بۆ دادگای باڵای عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد؟

نووسەر:
هه‌ینی 31 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 09:50
https://kurdish.iswnews.com/?p=5376

لە ئاکامدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەرەڕای بوونی سەدان بەڵگە و سەلماندنی ساختەکاری و تەزویری بەربڵاو لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەستکاریکردنی دەنگەکان، بەرژەوەندییەکانی بە سەر یاسادا زاڵکرد و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق چاوەڕوانییەک هەبوو کە دادگای باڵای فیدراڵیی ئەم وڵاتە بڕیاری فەرمی خۆی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2021 ڕابگەێنێت.

لە ئاکامدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەرەڕای بوونی سەدان بەڵگە و سەلماندنی ساختەکاری و تەزویری بەربڵاو لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەستکاریکردنی دەنگەکان، بەرژەوەندییەکانی بە سەر یاسادا زاڵکرد و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد.

هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی کە ئەڵبەت چاوەڕوانیش دەکرا، ئەوە بوو کە ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵدەوەشایەوە، حکومەتەکەی مستەفا کازمی بە تاوانبار دادەنرا و لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەدەبوو و دەستووریش بە ڕوونی ئەمەی باس کردووە و دۆخی عێراقیش ئاڵۆزتر دەبوو.

هەر بۆیە بە تێڕوانینی بەشێکی زۆری بەرپرسان و کەسایەتییەکانی عێراق، بەرژەوەندی ئەم وڵاتە لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بووە، لە بەر ئەوەی کە ڕەتکردنەوە و هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکان کۆمەڵگای فرە پێکهاتەی عێراقی تەنانەت بەرەو شەڕی ناوخۆیی دەبرد.

ئێستا کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسەند کراوە و ژمارەی کورسی و پێگەی حیزب و لایەنەکان دیاری کراوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە حکومەتی نوێی عێراق چۆن حکومەتێک دەبێت؟

سیناریۆی یەکەم، پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی بنکەفراوانە، بە شێوازێک کە چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شێعەکان لە گەڵ ڕەوتی سەدر و بەشێکی زۆری کوردەکان و سوننە کابینەی نوێ پێک بێنن.

ئەم شێوازە لە حکومەتی نوێی عێراق ڕەنگە پەسەندکراوی دۆستانی ئەم وڵاتە لە دەرەوە بێت، ئەڵبەت موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە کە دژایەتی وەها حکومەتێک دەکات لە بەر ئەوەی کە گەندەڵیی پێشوو، ئەنجام و بەرهەمی نەبوونی ئۆپۆزسیۆن و سیستەمی پشکخوازی لە کابینەکاندا بووە. (ئەڵبەت نابێت ئەوەش لە بیر بکرێت کە هەڵوێستەکانی سەدر بەردەوام ڕوو لە گۆڕانکاری دەکات).

سیناریۆی دووەم، پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەیە نەک بەربڵاو کە لە چەند لایەنێک پێک دێت، بەڵام لایەنی بەرامبەریش ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕێت، لەم حاڵەتدا دەبێت ڕەوتی سەدر یان چوارچێوەی هەماهەنگی، حکومەت لە گەڵ چەند لایەنێکی دیکە پێک بێنن.

کاندیدی سەرەکیی ڕەوتی سەدر بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، سەید جەعفەر سەدر باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا و براژنی موقتەدا سەدرە کە دەوترێت پەیوەندییەکی گوماناویی لە گەڵ لەندەن و ئەبوزەبی هەیە و ئەستەمە کە لایەنە عێراقییەکانی دیکە ڕەزامەندییان لە سەری هەبێت.

بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەر کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی کۆدەنگیی هەیە، ناوبراو لەم ماوەیەدا لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆبووە و بە پێی ڕاگەیاندنەکان تا ڕادەیەک ئامادەیە لە بەرامبەر داواکارییەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ نەرمی بنوێنێت.

پێویستە ئەوەش بوترێت کە حکومەتی زۆرینەی سیاسی، کابینەیەکی لاواز دەبێت و بەردەوام هەڕەشەی جوڵاندنی شەقامی لایەنی بەرامبەر و هەڵوەشانەوەی (وەک خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 ) لە سەرە.

دەبێت چاوەڕوان بین کە عاقڵمەندانی عێراق و سەرکردە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە کام بژاردەیان بە دڵ دەبێت و وڵاتی خۆیان بەرەو کام ڕێگا ڕێنوێنی دەکەن؟

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *