یەکەم سەردانی عەرەبیی ئەسەد پاش 11 ساڵ / بۆ ئیمارات لە تاران و دیمەشق نزیک دەبێتەوە؟

سێشەممە 22 ئازار 2022 - 00:55
https://kurdish.iswnews.com/?p=9051

ئیمارات دەیەوێت ڕۆڵێکی نوێی لە جیهانی عەرەب و ڕۆژئاوای ئاسیا هەبێت. ئەم وڵاتە چیدی نایەوێت لە سیاسەتی دەرەوەدا وەک شوێنکەوتووی سعوودیە سەیر بکرێت. وەبەرهێنانی ئیمارات لە چەند وڵاتێکی عەرەبی پیشان دەدات کە ئیمارات نەخشەیەکی نوێی لە سیاسەتی دەرەوە بۆ خۆی داڕشتووە.

ڕۆژی هەینی 18 ی ئاداری 2022، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە یەکەم سەردانیدا بۆ وڵاتێکی عەرەبی لە پاش 2011 گەیشتە ئیمارات و چەند کاتژمێر پاش گەڕانەوەی بۆ دیمەشق، هەواڵی سەردانەکەی بڵاو کرایەوە.

بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە چاوپێکەوتنی محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی، ئیماراتی وەک وڵاتێک پێناسە کرد کە سیاسەتێکی میانەڕۆی لە بەرامبەر پرسە جیاجیا نێودەوڵەتییەکان هەیە. بن زایدیش سوریا بە کۆڵەکەی سەرەکی لە ئاسایشی عەرەبی ناو برد و داوایکرد کە هێزەکانی بێگانە لە سوریا بکشێنەوە.

ئیمارات بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2018 پاش ئەوەی کە باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق کردەوە، خواستی خۆیی لە سەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا پیشاندا. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ” اجنحە الشام ” ی سوریا ڕایگەیاند کە گەشتەکانی بۆ ئیمارات و بە تایبەت شاری ئەبوزەبی دەستپێکردووەتەوە. لە یەکەم گەشتی ئەو کۆمپانیایەدا 147 گەشتیار لە دیمەشقەوە گەیشتنە ئەبوزەبی. کۆمپانیاکە هەروەها ڕایگەیاند کە گەشتەکەی لە پێناو پەرەپێدانی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و دەستپێکردنەوەی دووبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی سوریا و ئیمارات بووە.

ئیمارات دەیەوێت ڕۆڵێکی نوێی لە جیهانی عەرەب و ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەبێت. ئەم وڵاتە چیدی نایەوێت لە سیاسەتی دەرەوەدا شوێنکەوتووی سعوودیە بێت. وەبەرهێنانی ئیمارات لە چەند وڵاتێکی عەرەبیی وەک لیبیا، لوبنان، میسر، سوریا و یەمەن پیشان دەدات کە ئەبوزەبی سیاسەتێکی نوێ لە ئاستی دەرەوەدا پەیرەو دەکات.

دەنگی بێلایەنی ئیمارات بۆ پرۆژە پێشنیارەکەی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانەکردنی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ مۆسکۆ، وەڵامە سارد و سڕەکەی ئەبوزەبی بۆ داواکارییەکەی ئەمریکا لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی نەوت لە پاش هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئێستاش سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ ئیمارات، چەند هێمایەکی ئاشکرا و ڕوونی کەلێنە لە پەیوەندییەکانی ئیمارات لە گەڵ حکومەتی دیمۆکراتەکان لە ئەمریکا. ڕەخنەی توندی ئەمریکا لە پێشوازییەکەی ئیمارات لە ئەسەد گوزارشت لەم کەلێنە دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئیمارات بە یەکەم هاوبەشی بازرگانیی سوریا لە ئاستی جیهانی عەرەب و سێهەم لە سەر ئاستی جیهان هەژمار دەکرێت و ئاڵوگۆڕە نانەوتییەکانی هەر دوو وڵات لە ساڵی 2021 گەیشتە زیاتر لە 2 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.

یەکێک لە بەرپرسانی ئیمارات ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2019 بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە سوریا وەبەرهێنانی کردووە. هەروەها هاوکارییە هەواڵگرییەکانی میسر بە گڵۆپی سەوزی ئیمارات دەکرێت.

لە بەرامبەردا پەیوەندییەکانی قەتەر و حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن ڕووی لە گەشەسەندن کردووە و بە پێچەوانەی ترەمپ کە هەوڵی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە و ئیمارات دەدا، بایدن نیازی ئەوەی هەیە کە پەیوەندییەکانی واشنتن و قەتەر بەهێزتر بکات. ئەنجامی ئەم هاوکێشەش ڕەنگە ببێتە بەهێزبوونی بەرەی سعوودیە و ئیمارات لە گەڵ ڕووسیا کە لە گرنگترین بابەتەکانی پەیوەندیداریش بۆ هاوکاری نێوانیان، ئاساییکردنەوەی دۆسیەی سوریا و بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە دەبێت.

سوریا بەرە بەرە بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی دەگەڕێتەوە. شەڕی ئۆکرانیا هەر لێک تێگەیشتنێکی نێوان مۆسکۆ و واشتن سەبارەت بە سوریا ڕوبەڕوی شکست دەکاتەوە بەڵام پێدەچێت هەماهەنگی نێوان ڕووسیا لە گەڵ ئیمارات و تەنانەت سعوودیە بەرەو پێش بڕوات.

ئیمارات دەیەوێت بەرەیەکی نوێ ناوچەیی پێک بێنێت و بەرە بەرە لە وڵاتانی وەک میسر، لوبنان، سوریا، جەزایر، تونس و لیبیا نزیکتر دەبێتەوە، هەروەها یارمەتیدەری جوداییخوازەکانی باشوری یەمەنیش دەبێت. ئەڵبەت ئیمارات هەوڵی ئەوەش دەدات کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران باشتر بکات و لە گەڵ تورکیاش پەیوەندییەکی ئابوریی قبووڵکراوی هەبێت.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *