یادداشت: زیانی تورکیا لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا!

 مۆستەفا پاکدڵ
نووسەر: مۆستەفا پاکدڵ
دووشەممە 28 شوبات 2022 - 19:25
https://kurdish.iswnews.com/?p=7531

چۆنیەتی کارکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، کاریگەری دەخاتە سەر بازاڕی نێودەوڵەتی ئەم فڕۆکەیە.

چەند مانگێک لەمەوبەر چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ لە تورکیا ئاشکرایان کرد کە ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی کردووە بە گەیاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار بۆ ئۆکرانیا و تا مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ سوپای ئۆکرانیا شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی تورکیای بە دەست گەیشتووە.

دوای زیاتربوونی گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان جوداخوازەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئۆکرانیا و هەروەها بڵاوبونەوەی سوپای ڕوسیا لەسەر سنوور لەگەڵ ئەو وڵاتە و جموجۆڵە سەربازییە فراوانەکان، بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا بڕیاریان دا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی هێزە پاڵپشتیکراوەکانی ڕوسیا و سوپای ڕووسیا بەکاربهێنن.

سوپای ئۆکرانیا بە پشتبەستن بە ئەزموونی کۆماری ئازەربایجان بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار لە شەڕی لەگەڵ ئەرمینیا، پێی وابوو کە ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت لە دژی هێزە سەربازی و سیستەمە بەرگرییەکانی ڕووسیا کاریگەریەکی زۆری هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەچێتە پێنجەم ڕۆژییەوە و لاوازی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکرانیا لە چاودێریکردن و هێرشکردنە سەر کاروانە درێژەکانی سوپای ڕووسیا بە ڕوونی دیارە.

وێنە ئاسمانییەکان لە کاروانێکی پێنج کیلۆمەتریی سوپای ڕووسیا لە دەوروبەری کیێڤ دەریدەخات کە ڕیزەکانی هێزە ڕووسیەکان لە ٦٥ کیلۆمەتری کیێڤەوە بەبێ هیچ هێرشێکی هێزەکانی سوپای ئۆکرانیا جموجۆڵیان هەبووە.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا لاوازی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیاوە بۆ چاودێریکردنی کاروانەکانی ڕوسیا و هێرشکردنە سەریان بە تەواوی هەستی پێکراوە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەیرەقداری سوپای ئۆکرانیا جگە لە چەند حاڵەتێکی تایبەت (کە ڤیدیۆکانی بڵاو کراوەتەوە) لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە سوپای ڕووسیادا سەرکەوتوو نەبوون.

نەبوونی باڵادەستی و کارایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار لە جەنگی ئەم ڕۆژانەی دواییدا، کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر بازاڕی نێودەوڵەتی ئەم فڕۆکەیە و بێگومان دوودڵی بۆ کڕیارەکانی دروست دەکات.ئەم بابەتەش دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆڕ، تەواوی ئەو وەبەرهێنانەی تورکیا لە بواری ڕیکلام بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی و چەکی بە فیڕۆ بدات.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تورکیا لە ڕیزی سێ وڵاتی یەکەمی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جیهاندایە. هەندێک لە میدیاکانی تورکیاش بانگەشەی ئەوەیان دەکردەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار بەتەواوی لەلایەن ئەو وڵاتەوە دروست کراوە. بەڵام دواتر دەرکەوت کە بەشە سەرەکییەکانی ئەو فڕۆکەیە لەلایەن وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، نەمسا و کەنەداوە بەرهەم هێنراون و بەو وڵاتە فرۆشراوە.

فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار (TB2) توانای هەڵگرتنی چوار مووشەکی زیرەکی MAM-L و MAM-Cی هەیە کە لەلایەن کۆمپانیای بەرگری ڕۆکێتسان (Roketsan)ەوە دروست کراون. ڕۆکێتسان گرنگترین بەرهەمهێنەری چەکە لە تورکیا. ئەم فڕۆکەیە لەلایەن وێستگەیەکی زەمینیەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و لە ئێستادا بە دووەم فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەهێزی سوپای تورکیا دوای “فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئینکا” دادەنرێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *