دەسکەوتەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووسیا

هه‌ینی 21 كانونی دووه‌م 2022 - 20:46
https://kurdish.iswnews.com/?p=6104

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە شرۆڤەی دەسکەوتەکانی سەردانە دوو ڕۆژەکەی بۆ ڕووسیا وتی کە وتووێژ و دانوستانەکانی ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ئامانجە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتە پەیوەندی و هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بووە.

ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بە ئاماژە بەوەی کە لەم سەردانەدا لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا ڕێکەوتن کرا، وتی: بێگومان پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتی ڕووسیا یارمەتیدەری ئاسایش و ئاسوودەیی گەلانی هەر دوو لا دەبێت.

ناوبراو وتی: بوونی پەیوەندییەکی بەهێز و نزیک لە نێوان تاران و مۆسکۆ بە دڵنیاییەوە بۆ ناوچەکە و جیهان کاریگەریی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری دەبێت.

ڕەئیسی ڕایگەیاند کە لەم سەردانەدا سەبارەت بە پەیوەندی دارایی و بانکی وتووێژ کراوە و وتی: دوو وڵات دەتوانن لە پێناو شکستی دۆلار بە سەر بازاڕە دارایی و بانکەکانەوە هەنگاو بنێن و ئاڵوگۆڕەکانیان بە دراوی نیشتمانیی خۆیان بکەن.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە وەزیری نەوت ڕێکەوتنی زۆر باشی لە گەڵ بەرپرسانی وزەی ڕووسیا لە بواری پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان هەبووە.

ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لە بواری بازرگانیش ڕێکەوتن لە سەر چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان کراوە، لە ئێستادا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا قبووڵکراو نییە، هەر بۆیە هەر دوو وڵات ڕێکەوتوون کە لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو ڕێژەیە بۆ 10 ملیار دۆلار لە ساڵدا بەرز بکەنەوە.

ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی ترانزێت و گواستنەوە خاوەن تایبەتمەندییەکی زۆرە و لەم سەردانەدا لە سەر چالاککردنەوەی ڕێڕەوی باکور – باشور ڕێکەوتن کرا، ئەم ڕێڕەوەش ڕێگا و کاتی ترانزێتی کاڵا لە ڕووسیا و وڵاتانی باکوری ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی باشور کورتتر دەکاتەوە.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها وتی کە لەم سەردانەدا وتووێژی زۆر باش سەبارەت بە پەرەپێدانی هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری بەرگری و ئاسمانی کراوە و بڕیار دراوە کە وەزارەتی دەرەوە و وەزیری نەوت وەک سەرۆکی لایەنی ئێرانیی لێژنەی هاوبەشی ئابوری بەدواداچوونی پێویست بۆ ڕێکەوتنە تایبەتەکانی ئەم سەردانە بکەن.

ڕەئیسی وتی: سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، یەکەم خاڵی وتووێژەکان، هەڵوێست و ئەو لێک تێگەیشتنە هاوبەشە بوو کە لە سەر گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی دەرەوە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە، ئەم لێک تێگەیشتنە هاوبەشەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ.

وتیشی کە بێگومان هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا دەتوانێت یارمەتیدەری چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە و جیهان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و ئاشتی و دادپەروەری بێت، بۆ نموونە، ئەو هاوکارییە هاوبەشەی کە لە نێوان ئێران و ڕووسیا لە شەڕی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستان لە سوریا هەبووە، دەتوانێت لە ناوچەکانی دیکەی جێی ڕێکەوتنی هەر دوو لا، دووبارە ببێتەوە.

ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: هیوادارین ناوەڕۆکی کۆبوونەوە سێ کاتژمێرییەکە لە گەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە زووترین کاتدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەم سەردانە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی دۆست و دراوسێ و کۆی گشتی ئەم پەیوەندییانەش بگاتە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان لە هەر دوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژانی 19 و 20 ی کانوونی دووەمی 2022 بە سەردانێک لە سەر بانگهێشتی فەرمیی ڤلادیمیر پوتین لە ڕووسیا بوو و لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەش وتارێکی پێشکەش کرد، هەروەها لە گەڵ ئێرانییەکانی نیشتەجێی ڕووسیا و چالاکوانانی ئابوری ئەو وڵاتەش کۆبووە.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *