یادداشت: وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئەیمەن زەواهیری لەلایەن ئەمریکاوە

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
پێنج شه‌ممه‌ 11 ئاب 22 - 22:55
https://kurdish.iswnews.com/?p=16023

کوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی گروپی تیرۆریستیی قاعیدە نیشاندەری درێژەی کردەوە تێکدەرانەی ئەمریکایە بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بە تایبەت ئەفغانستان. ئەم کارە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە و دروستکردنی شەپۆلێکی نوێی گرژی و ئاژاوە لە ناوچەکەدا.

دوای دە ساڵ لە تیرۆرکردنی ئوسامە بن لادن، سەرۆکی گروپی تیرۆریستیی قاعیدە، لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر ناوچەی ئەبوت ئابادی پاکستان، شوێنی ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی نوێی قاعیدە بە نهێنی مابوویەوە. تا ئەو کاتەی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپییەوە کوژرانی زەواهیری ڕاگەیاند. بە پشتبەستن بە زانیارییە بڵاوکراوەکان و شیکاری وردی تیرۆری سەرکردەی قاعیدە، وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ لەم بارەیەوە دەدەینەوە:

١- تیرۆرکردنی ئەیمەن زەواهیری چۆن ڕوویدا؟
بە وتەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەیمەن زەواهیری دووەم سەرکردەی قاعیدەی تۆمەتبار بە بەشداریکردن لە پلاندانان بۆ هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەلایەن سوپای ئەمریکا و دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA)ەوە کوژراوە.
ئەم پیاوە میسرییە تەمەن ٧١ ساڵە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢ی ئابی ٢٠٢٢، دوای تەقاندنی مووشەکێکی Hellfire لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی (پێدەچێت لە جۆری MQ-9 بێت) لە باڵکۆنی ماڵی یەکێک لە یاریدەدەرەکانی سیراجەدین حەقانی، وەزیر و جێگری باڵای سەرۆکی تاڵیبان، لە ناوچەی شیرپوری شاری کابوڵ کوژرا. هەروەها دوای هێرشەکە ئۆپەراسیۆنی پشکنینی ئاسمانی و تیمێکی ئەمنی مەیدانی کوژرانی زەواهیری و سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنەکەیان پشتڕاستکردەوە.

بە وتەی بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا، شوێنی زەواهیری کاتێک ئاشکرا بوو کە ناوبراو سەردانی خێزانەکەی (کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گواسترابووەوە بۆ ماڵێکی سەلامەت لە کابوڵ) کردەوە. بایدن بۆ یەکەمجار لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە زانیاریەکانی زەواهیری ئاگادار کرایەوە و لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران زانیاری زیاتری پێگەیشت. ناوبراو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی کابینە و ئاسایشی نیشتمانی لە ٢٥ی تەمووز، بڕیاری کۆتایی بۆ تیرۆرکردنی زەواهیری دەرکرد.

ئەو ناوچانەی کە لەلایەن درۆنەکانی ئەمریکاوە لە ٢ی ئاب بۆردومان کران

٢- دوای تیرۆرکردنی زەواهیری چی ڕوویدا؟ لێکەوتەکانی ئەم هێرشە چین؟
بەرپرسانی تاڵیبان کە ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری بوونی زەواهیری لە کابوڵ بوون، دوای هێرشەکە کەسوکاری زەواهیرییان گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی دیکە. ڕەنگە ئەم کارە هێشتا لەلایەن ئەمریکاوە لەبەرچاو بگیرێت. لەلایەکی دیکەوە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ زەواهیری لەلایەن تاڵیبانەوە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی دەوحەی نێوان ئەمریکا و تاڵیبانە، چونکە تاڵیبان لەم ڕێککەوتنەدا بەڵێنی داوە کە هاوکاری هیچ گروپێکی تیرۆریستی نەکات. لەم بارەیەوە تاڵیبان بە ئیدانەکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کابوڵ پێی وایە ئەم کارە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەمریکایە و دەبێت بانگەشەکەیان سەبارەت بە تیرۆرکردنی زەواهیری بسەلمێنرێت.

لە خستنەڕووی هۆکارە سەرەکییەکانی تیرۆرکردنی زەواهیری، دەتوانرێت ئاماژە بە چەند خاڵێک وەک دروستبوونی ناکۆکی ناوخۆیی لە نێوان سەرکردەکانی قاعیدە، دروستبوونی بۆشایی لە نێوان ئەندامانی باڵای تاڵیبان، پشتیوانیکردن لە گروپەکانی دژەبەری تاڵیبان لە ئەفغانستان، دروستکردنی زەمینە بۆ گەیشتنی ئەندامانی قاعیدە بۆ ڕیزەکانی داعش، دەسەڵات و کاریگەریی ئەمریکا لە جیهان و ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و… ئاماژەیان پێ بدرێت. هەروەک لە وتارەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێکرد، زەواهیری هەر لەسەرەتای دامەزراندنی داعشەوە دژی داعش بوو، دوورخستنەوەی ئەو دەتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ گەیشتنی ئەندامان و گروپە ژێردەستەکانیان لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا بە داعشەوە. بێگومان ئەمریکا پێویستی بە بوونی تاڵیبان و داعش و گروپە چەکدارەکانی ترە لە ئەفغانستان. هەڵبەتە ئەمریکا پشتگیری لە ئاژاوە و هەر شەڕێک دەکەن کە هەڕەشە لە ڕکابەرە ئاسیاییەکانیان بکات.

تیرۆرکردنی زەواهیری کێشە بۆ ئەمریکاش دروست دەکات، چونکە ئەوان ئەم تیرۆرەیان لە شاری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ئەنجامداوە و کوشتنی میوان لە کلتوری پشتوونی تاڵیباندا بە شەرمەزارییەکی گەورە دادەنرێت. جگە لەمەش، ئەگەری وەڵامدانەوەی قاعیدەش هەیە و سەرەڕای لاوازبوونی ڕێکخراوی ئەم گرووپە لەم ساڵانەی دواییدا، توانای پێویستیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە دژی پێگەکانی ئەمریکا هەیە. سەرەڕای ئەم خاڵانە، سوودی تیرۆری زەواهیری بۆ ئەمریکا زیاترە لە هەڕەشەکانی و دەبێت لە داهاتوودا چاوەڕێی لێکەوتەکانی ئەم کارە بکەین.

لە ئێستادا ئەمریکا بە تێگەیشتن لەم پرسانە هەوڵدەدات بنکە و کاریگەری زیاتر لە پاکستان، تاجیکستان و ئۆزبەکستان دروست بکات. کشانەوەی سەربازی لە ئەفغانستان تێچووی ئەوانی کەمکردووەتەوە و دەرفەتی زیاتری بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری زیاتر لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دروست کردووە.

٣- ئایا تاڵیبان لەسەر ئەیمەن زەواهیری رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا کردووە؟
یەکێک لە پرسە گرنگەکانی تایبەت بە تیرۆرکردنی ئەیمەن زەواهیری چۆنیەتی دۆزینەوەی شوێنی ناوبراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکییەکان هیچ وردەکارییەکیان لەم بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە، دوو ئەگەر هەیە: ١- ئەمریکییەکان بە یارمەتی دەزگا هەواڵگرییەکانی پاکستان و تاجیکستان یان سیخوڕەکانیان لە ئەفغانستان زانیارییان لەبارەی زەواهیری دەست کەوتووە. ٢- تاڵیبان زانیاریەکانی زەواهیری لە رێککەوتنێکدا بە ئەمریکا داوە.

دوای تیرۆرکردنی زەواهیری، بانکی ناوەندی حکومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند کە پاکێجێک بە بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلاری کاش لەژێر ناونیشانی “یارمەتی مرۆیی بۆ خەڵکی ئەفغانستان” ڕادەستی ئەم بانکە کراوە. پێشتریش لە ٢٦ی تەمووزدا، مەولوی ئەمیر خان موتەقی وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە میانەی کۆبوونەوەی تاشکەند لەگەڵ تۆماس وێست، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، سەبارەت بە ئازادکردنی یەدەگی زێڕی ئەفغانستان و یارمەتییە مرۆییەکان گفتوگۆی کردبوو. ئه‌م دوو هه‌واڵه‌ گومانەکان له‌سه‌ر خیانه‌تی تاڵیبان له‌ زه‌واهیری زیاتر دەکات. وەک لە وتارەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێدا، تاڵیبان ڕێکخراوێکی یەکگرتوو نییە و لە ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان و گروپە چەکدارەکان پێکهاتووە کە مەیل و بیری جیاوازیان هەیە. بۆیە جارێكی تر جەخت لەسەر بوونی مەیلی جیاواز لە پێكهاتەی تاڵیبان دەكەینەوە و لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەری ناكۆكی ناوخۆیی لە رێكخراوەكەدا زیاتر دەبێت.

بەگشتی لەگەڵ بەردەوامی کردەوە تێکدەرانانەی ئەمریکا لە دوو دەیەی ڕابردوو، داهاتوویەکی باش بۆ ئەفغانستان و تەنانەت ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستیش چاوەڕوان ناکرێت. لە جوگرافیای ئەفغانستاندا نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دەژین و نەبوونی حکومەتێکی هەمەلایەنە و سەربەخۆ ئەم ناوچەیەی کردووە بە بۆشاییەکی ڕەشی ئەمنی. كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌م بارودۆخانه‌ پێویستی به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی ناوچه‌یی به‌ هاوكاریی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزه‌ ناوچه‌ییه‌كان هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .