سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان: بەنزین و گازوایل لە ئێرانەوە هاوردە دەکەین
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حزبوڵڵا بە بۆنەی حەوتەمین شەوی مانگی موحەڕەم لە گردبونەوەیەکی ماتەمینی لە بەیروت، لە ڤیدیۆ کۆنفڕانسێکدا ووتارێکی پێشکەش کرد.
حەسەن نەسروڵڵا ڕووداوەکەی ڕۆژی رابردووی شاری عەکار لە باکوری لوبنان کە لە ئەنجامی تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی دەیان کەس کوژران و برینداربوون بە رووداوێکی بە ئازارەوە وەسف کرد و رایگەیاند: دەزگا و کەلوپەلەکانی حزبوڵڵا دەخەینە خزمەتی گەلەکەمانەوە لە عەکار. دەبێت لەوەی کە ڕوویداوە دەرس وەربگرین بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی بکرێت.
سکرتێری گشتی حزبوڵڵا ووتی کە لوبنان چیدی بەرگەی ئەوە ناگرێت و لەوانەیە ئاژاوەیەکی بەربڵاو لە لوبنان سەرهەڵ بدات و جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەر چۆنێک بێت حکومەت پێکبهێنرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا نەسروڵڵا ئاماژەی بە قەیرانی سووتەمەنی لە لوبنان و کێشەکانی ئێستا کرد و وتی: لە ئێران سووتەمەنی پێویست هەیە و کەشتیەکان پڕن و چاوەڕێی کڕیار دەکەن. بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژانی داهاتوو بەنزین و گازوایل لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێن. ئەم هاوردەیە نەک لە تاریکی شەودا بەڵکو لە ڕۆژی ڕووناک و ئاشکرادا ئەنجام دەدرێت. ئێمە بەڵێنەکانمان جێبەجێ دەکەین و وڵات بە تەنیا جێناهێڵین.
ناوبراو هەروەها ووتی، کە ئەمریکییەکان بەرپرسیارن لە ڕووداوەکانی لوبنان، ئەوان ئاژاوەکانی لوبنان لە باڵیۆزخانەکەیانەوە بەڕێوە دەبەن. ژوورێکی تایبەت بە ئۆپەراسیۆن هەیە کە ناوەندەکانی کارەبا لە عێراق و لوبنان دەکەنە ئامانج و ئەمە پرسێکی لەناکاو نییە.
سەید حەسەن، ئاماژەی بە پێشهاتەکانی ئەفغانستان کرد و وتی: ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان ڕاست بێت، واتا واشنتۆن خیانەتی لە هاوڕێکانی کردووە. هەر کەسێک لە لوبنان پشت بە بەڵێنەکانی ئەمریکا بەستووە دەبێت وێنەی ئەفغانستانی لە پێش چاو بێت. ئەمریکا ملیۆنەها ئەفغانی بە برسێتی و تینوویەتی و بە ئاوارەیی بەجێهێشتووە.
لێدوانەکان