بەنداوەکانی تورکیا؛ کێ باجەکەی دەدات؟

 زەین ئەلعابیدین یوسف
نووسەر: زەین ئەلعابیدین یوسف
چوارشەممە 27 ته‌مموز 2022 - 08:22
https://kurdish.iswnews.com/?p=15380

بەكارهێنانی ٥٨٥ بەنداو لەلایەن ئەنقەرەوە زیانی بە دوو وڵاتی سووریا و عێراق گەیاندووە، بە تایبەت كە ئەم دوو وڵاتە بەهۆی وشكەساڵییەوە رووبەڕووی مەترسییەكی گەورەی ژینگەیی بوونەتەوە.

مەترسی ئاو کە لە ئەنجامی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوادا سەریهەڵداوە، بە یەکێک لە مەترسیدارترین مەترسییەکان بۆ سەر جیهان دادەنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا ئەم دوو هۆکارە نییە، بەڵکو تەماحی ئاویش هۆکارێکی گرنگە کە مەترسی ئاوی بۆ هەندێک وڵات مەترسیدارتر کردووە.

کاتێک باس لە تەماحی ئاو دەکەین، یەکسەر بیرمان لە درووستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیاوە دێت، ئەم وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٨٥ بەنداوی دروست کردووە.

کاتێک باس لەم ژمارەیە دەکرێت، ڕەنگە هەندێک بە هەنگاوێکی باش بزانن، لەسەر بنەمای ئەوەی کە تورکیا سەروەت و سامانی ئاوی خۆی دەپارێزێت و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری دەهێنێت. ئەمە لە كاتێكدایە کە ئەم هەنگاوە زیان بە دوو وڵاتی دراوسێی توركیا كە بریتین لە سووریا و عێراق گەیاندووە، بەتایبەتی کە ئەم دوو وڵاتە بە هۆی وشكەساڵییەوە ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە بوونەتەوە.

ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ٨٠٪ی ناوچەکانی عێراق و سووریا لەژێر هەڕەشەی کارەساتی مرۆییدان، کە هۆکاری پڕۆژە ئاوییەکانی تورکیایە.

سەرەرای ئەگەری زۆری هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە، بەڵام هێشتا هەندێک دەڵێن زیادەڕەوی تێدا کراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئامار و داتاکان قەبارەی زۆری کارەساتەکە نیشان دەدات، بەجۆرێک کە تێکڕای بەرهەمهێنانی کارەبا لە سووریا لە ڕووباری فوراتەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە گەیشتووەتە چارەکێک، هەروەها هاتنی ئاوی ڕووباری دیجلەش هەروا زیاتر لە ٤٧% دابەزیوە.

ئەم ئامارە مەترسیدارانە لەلایەن ڕۆژنامەی گاردیانی ئینگلیزییەوە بڵاوکراونەتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئاماری وردتری سەبارەت بە زیانەکانی بەنداوەکانی تورکیا بۆ دراوسێکانی بڵاوکردۆتەوە.

بەنداوەکانی تورکیا مەترسییەکی راستەقینەن بۆ سەر عێراق

ڕێککەوتنی دۆستایەتی و دراوسێیەتی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە نێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا، سیستەمێکی بۆ ڕێکخستنی بەکارهێنانی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە نێوان هەردوو وڵاتدا دیاری کردووە، لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا بە وڵاتی سەرچاوە دادەنرێت، چەندین جار ئەم ڕێککەوتنەی پێشێل کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا ئەم ڕێککەوتنەی دۆستایەتی و دراوسێیەتی نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەک ڕێککەوتنی بەدوای خۆیدا هێنا کە بە سەرپەرشتی کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و لە شێوەی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات واژۆ کراون.

پەیمانی لۆزان و بە تایبەتی لە ماددەی ١٩ ی پەیماننامەكەدا هاتووە كە پێویستە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان توركیا، سووریا و عێراق بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەگەری ناكۆكییە ئاوییەكان پێكبهێنرێت، كە توركیا پابەند دەكات بە ئاگاداركردنەوەی عێراق لە هەر پلانێكی ژێرخانی ئاو، ئەمە لەکاتێکدایە کە توركیا پەیمانی لۆزان پشتگوێ دەخات.

چاودێران پێیان وایە نەبوونی میکانیزمێک بۆ لێپرسینەوە لە دەستدرێژکار بووەتە هۆی ئەوەی ئەم دەستدرێژییە بەردەوام بێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​تورکیا لە دەستدرێژییە ئاوییەکانی بەردەوامە. لە هەمان کاتدا دۆخی ناجێگیری سیاسی و ئەمنی عێراق وایکردووە لایەنی تورک لە هەموو پەیماننامە واژۆکراوەکاندا داواکارییەکانی عێراق پشتگوێ بخات.

سووریا کە بارودۆخی لە عێراق باشتر نییە، زیاتر لە ٨٠٪ پشت بە ڕووباری فورات دەبەستێت، چ لە پرۆژەکانی کارەبا و چ لە پێویستی ئاودا، لە کاتێکدا تورکیا بە ئەنقەست ئەو ئاوە کە لە ڕێگەی ڕووباری فوراتەوە دەچێتە سووریا بۆ کەمتر لە چارەکێک کەم کردۆتەوە.

دەرئەنجامی ئەم کارە، مەترسییەکی ڕاستەقینەی ئاو و کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە سووریا. شاراوە نییە کە دۆخی نالەباری سووریاش وایکردووە تورکیا سوود لەم دۆخە وەربگرێت و بەنداو دروست بکات و پلانەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئاوییەکانی سووریا جێبەجێ بکات، بەبێ پابەندبوون بەو یاسایانەی کە وڵاتانی خاوەن ئاوی هاوبەش دایانناوە.

بەنداوەکانی تورکیا مەترسین بۆ سەر ئێران

ئارەزووی تورکیا بۆ دروستکردنی بەنداو تەنها لەو ڕووبارانەدا نییە کە هاوبەشن لەگەڵ عێراق و سووریا، بەڵکو تا دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووباری سنووری ئەرەس درێژبووتەوە و ئەم پرسە وایکردووە ئێران دژایەتی دروستکردنی ئەو بەنداوانە بکات و ئێستا دۆسیەی بەنداوەکانی تورکیا لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵاتدایە.

جیاوازی قەیرانی نێوان تورکیا و عێراق و سووریا و قەیرانی نێوان تورکیا و ئێران ئەوەیە کە تورکیا چاوپۆشی لەو ڕێککەوتنانە کردووە کە لەگەڵ عێراق و سووریا واژۆ کراوە، لە کاتێکدا بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕێککەوتنێک لەسەر هاوکاری ئاوی نێوان ئەم وڵاتە و تورکیا واژۆ نەکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە کار لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی ئاو لە نێوان ئێران و تورکیا دەکرێت.

پاڵنەرەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی بەنداو

لە وەها دۆخێکدا کە دروست کردنی بەنداوەکانی تورکیا زیانی زۆری بۆ عێراق و سوریا و ئێران لێکەوتۆتەوە، پرسیارێک دێتە ئاراوە، پاڵنەرەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی ئەو ژمارە زۆرە بەنداو چییە؟ ئەم پرسیارە گرنگ دەبێت چونکە ئێمە باسی ٥٨٥ بەنداو دەکەین.

دەکرێت بەکورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، واتە بڵێین تورکیا دۆخی نالەباری ئەمنی و سیاسی عێراق و سووریای بۆ زاڵبوون بەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم دوو وڵاتەدا بەکارهێناوە.

هەروەها دەکرێ بگوترێ کە تورکیا بەنیازە لە داهاتوودا مەترسی ئاو وەک کارتێکی سیاسی بۆ فشارخستنە سەر عێراق و سووریا بەکاربهێنێت.

بەڵام ئایا ئەم هەڵسوکەوتە بەرامبەر ئێران سەرکەوتوو دەبێت؟ لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ بڵێین ئەنقەرە زۆر باش لە دەسەڵاتی ئێران تێدەگات و هەر بۆیە هەمیشە هەوڵ دەدات پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵدا هەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *