ئێران و تاجیکستان، بەرەو هاوپەیمانییەکی ستراتیژی

سێشەممە 31 ئایار 2022 - 00:15
https://kurdish.iswnews.com/?p=12841

ئیمامعەلی ڕەحمان سەرۆک کۆماری تاجیکستان دوای ٩ ساڵ و لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێران ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی تارانی کرد.

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆکانی ئێران و تاجیکستان دوای ڕێوڕەسمی پێشوازی فەرمی و کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان، ١٧ بەڵگەنامەی هاوکارییان لە بواری سیاسی، ئابووری، بازرگانی، گواستنەوە، وزە، پەروەردەیی، گەشتیاری و بوارەکانی دیکە واژۆ کرد.
دوای رێوڕەسمەکە ئیمامعەلی ڕەحمان لەگەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبووەوە. ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پەیوەندیی خزمایەتی و برایەتیی نێوان ئێران و تاجیکستان و هەروەها خاڵە هاوبەشەکانی مێژوویی، ئایینی، فەرهەنگی و زمانی نێوان دوو وڵات، وتیان: ئێران و تاجیکستان نیگەرانی هاوبەشیان سەبارەت بە ئەفغانستان هەیە و هەردوو وڵات سەبارەت بە پەرەسەندنی تیرۆریزم و گەشەی گروپە تەکفیرییەکان لەم وڵاتەدا نیگەرانن، و ئێمە پێمان وایە ئەو بەڕێزانەی ئێستا لە ئەفغانستان دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە دەبێت بتوانن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و بنکەفراوان بەشداری بە سەرجەم لایەنەکان بکەن.
ڕێبەری باڵای شۆڕش هەروەها بە ئاماژە بە سەردانەکەی ئەم دواییەی ژەنەڕاڵ باقری سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ تاجیکستان و کردنەوەی کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هاوکاری سەربازیی بە گرنگ زانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە فاکتەرێکی گرنگ لە ئاسایشی وڵاتان ناو برد.
بەڕێز ئیمامعەلی ڕەحمان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی لە تاران و دیدار لەگەڵ ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، ئاماژەی بە وتووێژەکانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کرد و وتی: دانوستانێکی باش لە بوارە جیاجیاکان، لەوانە بازرگانی، ئابووری و پیشەسازی بەڕێوەچوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگەنامەی کە واژۆ کراوە هیوایە بە رێنماییەکانی ئێوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر فراوانتر بێت. نیگەرانیەکانی ئەمنی بەتایبەتی سەبارەت بە ئەفغانستان و پەرەسەندنی تیرۆر، لە پرسەکانی گرنگی هەردوو وڵاتە و داوای ئاشتی و ئارامی و پێکهێنانی حکومەتێک بە بەشداری هەموو لایەنەکان لە ئەفغانستان دەکەین و هیوادارین بتوانرێت ئەم نیگەرانییە ئەمنییانە بە زیادکردنی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و تاجیکستان تێپەڕێنرێت.

دوابه‌دوای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ په‌ره‌پێدانی هاوکارییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاست و ڕۆژاوای ئاسیا، په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و تاجیکستان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا له‌ پرسه‌ سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و چه‌ند پرسێکی دیکه‌دا پێی ناوه‌ قۆناغێکی نوێیه‌وه‌. ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ ده‌توانن له‌ دروست کردنی هاوپه‌یمانی ناوچه‌یی بۆ ڕێگریکردن له‌ پەرەسەندنی تیرۆر و هه‌روه‌ها هەنگاوەکانی هاوبه‌ش لە پرسه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ پێشهاته‌کانی ئه‌فغانستان کاریگەر بێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *