ئوکراینا چەند وێستگەی ئەتۆمی هەیە؟

دوو شه‌ممه‌ 7 ئازار 2022 - 22:18
https://kurdish.iswnews.com/?p=8086

ئۆکرانیا چوار وێستگەی ئەتۆمی کارای هەیە. ئەم وێستگانە نزیکەی لەسەدا ٤٥٪ی وزەی کارەبای ئۆکرانیا دابین دەکەن.

دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە کانونی یەکەمی ١٩٩١ ئۆکرانیا لە یەکێتی سۆڤیەت جیابوویەوە. سێ لەسەر یەکی موشەکە ئەتۆمییەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە ناوچەکانی ئۆکرانیا بوو، ئەمەش بووە هۆی مشتومڕی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی ئۆکرانیا.

جبەخانەی ئەتۆمی ئۆکرانیا خاوەن ١٣٠ مووشەکی بالیستی بە مەودای نێوان ٥ بۆ ١٠ هەزار کیلۆمەتر بوو کە هەرکامیان ١٠ کڵاوەی مووشەکی ئەتۆمی هەبوو. هەروەها نزیکەی ١٧٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی و ٣٣ فڕۆکەی جەنگی دوور مەودای بە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا جێگیر کرا بوون کە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ هێزەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا هەژمار دەکران. هەرچەندە سویچی سەرەکی ئەم چەکانە لە کۆنتڕۆڵی ڕووسیا دابوو و ئۆکرانیاش هیچ کۆنترۆلێکی لەسەر بەکارهێنانی ئەم چەکە ئەتۆمیانە نەبوو.

لەو هەلومەرجەدا، ڕێککەوتننامەی بوداپست لە ٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا و ڕووسیا (ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان) و وڵاتانی ئۆکرانیا، کازاخستان و بیلاڕووس واژۆ کرا. ڕێککەوتنەکە لە ڕاستیدا گەرەنتییەکی ئەمنی وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەر سێ وڵاتی ئۆکرانیا، کازاخستان و بیلاڕووس لە بەرامبەر پەسەندکردنی پەیماننامەی قەدەغەكردنی پەرەپێدانی ئەتۆمی (NPT) و ڕادەستکردنی چەکی ئەتۆمی بە ڕووسیا بوو.

هەرچەندە ئەم گەرەنتیانە لەسەر کاغەز بوون و وڵاتانی ڕوسیا، ئەمریکا و بەریتانیا هەرگیز پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون، بەڵام ئۆکرانیا توانی وەبەرهێنەر بۆ پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی کارەبای ناوەکی ڕابکێشێت. ئەم وێستگانەش بریتین لە:

١- وێستگەی زاپۆژوژیا:
ئەم وێستگەیە دەکەوێتە نزیک شاری ئینێرهۆدەر لە پارێزگای زاپۆژوژیا و گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی جیهانە. وێستگەکە لە ١٠ وێستگەی باشی جیهان هەژمار دەکرێت.
وێستگەکە لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی بە کار کردووە و شەش ڕاکتۆری ئەتۆمی ئاوی سووکی هەیە. وێستگەی زاپۆژوژیا بە ٥٧٠٠ مێگاوات، کارەبای یەک لەسەر پێنجی ئۆکرانیا دابین دەکات.

٢- وێستگەی ئەتۆمی رێڤنە:
ئەم وێستگەیە دەکەوێتە ناوچەی ڤاراش لە پارێزگای رێڤنە لە باکوری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا. لە ساڵی ١٩٨١ دەستی بە کار کردووە و بە چوار ڕاکتۆر توانای بەرهەمهێنانی ٢٣٥٠ مێگاواتی هەیە.

٣- وێستگەی ئەتۆمی خمەلنیتسکی:
وێستگەکە دەکەوێتە ناوچەی نیتشین لە پارێزگای خمەلنیتسکی. ئەم وێستگەیە لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی بە کار کردووە. بە دوو ڕاکتۆر توانای بەرهەمهێنانی ١٩٠٠ مێگاواتی هەیە.

٤- وێستگەی ئەتۆمی یوژنوکرائینسک:
ئەم وێستگەیە دەکەوێتە نزیک شاری یوژنوکرائینسک لە پارێزگای میکۆلایڤ و توانای بەرهەمهێنانی ٢٨٥٠ مێگاواتی هەیە.

٥- وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبیل:
ئەم وێستگەیە پاش کارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبیل لە ٢٦ی نیسانی ١٩٨٦ داخرا. سێ ڕاکتۆری ئەم وێستگەیە دوای ڕووداوەکە کارا مابوونەوە، بەڵام لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠٠٠ بە تەواوی داخرا. پاککردنەوەی پاشەڕۆی ئەتۆمی تا ساڵی ٢٠٦٥ بەردەوام دەبێت.

٦- وێستگەی ئەتۆمی ئۆدێسا:
دروستکردنی ئەم وێستگەیە دوای کارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبیل ڕاگیرا. هەرچەندە لەم چەند ساڵانەی دواییدا چەندین پلان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە ئامادە کرا بەڵام هێشتا دەست بە دروستکردن و تەواوکردنی ئەم وێستگەیە نەکراوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *