ووردەکاری ڕێکەوتنی ئاگربەستی کاتی لە یەمەن

دووشەممە 4 نیسان 2022 - 12:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=9744

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ رێکەوتنی ئاگربەست لە یەمەن بە نێوەندگیری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی دوو مانگ جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی لێدوانەکانی هانس گرۆندبرگ نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، ئەنساروڵڵا و حکومەتی دەست لەکارکێشانەوەی مەنسوور هادی بە پێشنیاری ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی کاتی لە یەمەن رێکەوتوون. ئەم ڕێکەوتنە لە ١ی نیسانی ٢٠٢٢ جێبەجێ دەکرێت و توانای نوێکردنەوەی هەیە.
ووردەکارییەکانی ئەم ڕێکەوتنە بەم شێوەیە:

١- بە پێی رێکەوتنەکە تەواوی ئۆپەراسیۆنە زەمینی، ئاسمانی و دەریایی لە ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی یەمەن ڕادەگیرێت.
٢- ١٨ کەشتی هەڵگری سووتەمەنی لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا دەگەنە بەندەری ئەلحۆدەیدەی یەمەن.
٣- فڕۆکەخانەی سەنعا لەم ماوەیەدا ١٦ گەشتی بازرگانی بۆ وڵاتانی ئوردن و میسر دەبێت.

هاوکات لەگەڵ جێبەجێ کردنی رێکەوتنەکە، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چەند کۆبووەوە و دانوستان لەنێوان لایەکان بۆ مەبەستی کردنەوەی ڕێگاوبانەکانی تەعەز، مارب، ئەلجەوف و پارێزگاکانی دیکەی یەمەن ئەنجام دەدرێت.
لە ئەگەری جێبەجێ کردنی سەرکەوتووانەی ئاگربەستەکە، لایەنە یەمەنییەکان دەتوانن تاوتوێ هەنگاوەکانی دواتریش بکەن.

لەگەڵ تێپەڕبوونی یەک ڕۆژ لە ئاگربەستەکە، نزیکەی ١٦٧ جار ئاگربەست لە پارێزگای ئەلحۆدەیدە، ٧ جار لە پارێزگای سەعدە، ٢ جار لە پارێزگای حەجە، ٢ جار لە تەعەز، ٣ جار لە ئەلجەوف و جارێکیش لە پارێزگای ئەلبەیزا پێشێل کراوە.
لە دیارترین پێشێلکردنی ئاگربەست، بە هۆی هێرشێکی تۆپخانەیی هاوپەیمانی سعودیە بۆ سەر ئیدارەی شەدا لە پارێزگای سەعدە، سێ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون.
میدیاکانی سەر بە هاوپەیمانی سعودیە باس لە هێرشی ئەنساروڵڵا بۆ سەر پێگەکانی ئەو هێزانە لە میحوەری تەعەز و ئەلحۆدەیدە دەکەن.

سەرەڕای ئەم پێشێلکاریانە، کەشتی “سیپلاندەر سافیر”ی هەڵگری سووتەمەنی، دوای دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی ٨٨ رۆژ لەلایەن هاوپەیمانی سعودیەوە، گەیشتە بەندەری ئەلحۆدەیدەی یەمەن.

بە گشتی، هاوپەیمانی سعودیە و هێزە چەکدارەکانی یەمەن پاڵپشتیان لە ڕێککەوتنەکە دووپات کردووەتەوە و پابەندبوونی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە راگەیاندووە. وڵاتانی ئێران، ئەمریکا، عومان و … هەروەها پێشوازیان لەو ئاگربەستە کردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *