یادداشت: هۆکاری ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی عێراق چییە؟

 موستەفا پاکدڵ
نووسەر: موستەفا پاکدڵ
سێ شه‌ممه‌ 30 ئاب 22 - 16:57
https://kurdish.iswnews.com/?p=16853

دوای شکستی ڕەوتی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، موقتەدا سەدر جارێکی دیکە بە هەنگاوێکی دووبارە و دیار لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق کشایەوە و لایەنگرە چەکدار و بێچەکەکانی هێنایە سەر شەقامەکانی عێراق. ئایا موقته‌دا سه‌در هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ ئه‌منییه‌كانی ساڵانی ڕابردووی عێراق له‌ناو ده‌بات؟!

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا ڕه‌وته‌كه‌ی سه‌در نه‌یتوانی كورسی پێویست بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌ده‌ست بهێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدری عێراق، داوای لە حەسەن عەزاری، سەرۆکی هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کرد، کە ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن. دوای چەند ڕۆژێک لە دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی هاوپەیمانی سەدر، موقتەدا سەدریش کشانەوەی خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند.

دوای ئەم رووداوانە، لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکانی عێراق چاوەڕێی دانیشتنی پەرلەمانیان دەکرد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی نوێ، موقتەدا سەدر بە بانگهێشتکردنی لایەنگرانی بۆ خۆپیشاندان، کەش و هەوای بەغدای ئاڵۆز کرد و لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر بینای پەرلەمانی عێراق و داگیریان کرد. لە درێژەی گرژییەکان، ئیبراهیم جابری، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەدر لە بەغدا داوای مانەوەی خەڵک لە بینای پەرلەمانی کرد.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵەکانی کەسایەتییە دیارەکانی ڕەوتی سەدر بۆ ئەندازیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شکستیان هێنا و ئەم پرسە وایکرد موقتەدا سەدر و لایەنگرانی پێشهاتە مەیدانییەکانی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزتر ببەن. دوێنێ موقتەدا سەدر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کشانەوەی خۆی لە سەرجەم چالاکییە سیاسییەکان و داخستنی سەرجەم دامەزراوەکانی ڕەوتی سەدر ڕاگەیاند. ئەم فێڵە دووبارە و دیارە لەکاتێکدا لەلایەن موقتەدا سەدرەوە راگەیەنرا کە لە ڕووداوەکان و قەیرانە سیاسییەکانی ڕابردوودا چەندین جار کشانەوەی تەواوەتی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی ڕاگەیاندبوو. بەڵام هەر جارێک بە گۆڕینی بارودۆخی عێراق، دەگەڕایەوە سیاسەت! بۆیە بەهۆی ئەوەی ئەگەری سەرکەوتنی ڕەوتی سەدر لە ململانێ سیاسییەکانی عێراقدا زۆر کەمە، جارێکی دیکە ماڵئاوایی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق کرد بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگەیەکی دیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی عێراق بکات!

ئەم بڕیارەی سەدر بووە هۆی ئەوەی لایەنگرە چەکدار و بێچەکەکانی لە شارە جیاجیاکانی عێراق کۆببنەوە و دوای پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی عێراق، بچنە ناو باڵەخانە حکومییەکان، و پایتەختی عێراق و ناوچە شیعەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی بێ وێنە ناسەقامگیر و ئائەمن بکەن.

هه‌ڵوێستی زانایانە و ڕوونی ئایه‌توڵڵا سه‌ید کازم حائێری، لاپه‌ڕه‌یه‌کی سەرەکی ترە بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی فیتنه‌ی ئه‌م دواییه‌ی عێراق. لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئایەتوڵڵا سەید کازم حائێری دەستبەرداری ئەرکی مەرجەعیەتی شیعەکان بوو و لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە کە “هەرکەسێک بیەوێت ناوی دوو شەهیدی بنەماڵەی سەدر بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی ناتەبایی لە نێوان خەڵکی عێراقدا و بیەوێت سەرکردایەتی شەرعی وەربگرێت لەکاتێکدا پلەی ئیجتیهاد و مەرجەکانی تری پێویستی نییە، ئەوە یەکێک نییە لە سەدرییەکان.”
لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، لە وەڵامی لێدوانەکانی ئایەتوڵڵا سەید کازم حائێریدا ڕایگەیاند کە ئیدیعای پیرۆزی یان ئیجتیهاد یان تەنانەت سەرکردایەتیی نەکردووە و تەنیا بانگەشە بۆ چاکە و نەفرەت لە خراپەی کردووە.

بەرپرسانی باڵای لیژنەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی ژیرانە و بێدەنگی لەبەرامبەر کارەکانی چاکدارانی ڕەوتی سەدر، داوای دوورکەوتنەوەی گەلی عێراق لە گرژی و هێوربونەوەی باردۆخیان کرد و هەروەها داوایان لە هێز و لایەنگرانیان کرد خۆیان لە ململانێ و گرژییەکان بەدوور بگرن.

پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق و کردەوەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر دەریدەخات کە ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە چەکدارەکانی، هاندانی لایەنگران و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و بە هێرشکردنە سەر بارەگاکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق هەوڵی داوە ناکۆکی ناوخۆیی دروست بکات، تا لە کۆتایی ئەم ڕووداوانەدا بە ئامانجە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکانی بگات. بەڵام موقتەدا سەدر بە گرتنەبەری چەندین هەنگاوی وەک دانوستانەکانی قورسی سیاسی، دەستلەکارکێشاوە، هەڕەشەکانی بەردەوام، هاتنی سەر شەقامەکان و داگیرکردنی باڵەخانە حکومییەکان لەلایەن لایەنگرانییەوە و .. لە جێبەجێکردنی پلانەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زۆر مەترسیدارە.

ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی عێراق جارێکی دیکە بێکاریگەری پێکهاتەی سیاسی و یاسایی ئەم وڵاتەی سەلماند. پێویستە سەرانی ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق بە ئەنجامدانی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سیاسی کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەن چونکە قەیرانی سیاسی ئێستا مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی عێراق دروست دەکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .