یادداشت: کازاخستان، شکستی تورکستانی گەورە

نووسەر: مۆرتزا غوڵامڕەزایی
سێشەممە 11 كانونی دووه‌م 2022 - 20:20
https://kurdish.iswnews.com/?p=5833

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە کازاخستان، مانگرتن، گردبوونەوە و ڕوبەڕوبوونەوەی چەکداری لەو وڵاتە ڕوویداوە. ئەو مانگرتنانەی کە بەشێوەی نائاسایی و خێرا ڕەنگ و بۆنی توندوتیژی و ڕزگاریخوازانەی بەخۆیەوە گرتووە. بەڵام ئەوەی لەم خۆپیشاندانەدا سەرنجی زۆرێک لە شارەزایانی ڕاکێشاوە، بوونی کۆمەڵێک کەسی کاریگەر لەم ئاڵۆزیانەیە کە پێشتر لە ژێر ناونیشانی گروپە جیاجیاکاندا شەڕیان لەگەڵ حکومەتی سوریادا کردووە. ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی سوریاوە و دوای دامەزراندنیان لەلایەن تورکیاوە بۆ سوریا نێردراون.

لەوکاتەدا ڕەنگە زۆربەی شارەزایان ئەو هەنگاوەی تورکیایان بە کاتی و سنووردار بە سوریا زانیبێت. تەنانەت دواتر کاتێک تورکیا ئەو کەسانەی لە لیبیا و ناگۆرنو-قەرەباغ بەکار هێنا، زۆر کەس لەو باوەڕەدابوو کە ئەم هەنگاوانەی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا بەرنامە بۆ داڕێژراو نیە و تەنیا لەبەر پێویستی ئەنجام دراوە.

بەڵام بەگەڕانەوەی ئەو کەسانە و ئامادەبوونێکی کاریگەر، تیمی و پلان بۆ داڕێژراویان لە ئاڵۆزییەکانی کازاخستان، بۆ زۆرێک دەرکەوت کە بێگومان ئەم هەنگاوانە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە. جگە لەوەش پێویستە تێبینی ئەوەش بکرێت کە تورکیا لەژێر دروشمی تورکستانی گەورەدا چەندین قوتابخانەی لەم وڵاتە و وڵاتانی تری ئاسیای ناوەڕاست دامەزراندووە. هەروەها فڕۆکەخانەی ئەلماتی کە پێشتر ئەو کەسانە بۆ هاتوچۆ بۆ تورکیا بەکاریان دەهێنا، لەلایەن کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی سەر بە ڕەوتی دەسەڵاتدارانی تورکیا خاوەندارێتی دەکرێت.

بێگومان کازاخەکان هەرگیز بڕوایان نەدەکرد کاتێکدا هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دەبوونە ئەندام لە گروپە تەکفیرییەکانەوە و بۆ گواستنەوەیان بۆ سوریا هاتوچۆی تورکیایان دەکرد، و هاوکات تورکیا بە دروشمی ڕەگەزپەرستی و تورکستانی گەورە وەبەرهێنانی کلتوری و ئابووری لەو وڵاتەدا دەکرد، ئامانجی کۆتایی تورکیا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوایی بۆ گۆڕینی حکومەت بە شێوەیەکی چەکداری و بەهێزکردنی کەسە توندڕەوانەی نزیک لە خۆیە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بکرێتە زەمینەیەکی نوێ بۆ پێشبڕکێ لەگەڵ ڕوسیا و چین. بەڵام جگە لە کازاخستان، تورکیا بە بیانووی نەژادی وەبەرهێنانی لە وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاستیش کردووە.

بەدڵنیایەوە لە دوای ئاڵۆزییەکانی کازاخستان و ئاشکرابوونی سروشتی کردەوەکانی تورکیا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست چیتر تورکیا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی و خەمخۆرێکی هاونەتەوە تەماشا ناکەن و چالاکییەکانی تورکیا لەم وڵاتانەدا بەتایبەتی لە بواری فەرهەنگی و خوێندنەوە ڕووی لە کەمبوونەوە دەکات. وڵاتانی تری ئاسیای ناوەڕاست کە بە چاو کازاخستان توانای بەرگری لاوازیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی چیتر تورکستانی گەورەیان بە پاڵپشتێکی نەتەوەیی بۆ ململانێی ئەمنییەکان نایبینن، ئەو پرسەیان وەک تەلەیەکی تەکفیری تیرۆریستیش تەماشا دەکەن کە بە هۆی حکوومەتە دەسەڵاتخوازەکانی ئەم وڵاتانە، دەتوانن بە خێرایی گەشە بکەن. سەرەڕای ئەوەش ڕوسیا بۆ ڕێگەگرتن لە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیەکانی بۆ سنوردارکردنی کردەوەکانی تورکیا لەم ناوچەیە هەوڵی زیاتر دەدات.

چاوەڕوان دەکرێت کە تورکستانی گەورە تەنیا لەسەر کاغەز بمێنێتەوە و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە تێڕوانینێکی ئیجابیانەی ڕوسیا بەزوویی لەبازنەکەی بکشێنەوە. پرسێک کە ئەوان بەرەو هاوبەشێکی بەهێزی تر دەبات کە بەهۆی رابردووی هاوبەشی پێش و دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ڕوسیا یەکەم بژاردەیان دەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *