سادات، ڕاوێژکاری بەرگری نێودەوڵەتی تورکیا بۆ جیهانی ئیسلام!

سێشەممە 8 شوبات 2022 - 10:54
https://kurdish.iswnews.com/?p=6684

چالاکییەکانی سادات لە سوریا، لیبیا و ئازەربایجان بەردەوام لەلایەن ئەو گروپەوە نکۆڵی لێکراوە، بەڵام ئەم جارە هەندێک زانیاری ئاشکرای کردووە کە ئەو گروپە ڕۆڵێکی گرنگی لە پڕچەککردنەوەی هێزە چەکدارەکانی سوریادا هەیە.

سادات یان “ڕێکخراوی ڕاوێژکاری بەرگری نێودەوڵەتی” لە ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن عەدنان تەنریڤەردی ئەفسەری پێشووی سوپاوە دامەزرا کە چەندین ساڵ ڕاوێژکاری سەرەکی ئەردۆغان بوو. ئەو یەکێک بوو لە پلانداڕێژەرانی دیاریکردنی ئەو ئەفسەرانەی کە دەستیان لە کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦دا هەبوو کە لەسەدا ٨٠ی ئەو ئەفسەرانە یان دەرکران یان بە تۆمەتی هەڵبەستراو زیندانی کران. بەپێی زانیارییەکان، تەنریڤەردی لە ساڵی ٢٠١٥ لەبەر دەربڕینی بیر و باوەڕی لەبارەی مەوعود (ئیمام مەهدی(عج)) و هەروەها لێدوانەکانی دژ بە زایۆنستی، پێش ئەوەی هەر کێشەیەک بۆ ئەردۆغان، هاوڕێ نزیکەکەی و هەڵبەتە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ڕووبدات، دەستی لە کار کێشایەوە.

سادات لە مەشقی سەربازی و بواری راوێژکاری ستراتیژی لە وڵاتانی لیبیا، سوریا و ئازەربایجان کاری کردووە. ئەم ڕێوشوێنانە یارمەتی پێشخستنی پیشەسازی بەرگری تورکیای داوە کە هەموو ئەمانە بە زۆری لە لایەن بنەماڵە و هاوکارەکانی ئەردۆغانەوە بەڕێوە دەبردرێن.

ئەم کۆمپانیایە کەلوپەلی سەربازی بۆ ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەکدارەکانی سوریا دابین کردووە کە هەمان تێڕوانینی ئایدۆلۆژییان لەگەڵ حکومەتەکەی ئەردۆغاندا هەبووە. “عەلی ملیح تەنریڤەردی” کوڕی تەنریڤەردی و بەڕێوەبەری گشتی سادات بەم دواییانە لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکە پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی میت هەبووە و بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی هەماهەنگی پێویستی لەگەڵ بەرپرسانی بەرگری و دیپلۆماتکارەکانی تورکیا ئەنجام دەدات.

تا ئێستا هەموو ئەو شتانەی پەیوەستن بە چالاکییەکانی سادات لە سوریا، لیبیا و ئازەربایجان لەلایەن سەرکردە سەرەکییەکانی ئەو گروپەوە نکۆڵی لێکراوە. بەڵام کەسێک بە ناوی “سێدات پێکر” کە ڕکابەرێکی سەرسەختی ئەردۆغان و ساداتە، لە چاوپێکەوتنێکی ئۆنلایندا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٤دا چەندین بارهەڵگر و کانتینەری سەر بە سادات دۆزراونەتەوە کە خەریکی گواستنەوەی چەک بۆ “جەیش ئەلنەسر” لە گروپە چەکدارەکانی سوریاوە بوون.

خاڵێکی سەرنج ڕاکێش، بوونی ڕۆحیات و بیرکردنەوەکانی دژە زایۆنیستیە لەنێو ئەندامانی سادات. بە شێوەیەک کە لە لاپەڕەکانی تویتەریاندا ئاڵای فەلەستین لە تەنیشت ئاڵای تورکیا دەبینرێن. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخات کە ئەم کارە وەک واژۆیەک لە لاپەڕەکانی تویتەری ئەندامان بەکار دەهێنرێت. ئەوان هەڵوێستی توندیان لە بەرامبەر زایۆنیستەکان هەیە.

داننان بە هاوفیکری لەگەڵ تاڵیباندا
ئەردۆغان لە وتارێکدا لە ٢٠ی تەموزی ٢٠٢١دا ڕایگەیاند کە دانوستان لەگەڵ تاڵیبان دەکات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە زانی کە تورکیا هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای تاڵیباندا نییە و هەر دوولایەن دەتوانن ڕێکبکەون. تاڵیبان لە بەرامبەر لێدوانەکانی ئەردۆغاندا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، کە دوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەو وڵاتە، تورکیا بە هاوپەیمانی خۆی ڕادەگەیەنێت. لەگەڵ ئەردۆغان، “کوشار”، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری سادات بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە پێویستە تورکیا لە نزیکەوە لەگەڵ تاڵیباندا کار بکات.

لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ “ئەرسان ئەرگور” جێگری بەڕێوەبەری ASSAM گوتی، ئاشتی و ئارامی دوای کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ بۆ ئەفغانستان دەگەرێتەوە. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە تاکە مەرجی پێویست بۆ ئەوەش بە دڵنیاییەوە بەردەوامی بوونی سوپای تورکیایە لە ئەفغانستان. تورکیا دەتوانێت بە هێنانی ئەفغانستان و وڵاتانی تر سەرۆکایەتی “پەیمانی ئیسلامی هەرێمی” بە ناوی “فیدراسیۆنی ئیسلامی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی نزیک”دا بکات.

هەرچەنده بوونی سوپای تورکیا بە فەرمی لە ئەفغانستان نەهاتە دی، بەڵام پێدەچێت ڕاهێنان و دروستکردنی هێزە نوێیەکانی تاڵیبان وەک “بەدری ٣١٣” و “لەشکری ئەنساری” و .. کە لەم دواییەدا لە ئەفغانستان دامەزراون و بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەکار دەهێنرێن، لە ئەنجامی ڕاهێنان یان بوونی ڕاوێژکارانی سادات لە ئەفغانستان بوو بێت. بە لەبەرچاوگرتنی رابردووی سادات لە سوریا و لیبیا لە دابینکردن و پڕچەککردنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، ئەم کارە لە ئەفغانستان لەبەر نەبوونی هێزێکی فەرمی لەو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان، کارێکی ئاسانە. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئویغورانەی کە لە عەفرین جێگیرن، کە تورکیا ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە گواستنەوەیاندا، ئامرازێکی ڕاهێنانی باشن لە دۆخی ئێستای ئەفغانستاندا.

کەمێک دەربارەی ASSAM

ASSAM ئەنجومەنی یەکگرتوویی ئیسلامی ڕێکدەخات کە کۆمەڵێک گردبوونەوەیە و لە ساڵی ٢٠١٧ دەستی پێکردووە و تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت. لوتکەی پێنجەم لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت و تیشک دەخاتە سەر بنەما و شێوازەکانی سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە بۆ یەکگرتووی ئیسلامی ٢٠٢١دا. لە میانەی لوتکەی ساڵانەی یەکگرتوویی ئیسلامی کە لە لایەن ASSAM لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ ساز کرا، عەدنان تانریوێردی پێکهاتەی بەرگری لە یەکێتی دەوڵەتە ئیسلامییەکان “ئاسریکا” (ئاسیا و ئەفریقا) خستە ڕوو. بەپێی ئەم پێشکەشکردنە ئامانجی سەرەکی ئاسریکا کە ٦١ وڵات لەخۆدەگرێت، جیهانی ئیسلام دەبێت ئەم جارە بە مەرکەزییەتی “ئیستەنبوڵ” جارێکی تر وەک هێزێکی باڵادەست بناسرێتەوە. جێی ئاماژەیە سادات و ASSAM لەبەر هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەکانی دژی یەهودیەکان لە تورکیا و دەرەوە ناسراون.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *