەم هێرشە وردانە وایکرد فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا داوا لە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوایی کیێڤ بکات کە بە خێرایی سیستەمێکی بەرگری یان چەکێکی هاوشێوە بۆ هێرشکردنە سەر سوپای ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن.

عەمید کۆلاگین ڕایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا زانیاری لەسەر بوونی لانچەر یان بەکارهێنانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە نییە، بەڵکو پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دوای ئەوەی هێرشی کردووتە سەر ئامانجێکی نزیک ناوچەی کۆپیانسک لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای خارکیڤ، دەسەلمێنێت کە سوپای ڕووسیا ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکارهێناوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی شاهێد ١٣٦ زۆر وردە لە لێدانی هاویتزەر، و بە لێدانی وردی شوێنی بارکردنی گوللە دەبێتە هۆی تەقینەوەی لاوەکی. لەم جۆرە هێرشانەدا دوای تەقینەوەکە هیچ شتێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نامێنێتەوە، بەڵام لێدوانی شایەتحاڵەکان و سروشتی تەقینەوەکان کە جیاواز بوون لە زیانەکانی تەقەی تۆپخانەکان، وایکرد سوپای ئۆکرانیا لە هەڵسەنگاندنەکەی دڵنیا بێتەوە کە سوپای ڕووسیا لەم هێرشانەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ی بەکارهێناوە. ئەمە کێشەیەکی زۆر جدییە و ئەگەر ڕێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر، ڕووسەکان هەموو تۆپخانەکانمان لەناودەبەن.

لەمبارەیەوە ژەنەڕاڵ جەیمس بی هەکر، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەفریقا رایگەیاند، لەم دواییانەدا ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی وەرگرتووە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان بەدەست نەگەیشتووە کە سوپای ڕووسیا چۆن ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەکاردەهێنێت یان ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە چەندە کاریگەرن.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەبووە. تا ئێستا زۆرێک لە وڵاتان لەوان ئەمریکا و تورکیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان وەک سویچبلەید و بەیرەقدار (TB2) بە ئۆکرانیا بەخشیوە. لە لایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێت کە ڕووسیا ڕێوشوێنی باشترکردنی ئەدای هێرشبەریی خۆی بە مەبەستی گۆڕینی هاوکێشەکانی جەنگ ئەنجامدا بێت. جەیک سالیوان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە مانگی تەمموزی رابردوودا رایگەیاندبوو، ڕووسیا بەنیازە سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جیاواز لە ئێران بكڕێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی لەو بارەیەوە نەخستە ڕوو.

شایانی باسە هاوکات لەگەڵ لێدوانی میدیاکان و دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا سەبارەت بە ناردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بۆ ڕووسیا، گەشتی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئێرانیش بۆ ڕووسیا بە بەراورد بە رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم بابەتە لەگەڵ وێنەکانی پاشماوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهێد ١٣٦ لە ئۆکرانیا، دەسەلمێنێت کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکارهێنراون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *