ئەنجامە سلبییەکانی دروستکردنی بەنداوی تورکیا بۆ سوریا، عێراق و ئێران

چوار شه‌ممه‌ 9 شوبات 22 - 15:59
https://kurdish.iswnews.com/?p=6720

بەشی یەکەم: سوریا
“الجیش الوطني السوري” (سوپای نیشتمانی سوریا)‌ لە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایە کە بە دروستکردنی بەلایەنی کەمەوە سێ بەنداو، ئاوی ڕووباری خابوور لە ٨٠ کیلۆمەتری شاری حەسەکە-یان لەسەر دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانی سوریا بڕیوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا چەکدارانی جەیش ئەلوەتەنی سەر بە تورکیا، زیاتر لە ٢٠ جار ئاوی وێستگەی ئاوی “علوک” بۆ تل تەمەر و حەسەکە-یان گرتەوە و نزیکەی یەک میلیۆن کەسیان بێ ئاو کرد. لەم دواییانەدا هەمان ئەو گروپە چەکدارانە بە دروستکردنی سێ بەنداو، ئاوی ڕووباری خابوور لە ٨٠ کیلۆمەتری شاری حەسەکەیان بە تەواوی بڕییەوە.
ڕووباری خابوور گرنگترین ڕووبارە لە کەناری ڕۆژئاوای فورات کە دەکەوێتە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزوری سوریا. ئەم ڕووبارە دوای فورات و نەهرعاسی سێیەمین ڕووباری گرنگی سوریایە و نزیکەی ٤٣٠ کیلۆمەتر درێژی و ٢٨ بۆ ٥٠ مەتر پانی هەیە.

دروستکردنی بەنداو و دەرئەنجامە سلبییەکانی لەسەر ژیانی گوندنشینان

بڕینی ئاوی ڕووبار لە کاتێکدا ئەنجام درا کە وشکەساڵییەکی سەخت و گرانی نرخی گازوایل وای کرد کە زۆرێک لە جوتیاران نەتوانن کار بە پەمپی ئاوی خۆیان بکەن. لەبەر ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەم ناوچەیەدا بەبێ پەمپی ئاو، ئاویان بۆ دابین ناکرێت، بە بێ کشتوکاڵ بەجێ هێڵران. وێنە ئاسمانییەکان دەریدەخات کە سێ بەنداو بە درێژایی ڕووباری خابوور لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جەیش ئەلوەتەنی دروست کراون. بەنداوی یەکەم لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١ لە باشوری گوندی “تل العصافیر” و دواتر دووەمین بەنداو لە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١ لە ٨ کیلۆمەتری باکوری شاری “السفح” و بەنداوی سێیەم تەنیا چەند سەد مەترێک لە باکوری بەنداوی یەکەم لە شاری “المناجیر” لە ١ی حوزەیران دروست کراون. لە کۆتایی مانگی ئایارەوە تا سەرەتای تشرینی یەکەمی ۲۰۲۱دا، ئاوی ڕووبار ڕاگیراوە. لە بەشی باشوری ڕووبارەکە لە باشووریترین بەنداوەوە، ٦٠ گوند بە درێژایی ڕووبارەکە و زیاتر لە ٢٠ گوندی تریش لەو ناوچەیە (تا نزیکەی ٤ کیلۆمەتر) زۆر پێویستیان بە ئاو هەیە.

دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووباری خابوور

دروستکردنی باشووریترین بەنداو لە “تل ئەلعسافیر” لە کۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢١دا بووە هۆی بڕینی ئاوی نزیکەی ٨٠ کیلۆمەتری ڕووبارەکە و بێ بەشکردنی خەڵکی ناوچەکە لە ئاوی ڕووباری خابوور. بەنداوێک کە دواتر لە “ئەلسفح” دروستکرا، ٢٠ کیلۆمەتری دیکەی ئاوی ڕووبارەکەی بڕییەوە کە بەرەو باشور دەچێت و ئەو ژمارەی گەیاندە ١١٠ کیلۆمەتر. بە گشتی دەتوانرێت بوترێت کە بە دروستکردنی ئەو بەنداوانە لە سەدا ٥٣.٧ی ئاوی ڕووباری خابووری نێوان تورکیا و حەسەکە کۆکراوەتەوە.

بە پێی داتاکانی مانگە دەستكردەكانەوە، ١٣٨ شار، شارۆچکە و گوند دەکەوێتە ئەو ناوچانەدا کە ٤٦ گوند (٣٣%) لە سەرووی ڕووبارەکەن و لە ناوچە لافاوییەکان هەژمار دەکرێت. لە کاتێکدا ٨٤ ناوچەی تر (٦٦٪) لە بەشێک لە ڕووبارەکەن کە بەهۆی بەربەستەکانەوە کەمتر دەستگەیشتنیان بە ئاو هەیە. تەنیا لە ناوچە لافاوییەکاندا، ٣١ ناوچە (٥٣٪) ئاوی هەیە، لەکاتێکدا لە ٥٨ ناوچەدا (٦٥٪) ئاوی هەڵقوڵاوی نییە یان ئەو ناوچانە لە ڕووبارەوە نزیک نین.

لە ئێستادا هیچ ئامارێکی تەواو لە دانیشتوانی ئەو گوندانەدا نییه. بەڵام بەڵگەی ئەوە هەیە کە چەند گوندێکی بچووک لە دوای هێرشەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩دا چوڵ کراون و ئەوانەی دیکەش تا ئێستا مەترسی ئەمنیان لەسەرە.

پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان

بڕینی ئاوی ڕووباری خابوور لەلایەن جەیش ئەلوەتەنی-ەوە لە سەردەمێکدا کە بە وشکترین هاوینی مێژووی سوریا دادەنرا، دەرئەنجامێکی زۆری بۆ دانیشتوانی قەراغی ڕووبارەکە هەبوو. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کەش و هەوا و هەروەها زیاتر سنوردارکردنی ئاوی وێستگەی “علوک” لەگەڵ کەمی ئاوی فورات و خابوور، ڕێگری لە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی ژیانی هاوڵاتیان کرا بوو. لەکاتێکدا زیاتر لە ٨٤ شار و گوند دەستگەیشتنیان بە ئاو نەبوو، هەزاران خێزان لەبەر پێویستیان بە ئاو بۆ کاروباری ڕۆژانە و کشتوکاڵ، تووشی کێشە بوونەوە. بۆیە گەمارۆکە کارێکی نامرۆڤانەیە کە زیانی بە هاوڵاتیان گەیاند.

بەشی دووەم: عێراق
لە کاتێکدا تورکیا بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی بۆ کشتوکاڵ و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕووی لە دروستکردنی بەنداوی گەورە کردووە، دراوسێکان باجی سەرەکی ئەو کەموکووڕیانە دەدەن. هاوکات عێراق زۆرترین زیانی بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاوەوە بەهۆی بەنداوەکانی تورکیاوە بەرکەوتووە.

دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو و دەرئەنجامەکانی لەسەر ئێران
بەنداوی ئیلیسو لەسەر ڕووباری دیجلە لە پارێزگای ماردین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا دروستکراوە. ئەم بەنداوە توانای هەڵگرتنی ٤٣ ملیار مەتری سێجا ئاوی هەیە کە سێ ئەوەندەی بەنداوی کەرخە لە ئێرانە. لەگەڵ دروستکردنی ئەم بەنداوەدا ڕێگری لە هاتنی لەسەدا ٥٦ی ئاوی دیجلە بۆ ناو ئێران و عێراق دەکرێت. لە ئەنجامدا بە دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو ئەگەری لەناوچوونی زەلکاوی “هۆرئەلعەزیم” و ڕوودانی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لە ئێران هەیە.

دەرئەنجامە سلبییەکانی دروستکردنی بەنداوی تورکیا لەسەر عێراق
زەوییەکانی دەوروبەری گوندی “ئەلحەمرا”ی عێراق کە پێشتر باخ و کێڵگە بوون لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بۆ بیابان و شوێنی ڕوبارەکە بۆ چاڵێکی وشک گۆڕاوە. لە ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر لە ٢١ هەزار کەس بە هۆی نەبوون یا کەمی ئاوەوە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ئاوارە بوون. لەبەر ئەم کێشەیە تا ئێستا مەترسی ئاوارەبوون ماوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت قەیرانی ئاو لە عێراق بەردەوام بێت.

لەگەڵ کەمی باران بارین بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی هەوا و هێرشەکانی داعش بۆ سەر ژێرخانە ئاوی و کارەباییەکانی عێراق، بەڵام بڕینی ئاو لەلایەن تورکیاوە، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی ئاوی عێراق.
گۆڕانی کەش و هەوا یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی بیابانەکان و وشکەساڵی لە عێراق، و دابەزینی ئاستی ئاویی ڕووباری دیجلە و فورات ئەم کێشەی گەورەتر کردووە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دابەزینی ئاستی ئاو لەو دوو ڕووبارەی کە پێداویستییەکانی عێراق دابین دەکات، تا ڕادەیەک پەیوەندی بەو بەنداوانەوە هەیە کە تورکیا دروستی کردووە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە کاریگەری گرنگی لەسەر کەم ئاوی یان بێ ئاوی لە عێراق هەیە، بریتییە لە “پڕۆژەی گەورەی ئەناتۆلی” یان “پڕۆژەی گاپ”ی تورکیا کە لە چوارچێوەی گەشەسەندنێکی گەورە و دەیان ساڵەدایە و بەردەوامە لە فراوان بوون. ئەم پرۆژانە لە ٢٢ بەنداو و ١٩ وێستگەی کارەبای هایدرۆلیک لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات پێکهاتووە.

پرۆژەی گاپ
دەکرێت کردەوەکانی تورکیای لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپ بزانرێت. پرۆژەی گاپ (Guneydogu Anadolu Projesi) کە بە پرۆژەی ئەناتۆڵی ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٨ەوە دەستی پێکردووە و بە دروستکردنی ٢٢ بەنداو و ١٩ وێستگەی کارەبا و سەدان کیلۆمەتر کاناڵی ئاودێری لە بەشی سەرەوەی دجلە و فورات، بەئامانجی گەشەپێدانی ئابووری ناوچەی ئەناتۆڵی ئەنجام دەدرێت.
کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات لەدوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی گاپ زیانێکی زۆری بە ژینگەی عێراق و سوریا گەیاندووە. جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی گاپ لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا کاریگەری ژینگەیی وێرانکەرانەی وەک خۆڵ بارین، پیسبوونی ئاو، زیادبوونی بیابانەکان، سوێر بوونی خاک، وشکبوونی زەلکاو و .. لە عێراق و سوریادا هەبووە.
کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و پیسبوونی بە تایبەتی لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨دا بووە هۆی لەناوچوونی هەزاران ماسی لە ڕووباری فورات و لە ساڵەکانی دوای ئەوەدا کەمی ئاو یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی نائارامی کۆمەڵایەتی و ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی سەرانسەری عێراق.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .