یادداشت: دیسانەوە دانوستانەکانی ئەمریکا و تاڵیبان لەسەر ئەفغانستان
سەردانی زالمای خەلیلزاد و تۆم وێست بۆ قەتەر و دوابەدوای ئەوە سەردانی نێردەی قەتەری بۆ کابوڵ، نیشانەی پلانێکی نوێ ئەمریکایە بۆ ئەفغانستان.
دانوستانەکانی ئاشتی لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە سێ خولدا بە میوانداری قەتەر بەرێوەچوو کە تاکە دەستکەوتی بۆ گەلی ئەفغانستان، کەوتنی حکومەتی ئەو وڵاتە لە ١٥ی ئابی ساڵی رابردوو و رادەستکردنی بە تاڵیبان بە رێنماییەکانی ئەمریکا بوو.
خولی یەکەمی گفتوگۆکان لە دەوحەی قەتەر لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان بەڕێوەچوو کە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو و هەردوولا تەنیا توانیان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان ڕێکبکەون.
دوای چەند هەفتەیەک، خولی دووەمی دانوستانەکان لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو. لەم خولەدا هەردوولا لەبارەی چەند بابەتێکەوە وەک ئاگربەستی سێ مانگە، دامەزراندنی سیستەمێکی ئیسلامی، ڕێزگرتن لە مافی ژنان و دامەزراندنی ئەنجومەنی زانایانی ئایینی لە ئەفغانستان گفتوگۆیان کرد، بەڵام دیسانەوە هیچ ڕێککەوتنێک نەکرا.
تێکچوونی پەیوەندیە سیاسییەکانی ئەفغانستان و پاکستان لە لایەکەوە، فشارەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی ئەفغانستان لەلایەکی دیکەوە وای کرد کە لە خولی سێیەمی گفتوگۆکان، بڕاوەی سەرەکی گۆڕەپانەکە تەنیا تاڵیبان بێت. لەبەر ئەوەی تاڵیبان لە مەیدانی جەنگدا چالاکتر بوون و هێزەکانی سوپای ئەفغانستان چیتر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانیان نەمابوو.
لەم باردۆخە نایەکسانەی مەیدانی، لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە ژێر فشاری ئەمریکا بەڕێوەچوو کە لەئەنجامدا و ژێر فشاری زۆر ئەمریکا، حکومەتی ئەفغانستان رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی ٥ هەزار زیندانی تاڵیبان دەربڕی. دواتر هەمان ئەو زیندانیانە یارمەتیدەری تاڵیبان لە پرۆسەی کەوتنی حکومەتی ئەفغانستان بوون.
لە خولی سێیەمی گفتوگۆکانی دەوحەدا پەیمانێکی نهێنی ئەمنی و هەواڵگری لە نێوان ئەمریکا و تاڵیباندا واژۆ کرا کە زامنی ڕادەستکردنی حکومەتی ئەفغانستان بە تاڵیبان بوو و حکومەتی ئەفغانستانیش لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا هیچ توانایەکی نەبوو. بۆیە حکومەتی ئەفغانستان و نوێنەرەکانی هیچ دەسەڵاتێکیان لە خولی دانوستانەکان نەبوو، بەڵکو تەنیا لە ژێر فشاری ئەمریکادا داواکارییەکانی تاڵیبانیان قبوڵ دەکرد.
لەئێستادا کە پێنج مانگ بەسەر کەوتنی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە تێدەپەڕێت؛ خەڵکی ئەفغانستان لە ڕووی بژێوی ژیانیان وەک بێکاری، کەمی خوراک و دابەزینی بەهای دراوی ئەفغانی تووشی کێشەیەکی جیدی بوونەوە. زالمای خەلیلزاد نوێنەری پێشوو و تۆم وێست نوێنەری نوێی ئەمریکا لە کاروباری ئەفغانستان لە ١٢ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێ دانوستانەکان لەگەڵ تاڵیبان سەردانی قەتەریان کردووە و لەگەڵ ماجد قەحتانی نوێنەری تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ ئەفغانستان دیدار و گفتوگۆیان ئەنجام داوە.
ماجد قەحتانی دوای دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ نێردەی ئەمریکا، لە سەردانێکی چەند ڕۆژەدا لە ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان و هەروەها عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتەوایی نیشتمانی لە حکومەتی پێشوو دیدار و گفتوگۆی ئەنجام داوە و ئەوانی لە لێدوانە نوێیەکانی ئەمریکا ئاگادار کردۆتەوە.
ئەم دیدار و هەوڵانە دەریدەخات کە ئەمریکا بە نیاز نیە واز لە ئەفغانستان بێنێتەوە.
میدیاکانی ڕۆژئاوا سەردانەکانیان لە پێناو “پاراستنی دەستکەوتەکانی ٢٠ ساڵ لە ئەفغانستان” و دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان، ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و گەشەپێدانی ئابووری لەو وڵاتەدا ناو بردووە، بەڵام گەلی ئەفغانستان ئەزموونێکی سەخت و ناخۆشی لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان هەیە. ئەمریکییەکان بە رادەستکردنی چارەنووسی میللەتی ئەفغانستان بە گروپی تاڵیبان، جارێکی تر خۆڕاگریە چەند ساڵەکەی ئەو میللەتەیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و توندڕەوی، کردە قوربانی ئامانجە خراپەکانیان. سەرەڕای ئەم قەبارەی خیانەتە، ئەمریکییەکان هێشتا خەونی نوێیان بۆ ئەفغانستان هەیە.
لێدوانەکان