یادداشت: داعش لە ئەفریقای ڕەش؛ یاریکردن بە کێشە ناسنامەیی و سنوورییەکان
دوای ئەو شکستە گەورانەی کە داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بەتایبەتی لە عێراق و سووریا تووشی بوون، ئەو گروپە تیرۆریستییە بەشێک لە ستراتیژەکەی بۆ بەدەستهێنانی ناوچەیەکی نوێ بۆ ئامادەبوون و کاریگەری تەرخان کرد، لەو نێوەندەدا هەوڵ درا چەند بەرەیەک وەک باشووری فلیپین و نیمچە دورگەی سینا چالاکتر ببنەوە، بەڵام ئەم گروپە نەیتوانی دەسەڵاتی پێشووی لەم ناوچانەدا زیاد بکات، و سەرنجی میدیایی زیاتر لە ڕابردوو ڕابکێشێت، هاوکات ئەفریقیای ڕەش بەهۆی کێشە و سیستمە سیاسییە لاوازەکانی کە بە زۆری لە ئەنجامی کودەتا دروست بووە باشترین شوێن بوو بۆ ئەوەی داعش وەک ناوچەیەکی نوێی ئامادەبوون و کاریگەری خۆیان هەڵبژێرن.
بەهێزترین ئامادەبوون لە “برنۆ”ی نایجیریا
لەم نێوەندەدا، بوونی داعش لە نەیجیریا پێشتر و لە ناوچەی “برنۆ” و ناوچەی دەریاچەی چاد و بە تایبەتی لە دارستانی “سامبیسا” لە ژێر ناونیشانی “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا” مسۆگەر کرابوو.
ئەبوبەکر شێکاو، سەرۆکی گروپی “اهل السنة للدعوة والقتال” ناسراو بە بۆکۆحەرام کە بنکەکەی لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا و لە دارستانی سامبیسا بوو، لە ٧ی ئازاری ٢٠١٥ و لە لوتکەی دەسەڵاتی داعش بەیعەتی بە ئەبوبەکر بەغدادی دا، و بوو بە ئەمیری داعش لە “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا”، بەڵام حوکمڕانیەکەی بەسەر ڕۆژئاوای ئەفریقا زۆری نەخایاند و دوای هەندێک ململانێ لە ساڵی ٢٠١٦، وتەبێژی ئەبوبەکر شێکاو، واتە ئەبو موسعەب ئەلبرناوی، لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادیەوە وەک ئەمیری “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا” لە جێگای شێکاو دەستنیشان کرا، و ئەم بابەتە لە ژمارەی ٤١ی هەفتەنامەی “النبأ” لە بەرواری ٢٨ شەوال ١٤٣٧ و لە چاوپێکەوتنی “النبأ” لەگەڵ ئەلبرناوی وەک ئەمیری “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا” ئاشکرا کرا. ئەبوبەکر شێکاو دوای جیابوونەوە لە داعش، ناوی ڕێکخراوی پێشووی خۆی بەناوی جەماعەتی “اهل السنة للدعوة والقتال” زیندوو کردەوە و وەک ڕکابەری داعش لە ناوچەکەدا مایەوە، بەڵام لە کۆتاییدا داعش دەستی بە ئەبوبەکر شێکاو گەیشت، و بە گێڕانەوەی داعش لە ژمارە ٢٩٣ی هەفتەنامەی “النبأ” لە ٢١ی زولقەعدەی ١٤٤٢ ئەبوبەکر شێکاو لە ٧ شەوال ١٤٤٢ بە تەقاندنەوەی پشتێنە خۆکوژییەکەی خۆی کوشت.
دوای مردنی ئەبوبەکر شێکاو، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و داعش توانی لەم ساڵانەدا بەهێزترین باڵی داعش لە ناوچەی برنۆ لە نەیجیریا دروست بکات. لە ڕاستیدا “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا” توانی جێگیربوونێکی ڕێژەیی بەدەستبهێنێت، بە شێوەیەک کە ئەم باڵی داعش توانی هەندێک لە دامەزراوە و دیوانەکانی، وەک دیوانی زەکات، دیوانی حسبە، و دیوانی دەعوە و مزگەوتەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چالاک بکات.
ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە کە داعش لە ناوچەی برنۆ ناکۆکییەکانی بەهۆی بوونی لە سنوورەکان و چالاککردنی ئەو ناکۆکیانەی کە سنوورەکان بۆ ناوەند دروستی دەکەن بەکارهێناوە و جگە لە ناوچەی برنۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا، هەندێک جار هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی وەک چاد، کامێرون و نەیجەر سەر ناوچەی دەریاچەی چاد.
جێی ئاماژەیە پێش ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی وەک خەلیفەی داعش لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٢ لەلایەن وتەبێژی داعش ئەبو عومەر ئەلموهاجرەوە، نزیکەی مانگێک دوای مردنی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی، خەلیفەی پێشووی داعش، “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا”، کەناراوەکانی مالی و بورکینافاسۆ و ناوچەکانی دیکەی لەخۆگرتبوو، کە دوای خەلافەتی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی، (ولاية الساحل) لە “ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا” جیاکرایەوە.
“کابۆدێلگادۆ” (کیپ دێلگادۆ) لە مۆزەمبیق؛ ناوچەیەکی نوێ
ستراتیژی داعش بۆ دۆزینەوەی ئەو ناوچانەی کە دەتوانرێت بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکان لە ئەفریقای ڕەشدا بەکاربهێنرێت بە “برنۆ”ی نایجیریا کۆتایی نەهات و ئەم گرووپە تیرۆریستییە دیسانەوە بە کەڵک وەرگرتن لە ناکۆکییەکانی ناوچە سنوورییەکان، ئەمجارەیان بە چالاککردنی ململانێکانی موسڵمان – مەسیحی لە وڵاتانی مەسیحی خاوەن کەمینەی موسڵمان، هەوڵیدا لە نێو کەمینە موسڵمانەکانی دانیشتووی وڵاتانی مەسیحی، کە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی موسڵمانی دراوسێ هەیە، ئەندام وەربگرێت.
بە دەگمەن ڕوودەدات کە داعش لە سفرەوە دەست بە وەرگرتنی ئەندام بکات، ستراتیژی داعش لەم بابەتەدا بریتییە لە هەڵگرتنی بەرهەمی ئەوانی دیکە، وەک لە نموونەی نایجیریا و بۆکۆحەرامدا بینیمان، داعش گروپێک کە پێشتر بوون و چالاکی هەیە بەرەو خۆی ڕادەکێشێت و وردە وردە لەگەڵ لابردنی سەرکردەی پێشوو، پەیوەندی ئەندامانی ئەم گروپەی لەگەڵ خۆیدا بەهێزتر دەکات.
هەر لەم بارەیەوە دەبینین کە داعش لە ناوچەی کابۆدێلگادۆ (کیپ دێلگادۆ) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مۆزەمبیق و لەسەر سنووری تانزانیا هەروەها توانی پاشماوەی ڕەوتی نزیک لە شەباب ئەلموجاهیدینی سۆماڵ بەکاربهێنێت و بە کەڵک وەرگرتن لە ناکۆکییەکانی نێوان موسڵمانان و مەسیحییەکان دەست بە جموجۆڵەکانی لەو ناوچەیە لەژێر ناونیشانی “ویلایەتی مۆزەمبیق” بکات. چالاکییە سەرەکییەکانی داعش لە کابۆدێلگادۆ (کیپ دێلگادۆ) هێرشکردنە سەر گوندی مەسیحییەکان و سووتاندنی ماڵ و کوشتنیانە، کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا جەخت لەسەر سەربڕین و وێنەگرتن کراوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هێرشی ئەمساڵ بۆ سەر شاری “پاڵما” یەکێک بوو لە گرنگترین ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ناوچەی کابۆ دێلگادۆ (کیپ دێلگادۆ) کە بووە هۆی داخستنی دامەزراوەکانی غازی کۆمپانیای تۆتال لەو ناوچەیە.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چالاکییەکانی داعش لە کابۆ دێلگادۆ (کیپ دێلگادۆ) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مۆزەمبیق پێش ڕاگەیاندنی خەلافەتی “ئەبولحەسەن ئەلهاشمی” لە چوارچێوەی “ویلایەتی ئەفریقای ناوەڕاست” بە هەمان شێوەی چالاکییەکانی داعش لە کۆنگۆ بوو، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەی ئەبولحەسەن ئەلهاشمی، چەند گۆڕانکارییەک لە دابەشبوونی ناوچەیی داعش ڕوویداوە، کە یەکێک لەوانە پێکهێنانی “ویلایەتی مۆزەمبیق”ـە، کە پێدەچێت بەهۆی زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت.
ناوچەی “بینی” لە کۆنگۆ و تێکدانی ڕێگاوبانەکان
ناوچەیەکی دیکە کە داعش توانی پێگەی خۆی تێدا جێگیر بکات، ناوچەی “بینی” و تا ڕادەیەک ناوچەی “ئیتوری”ـیە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لە نزیک سنووری ئۆگاندا.
لەم ناوچەیەدا، داعش توانی گروپی تیرۆریستی the Allied Democratic Forces (هاوپەیمانی هێزەکانی دیموکرات) لە خۆی نزیک بکاتەوە و لە مانگی نیسانی ٢٠١٩ و بۆ یەکەمجار، هەواڵی ئۆپەراسیۆنی “ویلایەتی ئەفریقای ناوەڕاست” لە ناوچەی بینی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بڵاوکردەوە.
فۆڕمی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لەم ناوچەیەدا زۆر لە ئۆپەراسیۆنەکانی کابۆ دێلگادۆ (کەیپ دێلگادۆ) دەچێت؛ هێرشکردنە سەر گوندی مەسیحییەکان و کوشتنیان و لە چەند ڕۆژ و مانگی ڕابردوودا سەربڕینی قوربانییەکان و ناردنی وێنەکانیان بۆ میدیاکانی داعش.
یەکێکی دیکە لە شێوازەکانی ئۆپەراسیۆنی داعش لە بینی و ئیتوری بریتییە لە هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکانی هەڵگری خۆراک و کەلوپەلی جۆراوجۆر لەسەر ڕێگاکانی نێوان ناوچە جیاوازەکانی وەک بینی و کاسیندی و ئیتوری.
شایانی باسە کە داعش لە کابۆ دێلگادۆ (کیپ دێلگادۆ) و بینی و ئیتوری کەمتر ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی و جۆرە جیاوازەکانی بۆمب، لەوانە بۆمبی چێندراو و هاوشێوەکانی بەکاردەهێنێت، و زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیان هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ناوەندەکانی نیشتەجێبوون یان ناوەندە سەربازییەکان یان بۆسە لەسەر ڕێگاوبانەکان.
هاندانی کەمینە موسڵمانەکان لە ئەسیوپیا
یەکێک لەو بەڵگەنامانەی کە بیرۆکەی هاندانی ناکۆکییە ناسنامەیەکان، بەتایبەتی هاندانی کەمینە موسڵمانەکان دژی مەسیحییەکان، وەک ستراتیژی ئایدیۆلۆژی داعش لە ئەفریقای ڕەشدا بەهێزتر دەکات، گرتە ڤیدیۆیەکە کە لە موحەڕەمی ساڵی ١٤٤٤ لەلایەن “ویلایەتی سۆماڵ”ی داعشەوە بڵاوکرایەوە. ئەم ڤیدیۆ ٢٥ خولەکییە بۆ یەکەمجار بە زمانی ئەمهریک – زمانی فەرمی گەلی ئەسیوپیا – بە ژێرنووسی عەرەبی بڵاوکرایەوە. ئەم ڤیدیۆیە زۆر جیاواز بوو لەو ڤیدیۆیانەی کە پێشتر لەلایەن “ویلایەتی سۆماڵ”ەوە بڵاوکرابوونەوە، و لەبری ئەوەی باس لە حکومەتی سۆماڵ یان شەباب ئەلموجاهدین بکات، بەتەواوی تیشکی خستبووە سەر موسڵمانە ئەسیوپییەکان کە بوون بە داعش و لە سنوورەکانی ئەسیوپیاوە خۆیان گەیاندبووە داعش لە سنوورەکانی سۆماڵ. ئەو کەسانەی کە لەم ڤیدیۆیەدا باسی مێژووی ئیسلامیان لە ئەسیوپیا کردبووەوە، داوایان لە موسڵمانانی ئەسیوپیا وەک کەمینەیەک لە وڵاتێکی زۆرینەی مەسیحی کردەوە جیهاد لە دژی حکومەتی ئەسیوپیا بکەن.
قسەی کۆتایی
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، داعش کە یاریکردن بە ناکۆکییە ناسنامەیی و سنوورییەکانی لە رابردوودا هەیە، ئەمجارە لە ئەفریقای ڕەشدا تاقیان دەکاتەوە تا بەم شێوەیە دەسەڵاتی لەم ناوچەیەدا بەدەست بهێنێت و حکومەت – گەلان ڕووبەڕووی کێشە بکاتەوە. چالاکییەکانی داعش لە ناوچەی برنۆی نایجیریا لە ژێر کاریگەری ئەم بۆچوونەدان، بەشێوەیەک کە دەبینین هەندێک جار داعش لە نایجیریا هێرش دەکاتە سەر کڵێسا و گوندی مەسیحییەکان لە ناوچەی برنۆ یان ناوچە مەسیحییەکانی دیکەی نزیک برنۆ و بەم شێوەیە بەنیازە بە دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان موسڵمان و مەسیحی، شەرعیەت بەدەست بێنێت.
لێدوانەکان