کەناڵێکی ئەمریکی: درۆنەکانی ئێرانی بە ئامانجی گەیاندنی زیانی زیاتر، سەری جەنگی فرە مەبەست بەکاردێنن

یەکشەممە 12 شوبات 2023 - 20:05
https://kurdish.iswnews.com/?p=22799

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ کەناڵێکی ئەمریکی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکدا لە گۆڕانکاری ئەنجامدراو لەسەر درۆنەکانی ئێرانی بە ئامانجی زیادکردنی قەبارەی زیانەکانی هێرشەکانی سوپای ڕووسیا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا هەواڵی دایەوە.

کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا رایگەیاند کە ئێران گۆڕانکاری لەو درۆنانە دەکات کە ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا بەکاری هێناوە، بەشێوەیەک کە سەری جەنگی ئەم درۆنانە زۆرترین زیان بە ژێرخانی ئۆکرانیا بگەیەنن.

ئەم کەناڵە وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە تائێستا سەدان درۆنی ئێرانی بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا رەوانەی ڕووسیا کراوە، نووسیویەتی، هێرشی ئەو درۆنانە و مووشەکەکانی ڕووسیا وایکردووە خەڵکی ئۆکرانیا لە سەرتاسەری ئەم وڵاتەدا بێ کارەبا، ئاو و ئامێری گەرمکەرەوە شەوانی ساردی زستان بە سەختی بەڕێ بکەن.

کەناڵی سی ئێن ئێن بەڵگەنامە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوێکی بەریتانی و سوپای ئۆکرانیای سەبارەت بە “زیادبوونی توانای وێرانکاری”ی یەکێک لە درۆنەکانی شاهێد-١٣١ی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە، کە سەری جەنگی لە هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ناوچەی ئۆدێسا لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ نەتەقیوەتەوە.

ئەو توێژەرانەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان داوەتە ئەم میدیا ئەمریکییە، پێیان وایە ئەم سەرە جەنگیانە کە درێژییان لە دوو پێ (٦٠ سم) کەمترە، لەگەڵ دانانی دەیان پارچەی کانزا لەناویان، دەبێت هۆی ئەوەی لەکاتی تەقینەوە، ئەم پارچانە لە مەودایەکی فراوانتردا بڵاوببێتەوە. جگە لەوەش ١٨ بارگەی تەقەمەنی بچووکتر لە دەوری سەری جەنگییەکە دانراون بۆ ئەوەی کاتێک دەتەقێتەوە توانی چوونە ناو زرێپۆشی هەبێت و کاریگەری تەقینەوەی ٣٦٠ پلە دروست بکات.

ئەم بابەتانە پێکەوە توانای تەقینەوەی بەهێزتری لە شوێنەکانی وەک وێستگەکانی کارەبا، تۆڕەکانی دابەشکردن، هێڵی گواستنەوە و .. بە سەری جەنگی دەبەخشێت، ئەمەش وا دەکات چاککردنەوەی ئەو شوێنانە قورستر بێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە کە سوپای ڕووسیا زیاتر لە ٤٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دروستکراوی ئێرانی لە هێرشەکانی دژ بە ژێرخانی شارەکانی ئۆکرانیا بەکارهێناوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەم تۆمەتانەدا رایگەیاندووە: “ئێمە چەندین جار وەڵامی تۆمەتە بێ بنەماکانی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیامان داوەتەوە سەبارەت بە پرسی گوماناوی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا و جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کەرەستەی سەربازی هەناردەی لایەنەکانی شەڕی ئۆکرانیا نەکردووە”.

پێشتر میخائیل پۆدۆلیاک، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا بەکاریان هێناوە لەلایەن لایەنی ئێرانییەوە دابینکراون، و داوای کرد هێرش بکرێتە سەر کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران!

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *