چاککردنەوەی وێستگەی حەراری حەلەب لەلایەن کۆمپانیایەکی ئێرانییەوە

دووشەممە 11 ته‌مموز 2022 - 23:22
https://kurdish.iswnews.com/?p=14840

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سه‌رۆک کۆماری سووریا بەشی پێنجه‌می وێستگه‌ی حەراری حه‌له‌بی کرده‌وه‌ که‌ له‌ لایه‌ن شارەزایانی ئەو وڵاتەوە به‌ هاوکاریی کۆمپانیای مەپنای ئێرانی چاککرایەوە.

لە ٧ی تەمموزدا، بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا، بەشی پێنجەمی وێستگەی حەراری حەلەبی کردەوە. ئەم وێستگەیە ٢٠٠ مێگاوات کارەبای پارێزگای حەلەب بەرهەم دەهێنێت.

نوسینگەی سەرۆكی سووریا رایگەیاند، شەش ساڵ لەمەوبەر پاڵەوانانی سوپای سووریا وێستگەی حەراریان لە نزیک رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب رزگاركرد و ئەمڕۆش، ئەندازیاران و شارەزایان و كرێكاران، بە توانا و ئیرادە و دەستی خۆیان، چاککردنەوەی بەشی پێنجەمی وێستگەی کارەبایان بە کۆتایی گەیاند. سه‌رۆک کۆماری سووریا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسه‌ی چاککردنەوەی بەشەکانی دیکەی وێستگەکە بێت، سەردانی حەلەبی کرد.

بەشار ئەسەد ئەو کارمەندانەی کە لە وێستگەی حەراری حەلەب کاردەکەن بە “لاوانی مەیدان” وەسف کرد و وتی کە پارێزگای حەلەب لە ئەنجامی تیرۆر و تێکدانی لەلایەن گروپە چەکدارەکان زیاتر لە پارێزگاکانی دیکە زیانی بەرکەوتووە و هەر بۆیە حەلەب مافی خۆیەتی کە گەورەترین سوودمەند لە چاککردنەوەی وێستگەی کارەبا بێت. جەختیشی كردەوە كە وێستگەی حەراری شاری حەلەب لەلایەن شارەزایانی ناوخۆیی و هاوپەیمانانی سووری (كۆمپانیای مەپنای ئێران) نۆژەن كراوەتەوە.

شایانی باسه‌ بەهۆی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ له‌ سووریا، ئه‌م وڵاته‌ له‌ كه‌رتی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با تووشی زیانێكی زۆر بوو. بەرهەمهێنانی كارەبای سووریا كە پێش شەڕەکە نزیكەی ٩٥٠٠ مێگاوات بوو و زیاتر لە هەزار مێگاواتیش هەناردە دەكرا، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وردە وردە كەمی كردەوە و گەیشتە ٢٥٠٠ مێگاوات.

هاوینی ساڵی رابردوو حکومەتی سووریا رایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی بۆ چاککردنەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی وێستگەی کارەبای “موحردە” لە شاری حەما کردووە. غەسان ئەلزەمیل وەزیری كارەبای سووریا لە نیسانی ٢٠٢١ ڕایگەیاند، گرێبەستێک بە بەهای ١٢٤ ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ ئێران بۆ چاککردنەوەی ژمارەیەک وێستگەی كارەبا واژۆ كردووە.

دوای كۆنترۆڵ كردنەوەی وێستگەی حەراری حەلەب لەلایەن سوپای سووریاوە، پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە، چاككردنەوە و چالاككردنی ئەم وێستگەیە بەهۆی سزاكانی وڵاتانی رۆژئاوا درێژەی کێشا، بەڵام بە ئامادەبوونی كۆمپانیای “مەپنا”ی ئێرانی لە حەلەب، کێشەی دابینکردنی پارچەکانی سەرەکی و یەدەگ چارەسەر کرا و ئەم وێستگەیە بۆ تۆڕی بەرهەمهێنانی کارەبا گەڕایەوە. وێستگەی کارەبای حەلەب وەک وێستگەیەکی ستراتیژی و گرنگ لە تۆڕی کارەبای سووریا دادەنرێت چونکە پێش دەستپێکردنی شەڕی سووریا ١١٠٠ مێگاوات کارەبای بەرهەمهێناوە و ئەگەر بە توانای بەرهەمهێنانی پێشووی بگەڕێتەوە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تۆڕی کارەبای سووریا دەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *