وەزارەتی بەرگری ڕوسیا: بە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا، ئۆکرانیا بۆتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ڕوسیا

شه‌ممه‌ 5 ئازار 2022 - 21:11
https://kurdish.iswnews.com/?p=7908

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری ڕوسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆکارەکانی بڕیاری ڕوسیای بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت لە ئۆکرانیا خستەڕوو.

وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند: ئۆکرانیا ڕەتیکردەوە کە ڕێککەوتننامەکانی مینێسک جێبەجێ بکرێت و ڕێگەی دا بە هاتنی ناسیۆنالیستەکان و نیۆ نازییەکان بۆ هەموو پێکهاتەکانی دەسەڵات و بەم دواییانە تۆپبارانکردنی ناوچە مەدەنییەکانی چڕ کردۆتەوە.
وەزیری بەرگری ڕوسیا ئاماژە بەوەشی کرد کە دانوستانەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئاشتیانەی ئەو ململانێیە تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆوە نەبینیوە. واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە جیاتی ئەوەی ڕژێمی کیێڤ ناچار بکەن کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بوەستێنێت، دەستیان بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا کردووە و هانی ئەو وڵاتە دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان پەنا بۆ هێز ببات. پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کیێڤی تا ڕادەیەک هان دا کە ئەوانیش داوای خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمیان کرد. ئۆکرانیا بە هەوڵی ڕۆژئاواوە بۆتە ناوچەیەک کە ئاسایشی ڕوسیا دەخاتە مەترسییەوە.

سێرگی شویگۆ لە گفتوگۆکەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس جەختی لەوە کردەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتەدا تەنیا ئەو ژێرخان و شوێنە سەربازییانەی بۆ میلیتاریزەکردنی ئۆکرانیا دامەزراون بە وردییەکی زۆرەوە لەناودەبرێن. سوپای ڕووسیا هەڕەشە لە خەڵکی سیڤیل لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ناکات، شوێنە مەدەنیەکان تۆپباران ناکات و بە گشتی پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە.

وەزیری بەرگری ڕوسیا داوای لە گۆتێرێس کرد گرنگییەکی تایبەت بە بەکارهێنانی گروپە ناسیۆنالیستی و نیۆ نازییەکان و بەکرێگیراوە بیانییەکانی لە خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بدات. زانیاری ورد لە بارەی بڵاوکردنەوەی کەرەستەی قورسی سەربازی (تانک، تۆپ و هاوەن و هتد) لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی شارەکاندا هەیە و ئەو کەسانەش ئەو هەڕەشانە پشتگوێ دەخەن کە بەهۆی ئەو کارانەوە بۆ خەڵکی مەدەنی دروست دەبێت.

هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا و ناسیۆنالیستەکان، بیانییەکان لەوانە هەزاران گەنج و خوێندکار بە بارمتە دەگرن و پشت گوێ خستنی ئەم ڕاستییە لەلایەن ڕژێمی کیێڤەوە جێی سەرسوڕمانە. بۆ نموونە زیاتر لە ٣ هەزار هاووڵاتی هیندی کە زۆربەیان خوێندکارن زیاتر لە دوو ڕۆژ لە وێستگەی شەمەندەفەر لە خارکیڤ ڕاگیرا بوون. هەروەها ڕێگری لە هەوڵەکانی خوێندکارانی هیندی بۆ بەجێهێشتنی خارکیڤ بەرەو بێلگراد کرا و لە ژێر هەڕەشەی هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا ناچارکران بگەڕێنەوە.
زۆرێک لە کردەوەکانیان تا ئەمڕۆش بەردەوامن، لەوانە لە شاری سامی. هەروەها نیۆی نازیەکان تەقەیان لە خوێندکارانی چینی کردووە کە هەوڵیاندا خارکیڤ بەجێبهێڵن. دووانیان بریندار بوون. سەدان بیانی بە دوای ئەوەدان کە ناوچەی شەڕ بەجێبهێڵن، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە. لە ڕاستیدا لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بە بارمتە گیراون و ژیانیان لە مەترسیدایە.

شویگۆ جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ڕووسیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێڕەوی بۆ کشانەوەی هاوڵاتیان کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ناسیۆنالیستەکان بە هەڕەشە جۆراوجۆرەکان ڕێگەیان پێ نادەن ناوچەکە بەجێبهێڵن.
وەزیری بەرگری ڕوسیا دامەزراندنی لیژنەیەکی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ کردەوە مرۆییەکان لەلایەن سەنتەری کۆنترۆڵی بەرگری نیشتمانی (NDCC) سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند.

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی وەزیری بەرگری ڕوسیای کرد بۆ یارمەتیدانی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەجێهێشتنی ئۆکرانیا کە بەبێ هیچ ڕووداوێکی ئەنجام درا. ناوبراو داوای زیادکردنی پەیوەندی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی بەرگری ڕوسیای کرد لە چارەسەرکردنی کێشە مرۆییەکانی ئۆکرانیا و سێرگی شویگۆ پشتیوانی لە داواکاری گوتێرێس کرد.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *