یادداشت: پوتین بیر لە زیندووکردنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دەکاتەوە

 تاها عەبدوڵڵاهی
نووسەر: تاها عەبدوڵڵاهی
شه‌ممه‌ 3 ئه‌یلول 22 - 13:01
https://kurdish.iswnews.com/?p=17008

چارەنووسی یاسایی ناگۆرنو-قەرەباغ و ناوچەی پڕ لە گرژی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو لە باشووری قەفقاز، بێ پەیوەندی بە گەمەی بەردەوامی ڕووسەکانەوە نییە. ڕووسەکان شێوازێکی تایبەتیان بۆ مانەوە لەو ناوچانە بەکاردەهێنن. لە لایەکەوە کێبڕکێ لەنێوان نەتەوەکان دروست دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە کولتوورێکی هاوبەش کە پەیوەندی بە ناوەندەوە هەیە لە نێوانیاندا زاڵ دەکەن. نموونەیەک لەم حاڵەتانە لە باشووری قەفقاز لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا دەبینرێت. دواجار هەردوو کۆمار دەیانتوانی خاڵە خوازراوەکانیان لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندییەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان بەدەست بهێنن.

پرسی دروستکردنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی ناگۆرنو-قەرەباغ لەناو کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتدا لە دەیەی ٣٠وە لەلایەن حکومەتی ناوەندی یەکێتی سۆڤیەتەوە کاری بۆ کراوە. شوێنێک کە زۆربەی دانیشتوانی ئەرمەنی و لە هەمان کاتدا سەر بە ئەرمینیا نییە.

کاتێک ڕۆحی ناسیۆنالیزمی ئەرمەنییەکان لەم ناوچەیەدا چڕ بووەوە، حکومەتی ناوەندی بە هاوکاری پۆلیسی ئازەربایجان چەکدارانی ناسیۆنالیستی ئەرمەنی لەم ناوچەیەدا سەرکوت دەکرد. بەڵام کاتێک یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە، حکومەتی ڕووسیا لایەنگری ئەرمەنییەکانی کرد و لە ساڵی ١٩٩٢دا پاڵپشتی سوپای ئەرمینیا لە شەڕی لەگەڵ سوپای ئازەربایجان کرد. هێزه‌کانی ڕووسیا هەروەها به‌شداری چالاکانه‌یان له‌م شه‌ڕه‌دا کرد و کێیە کە نەزانێت ڕووسیا براوەی ڕاسته‌قینه‌ی شەڕی یه‌که‌می قه‌ره‌باغ بوو.

لە ماوەی ٢٨ ساڵی دوای ئەم ململانێیەی نێوان هەردوو وڵاتدا، ڕووسەکان کۆنترۆڵی ئابووری ئەرمینیا و ناگۆرنو-قەرەباغیان کرد و هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادا بوو.

شەڕی چوار ڕۆژەی نیسانی ٢٠١٦ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی فیدراسیۆنی ڕووسیا ڕێگەی نەدا ئازەربایجان درێژە بە شەڕەکە بدات و بە هەڕەشەکانی حکومەتی باکو کشایەوە.

شەڕەکە لە سەرەتای پاییزی ٢٠٢٠ کاتێک دەستیپێکرد کە حکومەتی نیکۆل پاشینیان نزیک لە ڕۆژئاوا لە یەریڤان جێگەی هاوپەیمانەکانی ڕووسیای گرتەوە و ڕووسیاش ویستی گوشار بخاتە سەر پاشینیان سەرۆکوەزیرانی نزیک لە ڕۆژئاوا. شەڕێک کە سوپای ئەرمینیا سەرەڕای پێگەی جوگرافی باڵای، بە ئاسانی لەبەرامبەر ئازەربایجان و هاوپەیمانەکانی دۆڕا. ئەگەر خستنەخوارەوەی گوماناوی هێلیکۆپتەری ڕووسی لەسەر سنوورەکانی نەخچیڤان و ئەرمینیا نەبوایە، عەلیف و پاشینیان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە لەسەر مێزی دانوستان ئامادە نەدەبوون و ڕێککەوتنی مانگی نۆڤەمبەری مۆسکۆ واژۆ نەدەکرا .

نموونەیەکی دیکەی دەستێوەردانی ڕووسیا بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکە، بەکارهێنانی ئامێری تێکدانی (تەشویش) فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو کە پێشڕەوی زەمینی ئازەربایجانی ڕاگرت. هه‌روه‌ها ئامادەبوونی کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا و تەقاندنی بەمەبەستی موشەکی ڕووسی له‌ شه‌وی ئاگربه‌ستدا لە ئاسمانی شاری خاردلان له‌ نزیک باکو بوو.

بەڵام بۆچی ڕووسیا بۆ ئەم ئاگربەستە هەموو هەوڵێکی دا؟

بڕگەکانی ئاگربەستەکە دەریدەخات کە ڕووسەکان گەرەنتی پەیوەندی وشکانی هەمیشەیی نێوان ئەرمینیا و ناگۆرنو-قەرەباغ و کردنەوەی ڕێگای نێوان ئازەربایجان و نەخچیڤانن. ئەوان چارەسەرکەری کێشەی نێوان لایەنەکان بوون و ئەگەر گرژییەکە بەردەوام بێت، بوونی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا درێژدەکرێتەوە.

ئەم خاڵانە بەسە بۆ ئەوەی ڕووسەکان بە واژۆی سەرانی دەوڵەتانی ئازەربایجان و ئەرمینیا حوکمڕانی بەسەر قەرەباغدا بکەن.

ئەرمەنییەکانی قەرەباغ لە پێکهاتەی ئازەربایجاندا جێگە، ئیمتیاز و سەربەخۆیییان نییە و مانەوەی حکومەتەکەیان بە مەرجی بەردەوامی ئامادەبوونی ڕووسەکانە. لە سەرەتای ئاگربەستەکەوە ڕووسیا بە دروستکردنی خانوو و بەنداو دەستی کردووە بە یارمەتیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها پۆلیس و هێزە تایبەتەکان بە چەک و کەرەستەی سەربازی چەکدارانی قەرەباغ ئامادە دەکەن و مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامداوە. بەرپرسانی حکومەتی ناگۆرنو-قەرەباغ بۆ گەشتکردن بۆ ئەرمینیا پێویستیان بە پۆلیسی سەربازیی ڕووسیا هەیە. گەشتی ئارایک هارتونیان بۆ یەریڤان و مۆسکۆ بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی ڕێڕەوی لاچین لەلایەن ئازەربایجانەوە، دانوستان و گەشتی نوێنەرانی ئەرمەنی دوما (پەرلەمان)ی فیدراسیۆنی ڕووسیا بۆ قەرەباغ بەشێکی دیکەیە لە زیادبوونی پشتبەستن بە مۆسکۆ.

بەڵام ڕووسەکان بۆ مانەوەیان لە ناوچەکە بەردەوامن لە یاری دووفاقەیی. ئازەربایجان یاریزانێکی خراپە لەم یارییەدا و یارمەتی پلانی ڕووسەکان دەدات. ئیلهام عەلیێڤ بە واژۆکردنی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمی ئەرمەنییەکانی قەرەباغ، تەقاندنی هێڵی بۆری غازی ئەرمینیا بۆ قەرەباغ لە سەرمای زستانی قەفقازدا، جەختکردن لەسەر پێویستی داماڵینی چەک لە سوپای ئەرتساخ و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بەرزاییانەی کە دەڕواننە ڕێگاوبان و ناوچە نیشتەجێبووەکانی ناوچەکان، نیگەرانییەکانی ئەرمەنییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکات.

دۆخێکی وەها پێویستیی وەرگرتنی ناسنامەی ڕووسی بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەهێزتر دەکات و دوور نییە کە حکومەتی ئەرمینیای قەرەباغ بەو داواکارییە ڕازی بێت، بەڵام ئەمە تەنها دانیشتووان ناگرێتەوە. ئەرمەنەکان بۆ مانەوەیان لەسەر خاکی ئەم ناوچەیە، ڕزگاربوون لە فشارە بەردەوامەکانی ئازەربایجان و ئیمتیازاتی ئۆتۆنۆمی، دواجار ڕووبەڕووی بژاردەی ڕیفراندۆم بۆ لکاندن بە ڕووسیا دەبنەوە. قبوڵنەکردنی ئەم داواکارییە دەبێتە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا و کۆچی زۆرەملێ.

ئەم گریمانەیە لەگەڵ پەیوەندی حکومەتی هەرێمی ئۆسیتیای باشووری جۆرجیا کە چالاکانە چووەتە ناو دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا لە قەرەباغ لەبەر چاو وەربگیرن. ناوچەیەک کە بە ئاشکرا جیابوونەوەی خۆی لە جۆرجیا و لکاندنی بە ڕووسیا ڕاگەیاندووە.

ئەگەر سەرنج بدەین، ناوچەکانی ئەبخازیا و ئۆسیتیای باشوور لە جۆرجیاش لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا گەیشتوونەتە گرژییەکی لەو شێوەیە و لەگەڵ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا، ڕۆڵی حکومەتی تفلیس بە شێوەیەکی کردەیی زۆر کەم بووەتەوە و هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەماوە.

ڕووسیا بە پێدانی ڕەگەزنامەی ڕووسی و پاسپۆرت هەنگاوێکی گرنگی بۆ هاوڵاتی بوونی ئەوان ناوە تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم ناوچانە بە کردەوە بەشێک لە خاکی فیدراسیۆنی ڕووسیا هەژمار دەکرێن. دیاریکردنی پێگەی یاسایی ئەم ناوچانە بەستراوەتەوە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە نێو خەڵک و قبوڵکردنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە.

کۆتایی پرسەکەش ئەوەیە کە ڤلادیمێر پوتین بیر لە زیندووکردنەوەی سنوورەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بە شێوەیەکی نوێتر دەکاتەوە و بەرەنگاربوونەوەی فراوانبوونی ناتۆ لە ڕۆژهەڵات تەنیا هۆکارێکی لاوەکییە.

ڕووسیا نیشانی داوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای دەستپێکردنی گرژی لەگەڵ رۆژئاواییەکانی ئۆکرانیا، نیمچە دورگەی کریمیای لە رێگەی ریفراندۆمەوە لەم وڵاتە جیاکردەوە و خستیە ژێر سەروەری خۆیەوە. سوپای ڕووسیا تەنانەت لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا ئاڵا و پاسپۆرتی پێشووی سۆڤیەت بە کورتکراوەی CCCP ی سەردەمی سۆڤیەتی پێشوو بەکاردەهێنێت.

ئێستا ئەم دۆخە بخەرە پاڵ پێدانی ڕەگەزنامەی ڕووسی بە هاووڵاتیانی وڵاتانی پێشووی سۆڤیەت کە لە ڕووسیا کار و چالاکیی ئابووری دەکەن. نزیکەی نیوەی دوو ملیۆن ئازەربایجانی، ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی و ٤٠٠ هەزار جۆرجیی دانیشتووی فیدراسیۆنی ڕووسیا ئەم دۆخەیان هەیە.

هەروەها نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ستانداردەکانی سیستەمی سۆڤیەتی پێشوو هێشتا لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، سەربازی و ئابووری، زانستی، پزیشکی و …دا هەیە و زەمینەی قبوڵکردنی ئەو سیستەمە سیاسیە بەهێزتر دەکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .