یادداشت: تاجیکستان، مەیدانی تازەی کێبڕکێی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا

 هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
نووسەر: هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام
هه‌ینی 8 ته‌مموز 22 - 21:03
https://kurdish.iswnews.com/?p=14734

دوای گەڕانەوەی پوتین لە سەفەری ئەم دواییەی بۆ تاجیکستان، میدیا جۆراوجۆرەکان خوێندنەوەی گرنگیان لەم بارەیەوە کردووە کە پەیوەندییان بە پرسە ناوخۆییەکانی تاجیکستان و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ئیمامعەلی ڕەحمان و ئەمریکییەکانەوە هەیە.

ماڵپەڕی ڕووسی پراڤدا، بە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی سەردانەکەی پوتین بۆ تاجیکستان، ئاماژەی بە چەندین خاڵی گرنگی کردووە، کە بەم شێوەیە کورت دەکرێنەوە.
١- ئەم ڕۆژنامەیە گەشتە زۆرەکانی بەرپرسانی ئەمریکی بەتایبەت بەرپرسی CENTCOM (ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا لە ناوچەکە) بۆ تاجیکستان بە زۆر مەترسیدار زانی و ئاماژەی بەوە کرد کە تێوەگلانی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی تاجیکستان. لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوە کردووە: دەزگای دژە ڕووسیی سۆرۆس USAID بە شێوەیەکی بەرچاو ئەرکی خۆی لە تاجیکستان فراوانتر کردووە. بۆ نموونە، بەرنامەی مافی مرۆڤ دەڵێت کە USAID کار لەسەر پرسەکانی کۆچکردن بۆ کار بە پێشکەشکردنی پشتیوانی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و دارایی بۆ کۆچبەرانی پێشوو، بە تایبەت ئەوانەی کە چیتر ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ فیدراسیۆنی ڕووسیا دەکات. بەرنامەکانی USAID بەڕواڵەت یارمەتیان دەدەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگاکانیان و ئەو لێهاتووییانەی کە پێویستیانە بۆ دۆزینەوەی کارێک یان دەستپێکردنی کارێک، بەدەست بھێنن. پێویست ناکات بڵێین ئەوان بۆ ئەوەی ببنە بە چ جۆرە کەسانێک ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

ناوچەکانی کارکردنی بارەگای فەرماندەیی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست – CENTCOM

٢- پراڤدا هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌دەخشان و ململانێ سنوورییه‌كانی تاجیكستان له‌گه‌ڵ قرقیزستان ده‌ڵێت: تاجیكستان لەبەر ململانێکانی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری بەدەخشان لە پامیر، كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٢ـەوە ئاژاوه‌ و ناڕه‌زایه‌تی تێدا ڕوودەدات، بەشێوەی جددی ناسەقامگیر بووە. هەروەها خۆپیشاندەرانی ئەو ناوچانە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا داوای جیابوونەوەیان لە کۆماری تاجیکستان کردەوە. پامیر لەلایەن بۆلشێویکەکانەوە لکێندرایە سەر تاجیکستان و هەرگیز لە کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی تاجیکستان بەیتوانی دەسەڵاتی بەدەست بهێنێت.
دووەم خاڵی ناسەقامگیری تاجیکستان ململانێی ئاوی دۆڵی فێرغانە لەگەڵ قرقیزستان بوو. ململانێکانی سەر سنوور ڕانەگیران و دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە قرقیزستان و تاجیکستان هەردوو ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵی CSTOـن.

٣- پرسی لاوازی ئابووری تاجیكستان یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی تر كه‌ ئه‌م رۆژنامه‌ رووسییه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات: تاجیكستان له‌ ئابوریه‌كه‌یدا به‌ كاتێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت. لە ئەنجامی سزاکانی سەر ڕووسیا و کەمکردنەوەی حەواڵەی کۆچبەران، نرخی کەلوپەلە سەرەتاییەکانی وەک ئارد و شەکر و غاز لەگەڵ بەهای سامانی (دراوی نیشتمانی تاجیکستان) بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام لەبەرامبەر دۆلار بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

٤- پرسێكی تر كه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووە، پرسی ئه‌فغانستانه‌. تاکە وڵاتێک لە ئاسیای ناوەڕاست کە دژایەتی کۆنترۆڵی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەکات، حکومەتی تاجیکستانە. دوای هاتنە سەرکاری تاڵیبان، حکومەتی تاجیکستان مافی پەنابەری داوەتە چەند سەرکردەیەکی پێشووی حکومەتی ئەفغانستان، لەنێویاندا نوێنەری هاوپەیمانی پێشووی باکور و پەیوەندی بەردەوام لە ئەفغانستانەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە هەیە.
ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: تاجیكستان ئه‌ڵقه‌یه‌كی لاوازه‌ له‌ ئاسیای ناوه‌ڕاستدا، ناسه‌قامگیركردنی خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست، ستراتیژی ئانگلۆساكسۆنه‌کانە بۆ لاوازكردنی كاریگه‌ری رووسیا. ئێستا کە سەرنجیان خراوەتە سەر شەڕی ئۆکرانیا، دەبێت مۆسکۆ بۆ ئەم جۆرە پێشهاتانە ئامادەبێت، ئەمەش هۆکاری سەفەری پوتین بۆ ناوچەکە ڕوون دەکاتەوە.

ئاندری سوزدالتسۆڤ، پرۆفیسۆر لە قوتابخانەی باڵای ئابووری، شارەزای وڵاتانی CIS، بە پراڤدای ڕاگەیاند، پێگەی گرنگی تاجیکستان (بەتایبەت هاوسنووری لەگەڵ ئەفغانستان) بۆ ئەمریکییەکان گرنگە، و بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا، پرسی هاوکاری نێوان تاجیکستان و ئەمریکا دەکرێت سروشتی جیۆستراتیژیکی هەبێت. بۆیە پوتین دەیەوێت لە پلەی یەکەمدا پرسە ئەمنییەکان تاوتوێ بکات.

سایتێکی دیکە کە ئەم بابەتەی تاوتوێ کردووە، سایتی “Responsible Statecraft”ی ئەمریکی بوو. ئەم ماڵپەڕە بەشێکی ناوەندی کوئینسیە کە لەلایەن دامەزراوەی سۆرۆس دامەزراوە.
ئەم سایتە سەبارەت بەو پرسانەی لە دیداری پوتین لەگەڵ ڕەحماندا خراونەتەڕوو، نووسیویەتی: گوایە دۆخی ناوخۆی تاجیکستان، ئەگەری یارمەتیدانی مۆسکۆ لەلایەن تاجیکستانەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا، پێویستی ڕەحمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگە تاڵیبان و پرسی ئاڵۆزی جێنشینی رۆستەم ئیمامعەلی جێگەی سەرنجی ئەم دیدارە بووە.
ڕەحمان بە هاوبەشێکی پلە دووی ڕووسیا دادەنرێت، بۆیە ناکرێت گفتوگۆی جددی تریان کرد بێت. هەروەها ڕووسیا لە ڕێگای دیکەوە ئامادەبوون و کاریگەری خۆی، وەک دروستکردنی قوتابخانە فراوانتر دەکات و لەم ڕووەوە پێنج قوتابخانەی نوێی زمانی ڕووسی لە تاجیکستان بە پارەی مۆسکۆ دروستکراون و لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا دەکرێنەوە.

پراڤدا لە درێژەدا ئاماژەی بە کارتەکانی فشاری ڕووسیا بۆ سەر تاجیکستان دەکات و دەڵێت: ئەو حەواڵەکردنانەی کە لەلایەن کرێکارانی تاجیکەوە لە ڕووسیاوە دەنێردرێت، لە مێژە بۆ فەرمانڕەوا گەندەڵ و ناکارامەکانی تاجیکستان هێڵی ژیان بووە، چونکە ڕێگە بە گەلەکەیان دەدات سەریان بەرز ڕابگرن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، کارتێکی بەهێزی ڕووسیا بۆ کاریگەری لەسەر کاروباری ناوخۆیی تاجیکستان، سنووردارکردن و داخستنی سنوورەکانی ڕووسیایە بەڕووی کرێکارانی تاجیکستاندا. ڕووسیا توانای پاراستنی سنوورەکانی تاجیکستانی نییە و ڕووداوەکانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی مەترسیدار فشاری لەسەر ئەم پرسە کردووە. سوپای بەهێزی ڕووسیا سەلماندوویەتی کە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی، زۆر پشت بە تاوان دەبەستێت.

ئەمریکا هەوڵ دەدات خۆی وەک بەدیلێکی باوەڕپێکراو و گونجاو بۆ ئاسایشی تاجیکستان لەبری ڕووسیا دابنێت. ئەمە ڕاستییەکە کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ژەنەڕاڵ مایکل کوریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بۆ تاجیکستان سەلمێندرا. ئەمریکا خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی سنوورییە لەسەر سنوورەکانی تاجیکستان و ئەفغانستان و لە بەرامبەردا هیچ چاوەڕوانییەکی نییە کە تاجیکستان هەڵوێستی ئاشتەوایی لەگەڵ ئەفغانستان بگرێتەبەر. لە کاتێکدا ڕووسیا بۆ پێدانی شتێکی لەم شێوەیە داوای دانپێدانان بە ڕژێمی تاڵیبان دەکات. لەنێو هاوپەیمانە نزیکەکانی ڕووسیا لە ئاسیای ناوەڕاست، تاجیکستان بەهێزترین پەناگەیە دژی تاڵیبان و هەمیشە بە توندی دژی دوژمنایەتی تاڵیبان بەرامبەر بە نەتەوەکانی دیکە بەتایبەت تاجیکەکان قسەی کردووە.

بەڵام ڕەنگە ئاسایش و سەقامگیری ئابووری نیگەرانی لاوەکی حکومەتەکەی ڕەحمان بێت. زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ئەولەویەتی سەرۆکی تاجیکستان ئەوەیە کە دەسەڵات و سامان لە بنەماڵەکەی بمێنێتەوە و ڕۆستەم ئیمامعەلی کوڕە تەمەن ٣٤ ساڵەکەی بکاتە جێنشینی خۆی.

تێبینی: پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا میدیاکانی جیهان بە تایبەت میدیاکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەرامبەر بە پێشهاتەکانی تاجیکستان زۆر هەستیار بوون. بە بۆچوونی ئێمە، هەروەها دانپێدانانی زۆرێک لە پسپۆڕان، ئاسیای ناوەڕاست دەبێتە ناوەندی پێشهاتە گرنگەکان لە داهاتوودا، و پێدەچێت ئەمریکا بەدوای گۆڕانکاریدا لە دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستدا بێت، و ئەم کارەشی لە تاجیکستانەوە دەست پێ کردووە. ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئەمریکا (NGO) کە زۆربەیان لەلایەن دامەزراوەی سۆرۆسەوە پشتیوانی و پاڵپشتی دەکرێن، لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە تاجیکستان چالاکن. پێدانی ئیمتیازاتی سەربازی، ئەمنی، پەروەردەیی، هەروەها پاڵپشتی دارایی بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانی تاجیکستان، وایکرد ئیمامعەلی ڕەحمان یاری بەم کارتە بکات.
ئەوەی ڕوونە لە ئێستادا ڕووسیا توانای ئامادەبوونی لە دوو بەرەدا نییە، بۆیە داوایان لە تاجیکەکان کردووە سازش لەگەڵ تاڵیبان بکەن و خۆیان لە دروستکردنی شەڕ لەم ناوچەیەدا بەدوور بگرن. بێگومان هەڵوێستی ڕەحمان لەم مشتومڕەدا دوو لایەنەیە. لەلایەک دڵنیایی داوەتە ڕووسەکان کە ڕێگری لە شەڕ لە ناوچەکە بکەن، لە لایەکی دیکەشەوە بۆ کارکردن دژی تاڵیبان هاوکاری ڕۆژئاوا دەکات. هێزەکانی ئەحمەد مەسعودی سنووردار کردووە و تاڵیبانی دڵنیا کردووەتەوە کە ڕێگە بە ئەحمەد مەسعوود نادات کە لە خاکی تاجیکستانەوە هەڕەشە لە تاڵیبان بکات. بەگشتی ڕەحمان هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی بە یاریکردن لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا جێگیر بکات و هیچی تر! بەڵام ڕەنگە ئەم تەماحە، کێشە بۆ تاجیکستان و ناوچەکە دروست بکات کە توانای کۆنترۆڵکردنی نەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .