هێرشەکانی تورکیا و ئامانجەکانی لە هەرێمی کوردستان

نووسەر:وەرگیراوە
شەممە 23 نیسان 2022 - 10:37
https://kurdish.iswnews.com/?p=10788

قەیرانی ئۆکرانیا و هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە کەشێکی لەباری بۆ دەسدرێژیی دووبارەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو سوپای تورکیا لە ڕێگای ئاسمانی و وشکانییەوە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی شەڕی دژ بە پەکەکە دەستپێکرد. یەکێک لە دەسکەوتەکانی تورکیا ئەوەیە کە شەڕەکەی لە سنورەکانی خۆی دوور کردووەتەوە و ئێستا پەکەکە ئەو هێزەی نەماوە بچێتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە و هێرش و چالاکی بکات، بەڵام هێشتا لە ناوچە سنورییەکان بوونی هەیە و ئەم جموجوڵانەش بووەتە بیانووی تورکیا تا بەردەوام بە فڕۆکە و کۆپتەر و درۆن هێرش بکات.

کاتی هێرشەکە

شارەزایانی سیاسی لەو بڕوایەدان کە لەم ڕۆژانەدا دۆخەکە لە بەرژەوەندی تورکیا و ئەردۆغانە، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا و ئەورووپا بە ناچار هەڵسووکەوتەکانی تورکیا قبووڵ دەکەن. ئەوان دەڵێن کە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هەلومەرجێکی لەباری بۆ تورکیا ڕەخساندووە و ئەردۆغان پلانێکی سەربازیی بەربڵاوی ئەمجارە لە دژی پەکەکە هەیە. لەم هەلومەرجەدا ئیدارەی بایدن لە ئەمریکا گرنگی بەم بابەتە نادات و مانەوەی تورکیا لە بەرەی واشنتن بە لایەوە گرنگترە.

تورکیا و ڕێڕەوێکی ئاڵتوونی

هەمووان دەزانن کە پەکەکە و سەرکردەکانی لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە قەندیل ماونەتەوە و ئەگەر ئەشکەوت و هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەو کوێستانە نەدەبوو، ئەوان ڕەنگە گیانیان ڕزگار نەدەکرا. تورکیا لە ئێستادا سیناریۆیەکی داڕشتووە کە بۆردومانکردنی ناوچەکانی وەک گارە، ئاڤاشین، خواکورک، زاپ و … بە چڕی لە خۆ دەگرێت، ئامانجەکەشی ئەوەیە کە ڕێڕەوێک پاک بکرێتەوە بۆ گەیشتن بە قەندیل.

ئایا وەها ئامانجێک بۆ تورکیا مسۆگەر دەبێت؟ لە وەڵامدا پێویستە بوترێت کە ئەگەر ئاسان دەبوو، لە چل ساڵی ڕابردوو ئەمەی بۆ دەکرا.

بەڵام دەبێت ئەوەش قبووڵ بکەین کە تورکیا کەڵک لە درۆنی پێشکەوتوو و کاریگەر لە دژی پەکەکە وەردەگرێت و وا دەکات کە سەرکردە و هێزەکانی ئەو حیزبە لە قەندیل بمێننەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەگەرچی شکاندنی قەندیل ئەستەمە بەڵام پێدەچێت زیندانیکردن و مانەوەی سەرکردە و هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل بۆ تورکیا ئاسان بێت و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو بگاتە ئەو ئامانجەی.

تورکیا و ئاگری شەڕی ناوخۆیی کورد

لە ڕۆژانی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ڕەخنەیەکی زۆر لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەبووە. ئەوان لەو بڕوایەدان کە ئەو حیزبە لەم شەڕەدا هاوکاریی تورکیای کردووە و ئاگری شەڕی ناوخۆیی لە نێو کوردان زیندوو دەکاتەوە.

ئەوان هەروەها دەڵێن کە پارتی و سەرکردەکانی بە ئامانجی ئابوری و پەیوەندی نزیک لە گەڵ حکومەتی ئاکەپە لە تورکیا، ڕێگایان لە بەردەم دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و میت بە ئاشکرا بوونی هەیە و چالاکی دەکات.

لە بەرامبەردا سەرکردەکانی پارتی ئەو ڕەخنانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن:

1 – سوپای تورکیا بۆ هێرشەکانی سەر پەکەکە بە هیچ شێوازێک کەڵکی لە هێزەکانی پێشمەرگە یان شارەزایانی ئەمنی و سەربازیی پارتی وەرنەگرتووە و خۆی ڕاستەوخۆ فەرماندەیی هێرشەکانی لە ئەستۆ بووە.

2 – ئەوە هێزەکانی پەکەکەن کە ئاگری شەڕەکەیان هێناوەتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەدەر لە زیانەکانی بۆ خەڵکی گوندنشین، ناوچەکەی لە ڕووی دانیشتنەوە کردووەتە شوێنێکی مەترسیدار بۆ ئەوان.

چۆڵکردنی سەدان گوند

بە پێی هەندێک ئامار، نزیکەی 400 گوندی کوردنشین لە ئاکامی هێرشەکانی تورکیا زیانیان بەرکەوتووە.

ئەم هێرش و دەسدرێژییانەی تورکیا بە بیانووی پەکەکەوە دەکرێت بەڵام ڕەهەندی جیاجیای هەیە. ئەردۆغان و حکومەتەکەی لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆیان و بە بیانووی دابینکردنی ئاسایش، هەموو یاسایەک پێشێل دەکەن.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە بۆ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەم تاوان و دەسدرێژییەدا بێدەنگن؟ کاتێک ئەو هەموو گوندە زیانی بەرکەوتووە یان چۆڵکراوە، ئەم بێدەنگییەی هەرێمی کوردستان چ واتایەکی هەیە؟

بێ گومان پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەرژەوەندییەکی زۆری ئابوریی لە گەڵ تورکیا هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لەم هەلومەرجەدا و لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی نوێ، ئامادە نییە وەک ڕابردوو پاڵپشتی لە پەکەکە بکات، حیزبەکانی دیکەش دەسەڵاتیان بە دەستەوە نییە. هەر بۆیە چاوەڕوان ناکرێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە پێناو پەکەکە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەنە قوربانی.

هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە پەکەکە لە ماوەی چل ساڵەی بوونی لە کوردستانی عێراق، هیچ کات پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆی نەبووە. قەد ئەوەمان نەبینیوە کە لە شارەکانی دهۆک، هەولێر یان سلێمانی خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی پاڵپشتی لە پەکەکە بەڕێوە بچێت یان یەکێک لە کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ سیاسەتمەدارانی پاڵپشتیکراوی ئەو حیزبە بێت.

لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت کە تورکیا بە بیانووی دابینکردنی ئاسایشی خۆی، بەدەر لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق، دۆخێکی دژواری بۆ سەدان گوندی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی هێناوەتە پێشەوە، پەکەکەش درێژە بە شەڕ دەدات و حیزبەکانی هەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندییە ئابورییەکانی خۆیان دەوێت و لەم نێوەندەدا ئەوەی زیانی پێدەگات و ئاسایش و سەقامگیرییان کەوتووەتە مەترسییەوە، خەڵکی ئەو ناوچانەن کە لە بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانیی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نییە.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *