باقری: لە بەرامبەر هەر گۆڕانکارییەک لە سنورە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگ نابین
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە گۆڕانکاری لە سنورەکانی ناوچەکە قبووڵکراو نابێت و تاران لە بەرامبەر هەر شەڕێکدا بێدەنگ نابێت.
فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: گەلی ئێران ئەوەی سەلماندووە کە ئاشتیخوازە و هێزە سەربازییەکەی تەنیا لە پێناو بەرگرییە، ئەم هێزە بەرگرییەش بەستێنی پێشکەوتنی هەمەلایەنەی وڵاتی دابین کردووە و ئەمەش قەرزداری حەماسەتی خۆڕاگری و ئامادەبوونی ڕۆڵەکانی گەلە لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان.
باقری بە ئاماژە بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان وتی: وەک چۆن کە بەردەوام ئەوەمان ڕاگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە سنورەکانی ناوچەکە قبووڵکراو نییە و ئامۆژگاری هەر دوو وڵاتیش دەکەین کە کێشەکانی خۆیان بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکەن، ئێمە شەڕ و پێکدادان بە گونجاو نازانین و لە بەرامبەریدا بێدەنگ نابین.
محەممەد باقری هەروەها داوای لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسیش کرد کە ئاگاداری پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بن و وتی: بوونی زایۆنیستەکان لە ناوچەکە تێکدەری ئاسایش و سەقامگیرییە و بە وردی لە ڕووی هەواڵگرییەوە چاودێری هەر جموجوڵێک دەکرێت و ئەگەر هەست بە هەڕەشەیەک لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین لە یەک کاتدا ڕوبەڕوی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو وڵاتانەش دەبینەوە کە پاڵپشتی لەو ڕژێمە دەکەن.
ناوبراو وتی: ئێمە داوای ناوچەیەکی بێ هەڕەشە و پڕ لە هاوکاری و دۆستایەتی لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەکەین، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەن لە سەر ئاسایشی ناوچەکە و هیوادارین داهاتوویەکی بێ ئەم هەڕەشانەمان هەبێت.
جام کوردی
لێدوانەکان