یادداشت: ئەنساروڵڵا چۆن دۆخی مەیدانی شەڕی یەمەنی بۆ بەرژەوەندی خۆی گۆڕی؟
دوای ٨١ مانگ لەشەڕی قورس، بارودۆخی مەیدانی جەنگ لەبەرژەوەندی ئەنساروڵڵا گۆڕاوە و ئامانجی سەرەکی هاوپەیمانی سعودیەش لە گرتنی سەنعا و سەعدە گۆڕاوە بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی مأرب.
لە ١٢ی تشرینی دووەمدا، فەرماندەیی هاوپەیمانی سعودیە فەرمانێکی لەبارەی شەڕی یەمەن دەرکرد کە ئاماژە بە سەرکەوتنی ئەنساروڵڵا دەکرد لە تێکشکاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن.
ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانی سعودیە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بە ئامانجی بڕینی گەیشتنی ئەنساروڵڵا بۆ دەریا لە دوو تەوەری باشوری پارێزگای ئەلحودەیدە و باکوری پارێزگای حجە دەستیپێکرد. ئیمارات پشتگیری تایبەتی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە کرد و هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان لەماوەی ساڵێکدا لەسەر شریتی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئەلحودەیدەدا پێشڕەوی بکەن.
لەگەڵ بەرخۆدانی ئەنساروڵڵا لە کەناراوەکان و زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکان، زیانی گیانی هاوڵاتیان زیادی کرد و دواجار نوێنەرانی ئەنساروڵڵا و حکوومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسوور هادی لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا ڕێککەوتننامەی ستۆکهۆڵمیان واژۆکرد.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە لە چوار بەشی: ئاگربەست لە ئەلحودەیدە و دووبارە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا و ڕێگاکانی شاری تەعەز و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان پێک دەهات کە هیچ کامیان بەتەواوی جێبەجێ نەکرا. هاوپەیمانی سعودیە لەلایەکەوە بەردەوام بوو لەسەر زیاتر کردنی هێرش و پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە ئەلحودەیدە و لەلایەکی دیکەشەوە گەمارۆکانی فڕۆکەخانەی سەنعای هەڵنەدەوەشاندەوە و ڕێگری دەکرد لە گەیشتنی کەشتیەکان بۆ بەندەری ئەلحودەیدە سەرەڕای رێگەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان. بە بینینی ئەم بارودۆخە ئەنساروڵڵاش بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەدەکرد و لە ئەنجامدا ڕێککەوتننامەی ستۆکهۆڵم بوو بە ڕێککەوتنێکی بێ ڕۆح.
هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە، ستراتیژی ئەنساروڵڵا لە دژی هاوپەیمانی سعودییە پلانێکی دوور و درێژ و لاواز کردن بوو. هێرشی پارتیزانی و پیادەکردنی جۆرەها تاکتیکی پارتیزانی، هاوپەیمانی سعودیەی تووشی شەڕێکی کردەوە کە ووردە ووردە لاوازی دەکرد و لە کۆتاییدا بووە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی ئەو هاوپەیمانییە لە هەفتەکانی رابردوو بە بێ ئەوەی یەک تەقە بکرێت بەرەکانی ئەلحودەیدە چۆڵ و بە خێرایی پاشەکشە بکەن.
دوای ئەم پاشەکشەیە چەندین لێکدانەوە کرا لەسەر ڕێککەوتنی نهێنی و خیانەتی ئیمارات لە سعودیە و هتد، کە هیچ کام لەم بانگەشانە ڕاست نەبوون. فەرماندەیی هاوپەیمانی سعودیە هۆکاری سەرەکی کشانەوە لە ئەلحودەیدەی پاراستنی مأرب ناو برد و لە ناردنی هێز بۆ ڕێگریکردن لە کۆنترۆل کردنی مأرب لەلایەن ئەنساروڵڵاوە هەواڵی دایەوە.
مأرب ئێستا بۆتە بەنداوێک لە دژی لافاوی هێرشەکانی ئەنساروڵڵا کە لەناوچوونی دەتوانێت هەر وەک لافاوی ئەلعرم کە بەنداوی مأرب ـی وێران کرد، حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسور هادی لە ناو ببات. باش دەزانین ئازادکردنی مأرب شکستێکی دیکەی قورسە بۆ هاوپەیمانی سعودیە و هەروەها باشوورییەکان لە پابەندبوونەکانیان بە ڕێککەوتن لەگەڵ مەنسور هادی لادەبات چونکە بە پێویستی نازانن پاڵپشتی لە حکومەتێکی لاواز و شکستخواردوو بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئیمارات بە پاڵپشتی کردن لە پێگەی نەوەکانی سوڵتانەکانی پێشووی یەمەن، پلانی داناوە بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵات و باشووری یەمەن. ئیمارات لە ئەلمهرە لە شێخ عەبدوڵڵا کۆڕی عیسا ئال عفرار (کۆڕی سوڵتانی ئەلمهرە و دوورگەی سقتری) و لە پارێزگای شبوە لە سوڵتان عوض کوڕی ئەلوەزیر ئەلعوقلی (سەرۆکی هۆزی ئەلعوقول) پاڵپشتی دەکات و بەنیازی لاوازکردنی پێگەی ئەو کاسانەیە کە نزیکن لە حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسوور هادی.
لەئێستادا ئەنساروڵڵا گەیشتووەتە دەروازەی چوونە ناو شاری مأرب کە وەک گرنگترین ناوچە لە ناوەڕاستی یەمەن دادەنرێت، لەلایەکی دیکەشەوە کەنارەکانی ڕۆژئاوای یەمەنی بەبێ ئەوەی یەک تەقە بکرێت بە دەستی هێناوە. ئەم سەرکەوتنە مەیدانییانە دەستی ئەنساروڵڵایان بۆ دانوستان و ڕێککەوتن کردۆتەوە، بەڵام سعودییەکان بەرژەوەندیان لە ستراتیژییەتی دیالۆگ لە دەست داوە. ئەوان بە هێرشە ئاسمانییە قورسەکانیان بۆ سەر سەنعا و کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیل و دیلەکانی ئەنساروڵڵا، بەشێوەیەکی پراکتیکی پشتیان لە دانوستانەکان کردووە. بە وتەی بەرپرسانی ئەنساروڵڵا سعودییەکان دانوستانەکانی ئەنساروڵڵایان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان و وەستاندنی هێرشەکان ڕەتکردووەتەوە و هەروەها لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئێرانییەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام. سعودییەکان ئامادەکاریی بەرفراوان دەکەن بۆ بەرگریکردن لە پێگەکانیان لە مأرب و پێشهاتەکانی داهاتووی یەمەن چارەنووسی مأرب دیاری دەکات.
ئەوەی کە ئەنساروڵڵا پێش یان دوای کۆنترۆل کردنی مأرب چ هەڵوێستێکی دەبێت، دیار نیە. بەڵام ئەوەی کە دیارە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک و هۆز و حیزب و هتد.. لە یەمەن پاڵپشتی لە ئەنساروڵڵا دەکەن و ئەمەش هۆکارێکە کە زوو یان درەنگ دەسەڵاتی یەمەن بکەوێتە دەست بەرەی بەرخۆدانەوە.
لێدوانەکان