ئەتیۆپیا درۆنەکانی لە کوێ دابین دەکات؟

سێشەممە 28 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 14:21
https://kurdish.iswnews.com/?p=5259

ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی ئەتیۆپیا و بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی سەر حکومەتی فیدراڵ و بەردەوامی شەڕ، ئەو وڵاتەی ناچار کردووە ڕووبکاتە کڕینی چەکی جۆراوجۆر لەوانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هتد.

یەکەم یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی سوپای ئەتیۆپیا لە ساڵی ٢٠١١ و بە یارمەتی ئیسرائیل پێکهێنرا. بەپێی ڕێکەوتنەکەدا، ئەتیۆپیا دوو جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە کۆمپانیای Aerostarی ئیسرائیلی کڕی. بەڵام ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بە زۆری بۆ کاری هەواڵگری، راهێنان و.. بەکار دەهێنران و توانای هەڵگرتنی مووشەک و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەریان نەبوو.

لە ساڵانی دواتر و لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی تیگرای لە باکوری ئەتیۆپیا و پێویستی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشی وردتر لە دژی چەکدارانی تیگرای، هانی حکومەتی ئەتیۆپیای دا ڕووبکاتە کڕینی چەک لە وڵاتانی دیکە، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی و چینی.

لەم بارەیەوە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “مهاجر٦” لە ئەتیۆپیا دەریخست کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی ئێرانی بە حکومەتی ئەتیۆپیا فرۆشراوە. هەروەها دەوترێت کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکی بازرگانی چینی بۆ پۆلیس و سوپای ئەتیۆپیا دابین کراوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە وڵاتی چین ژمارەیەکی نادیاری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی وینگ لۆنگی بە سوپای ئەتیۆپیا فرۆشتووە، و هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨ وەزارەتی ئاسایشی گشتی ئەو وڵاتە مەشقی بە هێزەکانی ئەتیۆپیا لە قوتابخانەی فڕۆکەوانی پەکین کردووە. هێشتا ئەو دەنگۆیانە لەلایەن هەردوولاوە ڕەت یان پشتڕاست نەکراونەتەوە؛ بەڵام سەرچاوە خۆجێییەکان چەندین جار باس لە بینینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وینگ لۆنگ لە ئاسمانی ناوچەکانی تیگرای کردووە.

لەم چەند مانگەی دواییدا هەندێک لە سەرچاوەکان، هەواڵی دانوستانەکانی حکومەتی ئەتیۆپیا و تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “بەیرەقدار”ـیان بڵاوکردەوە. ئەم هەواڵەش پاساوێکی نوێ بوو بۆ زیادبوونی ناکۆکییەکانی میسر لەگەڵ ئەتیۆپیا و تورکیا، بە شێویەک کە میسر داوای لە ئەمریکا کردەوە فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی بەیرەقدار بە ئەتیۆپیا، کە ئەمریکا و ئەوروپا بێ دەنگیان لەمبارەیەوە هەڵبژارد.

ویستی سوپای ئەتیۆپیا بۆ کڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی جۆراوجۆر لە ئێران، چین، تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستی، گرنگی زۆری ئەم چەکە هێرشبەر و هەواڵگرییە لە شەڕی سەربازی و هەواڵگری دونیادا دەریدەخات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *